سهرهتا وتار حەوت ساڵی متمانە.. خوێندنەوەیەکی یاسایی لە ئەزموونی حکومڕانی
د. بەهمەن ئەحمەد
لە ژیانی دەستووریی هەر وڵاتێکدا، متمانەدان بە حکوومەت تەنیا بڕیارێکی سیاسی نییە، بەڵکوو دەستپێکی قۆناغێکە کە لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتیی دەستووری، یاسایی و بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی دابمەزرێت. لەم چوارچێوەیەدا، تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر متمانەدان بە بەڕێز سەرۆک وەزیران کاک مەسرور بارزانی لە کابینەی نۆیەم و درێژبوونەوەی ئەو ئەزموونە لە کابینەی دەیەم، بۆنەیەکە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ئاستی دامەزراوەکانی حکوومەت، ئابووری، یاساداری و پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی عێراق ڕووی داوه.
لە ڕوانگەی یاسایی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پشتیوانی دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥، لە چوارچێوەی سیستەمی فیدراڵیدا، دەسەڵات و بەرپرسیارێتیی دیاریکراوی هەیە.
بۆیە هەر هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکان، چاکسازیی کارگێڕی، پاراستنی ماڵی گشتی و بەهێزکردنی شەفافییەت، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بنیاتنانی دەوڵەتی یاسا و دامەزراندنی حکومڕانی باش دەبێت.
لە ماوەی ئەم حەوت ساڵەدا، هەرێمی کوردستان بە هەموو ئاڵۆزییە ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکانەوە، هەوڵی داوە ڕێنماییەکانی چاکسازیی دارایی و ئیداری جێبەجێ بکات، سیستەمی خزمەتگوزاریی گشتی پەرە پێبدات، و ژینگەیەکی گونجاوتر بۆ وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئابووری دابین بکات. ئەمانە هەنگاوگەلێکن کە لە فەلسەفەی حکومڕانیی نوێدا، پێوانەی سەرکەوتنی هەر حکوومەتێکن.
لە ڕوانگەی سیاسی، بەهێزبوونی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان تەنیا بەرژەوەندیی هەرێم نییە، بەڵکوو بەشێکە لە بەهێزکردنی جێگیریی سیاسیی عێراق بەگشتی. چونکە سیستەمی فیدراڵی، کاتێک سەرکەوتوو دەبێت کە هەموو پێکهاتە دەستوورییەکان لەسەر بنەمای هاوبەشی، ڕێزگرتن لە دەسەڵاتە دەستوورییەکان و گفتوگۆی یاسایی مامەڵە لەگەڵ یەکتر بکەن.
هەروەها، پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا لەم قۆناغەدا، هەرچەندە هەندێک جار ڕووبەڕووی جیاوازیی بۆچوون بووەتەوە، بەڵام بەردەوام هەوڵ دراوە چارەسەری کێشەکانی بودجە، نەوت، مووچە و دەسەڵاتە هاوبەشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و میکانیزمە دەستوورییەکان بدۆزرێتەوە. ئەمەش هاوسەنگیی فیدراڵی بەهێز دەکات و لە هەمان کاتدا بۆ داهاتووی یەکگرتووی عێراق گرنگییەکی تایبەتی هەیە.
لە بواری ئابووریشدا، هەر چەند دۆخی بازاڕی جیهانی، کێشە دارایییەکان و ئاڵۆزییە ناوچەییەکان کاریگەرییان هەبووە، بەڵام هەوڵدان بۆ چالاککردنی وەبەرهێنان، پشتگیریی کەرتی تایبەت، گەشەپێدانی ژێرخان و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، لە هەموو سیستەمە سیاسییە پێشکەوتووەکاندا بە پێوانەیەکی گرنگی سەرکەوتنی حکوومەت دادەنرێت.
لە ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیش، پاراستنی ئاسایش و جێگیری، پەرەپێدانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و بەردەوامبوونی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی باوەڕپێکراو لە بوارەکانی ئاسایش، ئابووری و مرۆڤایەتی، کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر وێنەی عێراق لە ناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا هەبووە.