خەبات: ساسان دەروێش:- هۆڵەندا لەدوای گوڵ، بە پەنیر بەناوبانگەو وەک میراتێکی گەورە سەیردەکرێت و گەشەی پێدەدەن لەسەجەم شاروشارۆچکەکاندا، شاری ئالکمار یەکێکە لە شارە مێژوویی و جوانەکانی باکووری هۆڵەندا، کە بە کەناڵەکان، بیناکانی کۆن و بازاڕی بەناوبانگی پەنیر ناسراوە. ئەم شارە مێژووێکی دەوڵەمەندی هەیە و هەموو ساڵێک هەزاران گەشتیار بۆ بینینی بازاڕی نەریتی پەنیر و شوێنە مێژووییەکانی سەردانی دەکەن. ئالکمار نموونەیەکە لە پاراستنی میراتی و مێژوویی هۆڵەندا و بە یەکێک لە گرنگترین مەبەستە گەشتیارییەکانی ئەو وڵاتە دادەنرێت. لە ئێستادا هەموو ڕۆژانی هەینی تاکو باران بارینی پایز دێت هەفتانە فیستیڤاڵی پەنیر بەڕێوەدەچێت و گەشتیاران تام و چێژی پەنیر و جۆرەکانی دەکەن.
بازاڕی پەنیر لە شاری ئالکمار، یەکێکە لە مێژوو و نەریتەکۆنەکانی هۆڵەندا و مێژووی زیاتر لە چوار سەددەی هەیە. لە سەددەی هەژدەهەمدا، هەفتانە چوار جار بازاڕی پەنیر بەڕێوەدەچوو، ئەگەر بڕی پەنیر زۆر بووایە، بازاڕەکە تا کاتژمێر یەکی شەو بەردەوام دەبوو. لە هەر ڕۆژی بازاڕدا بە ناوەند 300 تۆن پەنیر مامەڵەی پێوە دەکرا. لە ساڵی 1938 وە شاری ئالکمار تاکە شارە لە هۆڵەندا کە هێشتا فرۆشتنی پەنیر بە شێوازی نەریتی و مێژوویی بەڕێوە دەبات.