وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی لەبارەی هێرشەكانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ سەر نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە پیرمام بڵاو کردەوە:
لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە هاتووە: “بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە درۆنیە دەکەین کە بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، 17ی ئابی 2026، لە سنووری ئێرانەوە کرایە سەر نووسینگەی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە پیرمام.”
ئاماژە بەوەش کراوە: “ئەم دەستدرێژییە ناڕەوایە پێشێلکاریەکی ئاشکرای سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقە، هەروەها بەئامانجگرتنی پێگە دەستوری و یاساییەکان و پێشێلکردنی سەروەرییە.”
روونیش کراوەتەوە: “هەرێمی کوردستان هەمیشە بەشێک بووە لەچارەسەر و هەوڵیداوە هەمو گرفتەکان لەرێگای گفتوگۆوە یەکلایی بکرێنەوە.”
وەزارەتی پێشمەرگە راشی گەیاندووە: “ئەم دەستدرێژیە بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری کوردستان و ناوچەکە مەترسیدارە.”
هەروەها جەختیشی کردووەتەوە: “پێویستە هەمولایەک رێز لەسەروەری عێراق و سەقامگیری و ئارامی هەرێمی کوردستان بگرن. داوا لە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەکەین هەڵوێستی جدییان هەبێت بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشە ناڕەوایانە و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان.”