وەزارەتی کارەبا، بڵاوی كردەوە: “خۆشحاڵین بەڕاگەیاندنی داتای پسوولەکانی مانگی حەوت لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی.زۆرینەی هاووڵاتیان ماوەی خوولی پسوولەکەیان نزیکەی 33 ڕۆژە و نیوەی زیاتری هاووڵاتیان 29 هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە.”

ئاماژە بەوەش دراوە: “لەم خوولەدا، کێشەی پسوولەی سفر بۆ ئەو هاوبەشانەی ئەو کێشەییەیان هەبوو چارەسەرکراوە وەک بەشێک لە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێکخستنی پڕۆسەی پسوولەکردن بۆ هەموو هاوبەشانی کارەبا.”

ئاشكراشی كردووە، نیوەی ماڵان لە پڕۆژەی ڕووناکی کەمتر لەم بڕانەی خوارەوەیان بەکارهێناوە و بۆیان گەڕاوەتەوە لە مانگی حەوت:

کەمتریان بۆ گەڕاوەتە لە (دینار)

کوردستان: 29,000

هەولێر: 31,000

سلێمانی: 27,000

دهۆک: 29,000

هەڵەبجە: 26,000

کەمتریان بەکارهێناوە لە (کیلۆوات کاتژمێر)

کوردستان: 406

هەولێر: 425

سلێمانی: 387

دهۆک: 408

هەڵەبجە: 363

ئاماژەی بەوەش داوە، پێشووتر حکوومەتی هەرێمی کوردستان داشکاندنێکی ناوازەی یەکجارەیی بەڕێژەی تاوەکو 50٪ لەسەر قەرزی کۆنی پێش ڕووناکی دەستەبەرکرد وەک پاڵپشتی و ئاسانکارییەک بۆ هاوبەشان تاوەکو بتوانن بەیەکجاری قەرزی کۆنی پێش ڕووناکی بدەنەوە، ئەم داشکاندنە لە ڕێکەوتی 10ی مانگی 9ی ساڵی 2026 کۆتایی دێت.

راشیگەیاندووە، تاوەکوو ئەمڕۆ، زیاتر لە 90٪ی هاووڵاتیانی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە لەڕێگای پڕۆژەی ڕووناکی.

بەپێی نرخە نوێیەکان ٪80ی هاووڵاتیان، بەتایبەتی کەمدەرامەتان، بەردەوام پارەیەکی کەمتر دەدەن لە جاران بە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر دەیاندا بۆ کارەبای مۆلیدە و کارەبای نیشتمانی.

مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند، دواتر ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ لەسەر نرخە نوێیەکانی کارەبا بڕیاریدا لەچوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارەبای کاتژمێری بۆ هەموو ماڵ شوێنە بازرگانییەکانی کوردستان دابین دەکات تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026.