سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر چەند بڕیارێكی دەركرد دوای ئەوەی ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەك لە نێوان سەرۆكی شارەوانییەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بە سەرۆكایەتی شارەوانی بەڕێوەچوو.

یەكێك لە بڕیارەكان، هەڵسەنگاندن بۆ هەڵمەتەكانی چاككردنەوە و قیرتاوكردنی شەقام و كۆڵانە تێكچووەكان كرا، لەگەڵ نۆژەنكردنەوەی “كربستۆنە” شكاوەكان و ڕێكخستنەوەی “یوتێرنەكان”.

هەروەها دووپات لەسەر بەرزكردنەوەی ڕێژەی سەوزایی، پاراستنی دار و درەختەكان لە وەرزی گەرمادا كرایەوە و بڕیاریش لەبارەی گۆڕینی تابلۆی شوێنە بازرگانییەكان بۆ زمانی كوردی درا بە هەموو جۆرێك ڕێگری لە تابلۆ و نووسراوە نایاساییەكان و سڕینەوەی ناشرینكاریی سەر دیوارە گشتییەكان و قوتابخانەكان دەكرێت.

داوا لە بەڕێوەبەرایەتییەكان كرا كە چاودێریی بەردەوام بن بۆ بنەبڕكردنی سەرپێچی و زێدەڕۆییەكان و پاراستنی پاكوخاوێنیی بازاڕ و شەقامەكان.