ئەمڕۆ شەممە 15ی ئابی 2026، دەستەی بازرگانیی دەریایی بەریتانی رایگەیاند، کەشتییەکی بارهەڵگر لە کاتی تێپەڕبوونی لە گەرووی هورمز رووبەڕووی هێرش بووەتەوە و زیانی ماددی بەرکەوتووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دەستەکە، کەشتییەکە بە مووشەکێکی نەناسراو پێکراوە و هێرشەکەش راستەوخۆ بەر جەستە و پەیکەری کەشتییەکە کەوتووە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی زیانی ماددی، بەڵام هیچ یەکێک لە ئەندامانی تاقمی ناو کەشتییەکە زیانیان پێنەگەیشتووە و هەموویان بە سەلامەتی ماونەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ئاماژە بەوە دراوە کە هێرشەکە هیچ جۆرە دزەکردنی ماددەی مەترسیدار یان کاریگەرییەکی خراپی ژینگەیی لە ناوچەکەدا دروست نەکردووە، سەبارەت بە جۆری هێرشەکەش، راپۆرتەکان جیاوازن؛ بەشێکیان باس لەوە دەکەن هێرشەکە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)ەوە ئەنجامدراوە و بەشێکی تریشیان جەخت لە بەکارهێنانی مووشەک دەکەنەوە.