بەرپرسێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، بۆ چارەسەری کێشەی بەنزین و سووتەمەنی دوو پێشنیازیان داوەتە بەغدا.
27ـی ئابی 2026، د. غەزال هۆستانی، بەڕێوەبەری گشتیی گرێبەستەکان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “لە کۆبونەوەمان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ دوو پێشنیازمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین داوەتە بەغدا.”
سەبارەت بەو دوو پێشنیازە گوتی: “یەکەم پیشنیازمان کردووە، ئەگەر بە خێرایی نرخی یەک لیتر بەنزین بکەینە 450 دینار، ئەو 50 هەزار بەرمیلە لە ژێر دەستمانە دەبێت تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی بدەن کە یەک بەرمیل 16 دۆلار تێچووەکەیەتی، ئەوکات دەتوانین بەیانی یەک لیتر بەنزین بکەینە 450 دینار، دووەم، ئەو بەنزینەی ئێمە رۆژانە پێویستمانە بڕی 6 تا 7 ملیۆن لیترە، کە دەکاتە 140 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، ئەوەش بەگوێرەی دەستوور و یاسا دانیشتوانی هەرێمی کوردستان 14%ی کۆی دانیشتوانی عێراقە، مافی خۆمانە.”
گوتیشی: “بۆ ئەوەی بتوانین ئەو کێشەیە بە شێوەیەکی ریشەیی و درێژخایەن چارەسەر بکەین، دەبێت دادپەروەری بەرقەرار بێت، دادپەروەرییەکەش ئەوەیە حکوومەتی عێراق بودجەیەکی بۆ پاڵپشتیکردن هەیە، دەبێت بە ئێمەشی بدات.”
بەڕێوەبەری گشتیی گرێبەستەکان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەشڵێت: “ئەو پێشنیازانەمان کردووەتە نووسراو داومانە بە لیژنەی لاوەکی پشتیوان بەخوا ئەنجامەکەی خێر دەبێت.”