سهرهتا وتار بارزانیبوون… ناسنامەی نیشتیمانپەروەری و مێژووسازی
رەشید مەلاعەلی کۆلەکی
بارزان؛ ناوەندی سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی فرەڕەهەند و فرەلایەن، بارزان یەکێکە لەو شوێن و ناوەندانەی کە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمەوە بزووتنەوەیەکی مرۆڤایەتیی تێدا سەریهەڵداوە. بە پێداچوونەوەیەکی ورد لە هۆکارەکان، ڕەهەند، ئامانج، داواکاری و تایبەتمەندییەکانی بەردەوامی و مانەوەی، ئەو ڕاستییە دەردەکەوێت کە ئەوەی لە بارزان سەریهەڵداوە بە تەواوی مانا بزاڤێکی مرۆڤایەتی، ئایینی، ڕزگاریخوازیی نەتەوایەتی و نیشتیمانیی گشتییە.
بە پێچەوانەی ئەوەی لە زۆرێک لە ئەدەبیاتی سیاسیی کوردی و تەنانەت لە ئەدەبیاتی پارتی دیموکراتی کوردستانیشدا زۆرجار بە شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی بارزان ناو دەبرێت، لە ڕاستیدا بە هیچ شێوەیەک ناچێتە خانەی شۆڕش یان ڕاپەڕینی ڕووتەوە، بەڵکو بزاڤێکی مرۆڤایەتی، ئایینی و کۆمەڵایەتیی فرەڕەهەندە.
لەم بزاڤەدا نەتەوایەتی، نیشتمانپەروەری، ئازادی و ڕزگاریی نەتەوەیی و سیاسیی لایەنێکی چەسپاو و نەگۆڕە. سەربەخۆیی سیاسیی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتیمانی، ئامانجێکی گەورە و لەپێشینەی سەرجەم ڕابەر و سەرکردەکانی بزووتنەوەی بارزان بووە و قوربانی و فیداکارییەکی زۆریشی لە پێناودا دراوە.
لە ڕاستیدا بەکارهێنانی وشە و چەمکی شۆڕش بۆ بزووتنەوەی بارزان، بچووککردنەوە و قەتیسکردنی بزاڤێکی گەورەیە لە چوارچێوەی بەرتەسکی شۆڕش و ڕاپەڕینێکدا، چونکە شۆڕش زیاتر مانا و ڕوخسارێکی ناوچەیی و سنوورێکی بەرتەسکی جوگرافی دەگەیەنێت، بەڵام بزووتنەوە ئامانجێکی گەورەی نەتەوەیی و نیشتیمانیی هەیە ( وەک ئەوەی لە بزووتنەوەی بارزاندا جێگیر کرا کە ئامانجی کۆتایی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردییە لە چوارچێوەی کوردستاندا). وەک چۆن شێخ عەبدولسەلامی بارزانی داوای یارمەتی و هاوکاری لە ڕۆژهەڵاتناسی بەریتانی( ڤیگرام) دەکات بۆ ئەوەی ئاسانکاریی بۆ بکات بچێتە لەندەن؛ کاتێک هۆکارەکەی لێ دەپرسێت، لە وەڵامدا شێخ عەبدولسەلام بارزانی دەڵێت: دێتە لەندەن بۆ ئەوەی لەگەڵ مەلیک جۆرج باسی دەوڵەتی کوردی و سەربەخۆیی کوردستان بکات.
شێخانی بارزان بە لێهاتووییەکی زۆرەوە توانییان هەموو جیاوازییەکان لەژێر یەک چەتردا کۆ بکەنەوە بەبێ کێشە و ناکۆکی. فرەیی مەزهەبی، ئایینی و نەتەوەیی لە بارزان، پەسەندکردن و ڕەفتارکردن بوو لەگەڵ فەرهەنگ و کولتوورە جیاجیاکاندا.
هەموو ئەم پێشکەوتن، بەردەوامی و بەزیندووییمانەوەی بزووتنەوەی بارزان، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و بە ئاسانی بەدەست نەهاتووە، بەڵکو دەرئەنجام و بەرهەمی گۆڕانکاری و شۆڕشێکی ڕیشەیی و بنەڕەتیی فەرهەنگی و کولتووری بوو کە بوێرانە لەلایەن ڕابەر، شێخ و سەرکردە گەورەکانی بارزانەوە ئەنجام درا.
هەنگاوی یەکەمی دانانی بەردی بناغەی ئەم بزووتنەوەیە بریتی بوو لە چاکسازیی کۆمەڵایەتی لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی، چینایەتی، ئابووری، ئایینی، مەزهەبی و سیاسیی؛ بەڵام نە بە مانای نەهێشتن و سڕینەوەی بیر، هزر و کولتوورە جیاوازەکان، بەڵکو کۆکردنەوەیان لەژێر سەقفێکی بەرزتر و فراوانتر لە دیدی ناوچەیی و هۆزگەرایی.
کولتوور و فەرهەنگسازی لە بارزان
فەرهەنگسازی لە بارزان مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و لە هەر قۆناغ و سەردەمێکدا بەگوێرەی توانا و بارودۆخی ناوچەکە هەوڵی بۆ دراوە. هەرچەندە کۆسپ و تەگەرەی گەورە کەوتووەتە سەر ڕێی و ناوچەکە بەرەوڕووی پەلاماری لەناوبردن و سیاسەتی وێرانە خاک بووەتەوە، بەڵام هەوڵی فەرهەنگسازی لەلایەن ڕابەرانی بارزانەوە بەردەوام بووە و توانیویەتی مانەوە و زیندوویەتیی خۆی بپارێزێت.
شێخ محەمەد و شێخ عەبدولسەلامی دووەم هەوڵێکی تەواویان لەم پێناوەدا دا و گیانی خۆشیان لەسەر دانا. کاتێک لە ڕێی ڕابەرانی بارزانەوە نەتەوایەتی، نیشتیمانپەروەری و ڕەتکردنەوەی زوڵمی چینایەتی و ئایینی دەبێتە کولتووری دانیشتووانی ناوچەکە و دواتر پەل دەهاوێت بۆ سەرانسەری کوردستان، ئەوا ئیرادەی بەرگریکردن و فیداکاری لە ڕێی نیشتیماندا دەبێتە چەکی لەبننەهاتووی خەڵک.
بەکولتووربوونی پاراستنی نیشتیمان بووە هۆی ئەوەی شێخ عەبدولسەلامی بارزانی لەژێر پەتی سێدارەدا بە داگیرکەران بڵێت: «کوشتنی من هیچ سوودێکی بۆ حکوومەتی عوسمانی نییە، قوڕبەسەر حکوومەت! دەبێ حکوومەت ئەوە بزانێ پاش مردنی من بارزان نامرێ و لەناو ناچێ.
کاتێک بارزانیی نەمر دەفەرموێت: «کوردستان یەک پارچەیە و ئەو سنوورانە دەستکردن»، لەو بەکولتووربوون و بوونی ئەو ئیرادەیەوە سەرچاوەی گرتووە. ئیرادە پۆڵایینەکەی سەرۆک بارزانیش لە هەمان خۆشەویستیی گەل و وڵات لە بارزانەوە سەرچاوە دەگرێت، کاتێک لە پرسی ڕیفراندۆمدا وەک مافێکی شەرعی بەرگریی لە خەڵکی کوردستان کرد و گوتی: «ئامادەین سەریشی لەسەر دابنێین.»
خەڵکی بارزان بە ڕژدییەوە کاریان لەسەر ڕەتکردنەوەی هەژموونی فەرهەنگیی بێگانە کردووە و هەرگیز نەچوونەتە ژێرباری کولتووری هاوردەکراو کە بەناوی ئایینەوە بەسەر گەلاندا سەپێنرابێت.
نەتەوە، هزری نەتەوەیی و نەتەوەسازی لە بارزان
نەتەوە: ئەو کۆمەڵە مرۆڤەی خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندیی جیاوازن لەگەڵ نەتەوەکانی تردا.
دەوڵەت: ئەو سنوورە سیاسییەی لە جوگرافیایەکی سروشتیدا کۆمەڵگەیەکی خاوەن تایبەتمەندی لەئامێز دەگرێت.
بێ مرۆڤ دەوڵەت دروست نابێت و بێ خاک نەتەوە پێک نایەت. بۆیە دەوڵەت و نەتەوە بوون و نەبوونیان لە ڕووی سیاسییەوە بەیەکەوە بەستراوەتەوە.
سەرکردە و شێخەکانی بارزان ڕۆڵێکی گەورەیان بینی لە پەروەردەکردنی مرۆڤی بارزاندا؛ بە جۆرێک کە توانییان گۆڕانکارییەکی گەورەی هزری و سایکۆلۆژی لە کەسایەتیی تەکیەنشیندا بکەن و بیگۆڕن بۆ کاراکتەرێکی زیندووی شۆڕشگێڕ و نیشتیمانپەروەر. لە بارزان خەباتێک کراوە بۆ دۆزینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی بەبێ ڕەگەزپەرستی و توندوتیژی. تێگەیاندنی تاک بە بەها نەتەوەییەکان کارێکی لەپێشینە بووە بۆ ئەوەی تاک بە خاک و نیشتمانەکەیەوە ببەسترێتەوە.
میللەت؛ هەنگاونان بەرەو نەتەوەسازی
چەمکی میللەت لای فەڕەنسییەکان بریتییە لە «یەکبوون لەگەڵ دەوڵەت و سەروەریی سیاسیی»، واتە سەرهەڵدانی میللەت بە وەرگرتنی مافی هاووڵاتیبوون بەرجەستە دەبێت. لای ئەڵمانییەکانیش میللەت بە مانای کۆمەڵێک لە تاکەکان دێت کە دابونەریت، زمان، فەرهەنگ، خاک و دەوڵەتی هاوبەشیان هەیە.
میللەتی بارزان لە ئەنجامی هۆشیاریی شێخانی بارزان لە ڕێی لێک نزیککردنەوەی حەوت (٧) عەشیرەتی ناوچەکە پێکهات. هاتنەئارای میللەت وەک هەنگاو و قۆناغی یەکەمی نەتەوەسازی دەژمێردرێت کە ئامانجی گەورەی لەپشتەوە بوو.
لە زانستی کۆمەڵناسیدا دوو خوێندنەوە بۆ چەمکی میللەت دەکرێت:
خوێندنەوەی کۆمەڵناسی – مێژوویی: بایەخ بە ڕەهەندە فەرهەنگی، کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان دەدات( کولتوور، بیروباوەڕ، زمان و دابونەریت).
خوێندنەوەی سیاسیی: میللەت وەک یەکەیەکی سیاسیی دەبینێت کە لە ئەنجامی خەباتدا بۆ دەستەبەرکردنی ئارامی و سەربەخۆیی دەرەکی دروست بووە.
میللەتسازیی بارزان؛ هەنگاونان بەرەو دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی
دوای شەهیدکردنی شێخ عەبدولسەلام بارزانی لەلایەن عوسمانییەکانەوە، سوپای بەریتانیا عێراقی داگیر کرد. بارزانییەکان لە بارودۆخێکی سەختدا بوون و پێویستییان بە ئاوەدانکردنەوەی گوندە سووتاوەکانیان و بوژاندنەوەی سەرچاوە ئابوورییەکانیان هەبوو.
مێژووی پازدە ساڵەی دوای شەهیدکردنی شێخ عەبدولسەلام قۆناغێکی چارەنووسساز بوو. لەو ماوەیەدا، سەرباری گوشار و ستەمێکی زۆر، دەستیان کرد بە چەند گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە ستراتیژ و تاکتیکدا کە گرنگترینیان بریتی بوون لە:
یەکەم: بڵاوکردنەوە و بەکاربردنی وشەی( میللەت) بە شێوەیەکی فراوان بۆ دانیشتووانی بارزان، کە سەرلەبەری لە خەڵکی حەوت عەشیرەت پێکهاتبوون.
دووەم: ئەم گۆڕانکارییە دڵنیایییەکی زۆری بە بارزانییەکان بەخشیوە بۆ ئەوەی بەشێک بن لە قەوارەیەکی بەهێز کە لە بەرامبەر داگیرکەراندا بەرگرییان لێ بکات.
سێیەم: گۆڕینی هاوکێشەکە لە شەڕی گەرمەوە بۆ شەڕی بیروباوەڕ و پێشکەشکردنی مۆدێلێکی یەکسان بەبێ جیاوازیی چینایەتی و بە بەهێزکردنی هاوکاریی هەرەوەزی.
چوارەم: ئاوێتەکردنی هەرسێ چەمکی ئایین، تەریقەت و کوردایەتی لە جیهانبینیی مەشیخەتدا بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێ.
پێنجەم: پەروەردەکردنی تاک بە شێوازێک کە توانای تێگەیشتن و جێبەجێکردنی یاسا نوێیەکانی سەردەمی سایکس-پیکۆی هەبێت.
سەرچاوە: کتێبی بارزان؛ شۆڕش و ڕاپەڕینێکی ناوچەیی یان بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی نیشتیمانی؟ / رەشید مەلاعەلی کۆلەکی، ٢٠٢٦ز)