خەبات: بەرهەم شێخ عزەدین:- پێشانگەی فۆتۆگرافیی «کامێرا چاوی مێژووە» لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی پارێزگاری سلێمانی و سەرۆکی کۆمەڵەی وێنەگرانی کوردستان/ لقی سلێمانی و، ژمارەیەکی بەرچاو لە میوانان و فۆتۆگرافەران لە هۆڵی ئەمنە سورەکە کرایەوە.
سەرۆکی کۆمەڵەی وێنەگرانی کوردستان/ لقی سلێمانی گوتی: ئەم چالاکییە هاوکاتە لەگەڵ ۱۸۷ەمین ساڵیادی داھێنانی فۆتۆگرافی لە جیهاندا، ئامانج لێی ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبارە بۆ بەگەڕخستنی توانای گەنجان و بەرەوپێشبردنی ژێرخانی هونەریی فۆتۆگرافەران.
کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ڕۆژانە لە کاتژمێر ۱۰ی سەر لەبەیانی تا 5ی ئێوارە دەرگەی بەڕووی سەردانیکەراندا ئاوەڵایە. هەروەها گوتیشی: ڕۆژانە لە کاتژمێر 5 تا 7ی ئێوارە سیمیناری زانستیی تایبەت بە هونەری فۆتۆگرافی پێشکەش دەکرێت. لیژنەی ڕێکخستنی فیستیڤاڵەکە ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەرکی سەرەکییان بریتییە لە چەسپاندنی پەیامی هونەریی هاوئاهەنگ و گەیاندنی بە کۆمەڵگە، هاوكات دەستخۆشییان لە تەواوی ئامادەبووان و بەشداربووان کرد.