
لە زانکۆ و کۆلێژ و پەیمانگاكانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا، وادەی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن و ساڵنامەی خوێندن ئاشكرا دەكرێت و جەخت دەكرێتەوە كە ساڵی نوێی خوێندن لە 2026/9/1 دەست پێدەکات و لە 2027/6/30 کۆتایی دێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە نووسراوێكی فەرمیدا كە بۆ سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکوومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستانی ناردووە ساڵنامەی خوێندنی بۆ ساڵی ئەکادیمیی (2026-2027) دیاری کردووە.
بەپێی نووسراوەکە، ساڵی نوێی خوێندن لە 2026/9/1 دەست پێدەکات و لە 2027/6/30 کۆتایی دێت.
ئاماژە بەوەش دراو ە، لە زانکۆ و کۆلێژ و پەیمانگایەک کە سیستەمی خوێندنی ساڵانە یان وەرزی پەیڕەو دەکەن، بۆ سیستەمی خوێندنی ساڵانە ماوەی خوێندن لە (30) هەفتە کەمتر نەبێت و بۆ سیستەمی خوێندنی وەرزی پێویستە بۆ هەر وەرزێک ماوەی خوێندن لە (15) هەفتە کەمتر نەبێت.
ئەوەشی خستووەتە ڕوو، ئەم ماوەیەی دیاری كراوە ڕۆژانی تاقیکردنەوە و پشووەکان ناگرێتەوە.
باسی ئەوەش كراوە كە لە هەر زانکۆ و کۆلێژ و پەیمانگایەک کە سیستەمی بۆلۆنیا پەیڕەو دەکەن پێویستە هەر وەرزێکی خوێندن لە (20) هەفتە کەمتر نەبێت، کەلایەیەنی کەم (14) هەفتە لە هەر وەرزێک بۆ پرۆسەی خوێندن تەرخان دەکرێت، هەفتەکانی تر بۆ خۆ تۆمارکردن و تاقیکردنەوەکان دەبێت.
جەختیش كراوەتەوە كە لە هەر زانکۆ و کۆلێژ و پەیمانگایەک کە سیستەمی خوێندنی سێ وەرزی پەیڕەو دەکەن پێویستە ماوەی هەر وەرزێکی خوێندن لە (13) هەفتە کەمتر نەبێت کە لایەنی کەم (10) هەفتە بۆ پرۆسەی خوێندن تەرخان بکرێت، هەفتەکانی تر بۆ خۆ تۆمارکردن و تاقیکردنەوەکان دەبێت.
