چوارشەممە، دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق، سکاڵایەکی تەیف سامی، وەزیری پێشووی دارایی عێراقی ڕەت کردەوە.
بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی بڵاو کراوەتەوە، سکاڵاکە کە هەڵگری ژمارە (١٢٧/اتحادية/٢٠٢٦)ە، لەلایەن تەیف سامی، وەزیری پێشووی دارایی فیدڕاڵی و هەریەک لە بەڕێوەبەرانی گشتیی بانکی ڕافیدەین، بانکی ڕەشید و کۆمپانیای دڵنیایی نیشتمانییەوە تۆمار کرابوو، بەهۆى نەبوونی تایبەتمەندیی دادوەرییەوە ڕەت کرایەوە.
سکاڵاکاران تانەیان لە نادەستووریبوونی بڕیاری ژمارە (٣٣٢٦)ی ڕێکەوتی ٢٤ی ١١ی ١٩٩٢ی دەرچوو لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان/ فەرمانگەی یاسایی دەدا. ئەم بڕیارە تایبەتە بە “تۆمارکردنی سەرجەم خانوو، شوقەکان و باڵەخانەی دامودەزگا فەرمییەکان و دامەزراوە حکومییەکان لە هەرێمی کوردستان بە ناوی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێم.
لە سکاڵاکەدا بە مەبەستی دژایەتیکردنی هەرێم، داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەی ساڵی ١٩٩٢ و سڕینەوەی سەرجەم دەرئەنجامە یاساییەکانیان دەکرد، تاوەکوو خاوەندارێتیی ئەو موڵکانە بگەڕێنرێتەوە بۆ سەر حکومەتی فیدڕاڵی.
دوای پێداچوونەوە بە کەیسەکەدا، دادگای باڵای فیدڕاڵی لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا بڕیاری دا سەرجەم ئەو سکاڵایانە ڕەت بکاتەوە. لە بڕیارەکەی دادگادا هاتووە کە سکاڵاکە ڕەت کراوەتەوە “بەهۆی نەبوونی تایبەتمەندیی دادوەری”.
بەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی، خاوەندارێتیی ئەو موڵک و باڵەخانانە وەک خۆی بە ناوی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەمێنێتەوە و ئەو هەوڵەی تەیف سامی بە شکستێکی گەورە کۆتایی هات.