
ئەمڕۆ لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ڕووداو، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند کە دۆخی ئەمنیی وڵات بەرەو سەقامگیریی بەرچاو چووە و لە ٣٠ی ئەیلوولدا ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کۆتایی پێدێت؛ هەروەها مانەوەی ئەو ژمارە کەمەی هێزەکانی هاوپەیمانانیش لە هەولێر بەپێی خشتەیەکی زەمەنیی دیاریکراو و ڕێککەوتووە، بۆیە دوای ئەو وادەیە هیچ پاساوێک بۆ هەڵگرتنی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نامێنێت و یاسا بەسەر سەرپێچیکاراندا جێبەجێ دەکرێت. سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی جەختی کردەوە کە هەرێم بەشێکی جێنەکراوەیە لە خاکی عێراق و پاراستنی ئاسایشەکەی ئەرکێکی سەروەریی حکومەتی فیدراڵییە؛ بۆیە بەپێی ڕێنماییەکانی سەرۆکوەزیران، پلانی جێبەجێکردنی گرێبەستەکانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە شەش ساڵەوە کەمکراوەتەوە بۆ سێ ساڵ تاوەکو بە تەواوی ئاسمانی عێراق، هەرێمی کوردستان و کێڵگە نەوتییەکان بپارێزێت، هاوکات لە بەستنی گرێبەستە سەربازییەکاندا هەرێم پشکی دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی ئامادەیی هێزەکانی پێشمەرگە. نوعمان ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لیژنەیەکی ئەمنیی تایبەت بە نهێنی و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم لەسەر دۆسیەی هێرشکردنە سەر نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کار دەکات تاوەکو ئەنجامدهەرانی ئاشکرا بپۆشرێن و ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی بگیرێت، ئاماژەشی بەوە کرد کە عێراق پەیوەندییەکی مێژوویی بەهێزی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەت سعودیە هەیە و تا ئیستاش هیچ بەڵگەیەک پێشکەش نەکراوە کە لە خاکی عێراقەوە هێرش کرابێتە سەر وڵاتانی هاوسێ.