ئازاد جۆڵا
سەردانەکەی عەلی زەیدی و جیاوازیی ژمارەی ڕێککەوتنەکان لە نێوان واشنتۆن (٤٨ ڕێککەوتن) و تاران (٤ ڕێککەوتن)، هاوکات لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران، نیشانەی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە ستراتیژیی دەرەوە و هاوسەنگیی هێزی حکومەتی عێراق لە ناوچەکەدا.
ئەگەر لە لایەنی سیاسی و هاوسەنگیی ستراتیژییەوە سەیری ژمارەی ڕێککەوتنەکان (٤٨ بەرامبەر ٤) بکەین، پەیامێکی زۆر ڕوونە کە عێراق لە ژێر سەرکردایەتیی ئێستایدا هەوڵ دەدات پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی لەسەر بنەمای “بەرژەوەندیی باڵا”ی وڵات دابڕێژێت و واشنتۆن وەک هاوبەشێکی سەرەکیی ستراتیژی و ئابووری بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، لە بەرامبەریشدا ئێران دراوسێیەکی کاریگەرە و عێراق پێویستیی زۆری بە هاوکاریی ئەمنی و لۆژستیی ئێران هەیە.
لە ماوەی ڕابردوودا و بەتایبەت دوای ڕووداوەکانی شەڕی چل ڕۆژە و دواتریش، عێراق چەندین جار هەوڵی نێوەندگیریی داوە و ئامادەییی خۆی نیشان داوە؛ ئەمە جگە لەوەی لە چەندین بۆنە و لێدوانی فەرمیی لەسەر ئاستی باڵادا، حکومەتی عێراق بێلایەنیی خۆی و ڕاگرتنی هاوسەنگیی هێزی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ڕاگەیاندووە. بەڵام لێدوانەکەی عەباس عێراقچی (وەزیری دەرەوەی ئێران) کە ڕایگەیاند ئەوان “کێشەی نێوەندگیریان نییە و کێشەی ئاڵوگۆڕی پەیامیشیان نییە”، زۆر بە ڕوونی کۆتایی بەو خەیاڵە سیاسییە دەهێنێت کە گوایە بەغدا دەتوانێت پردی پەیوەندی یان نێوەندگیرێکی کاریگەر بێت لە نێوان تاران و واشنتۆندا. ئەمە جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەی کە تاران ڕێگە بە نێوەندگیری نادات یان پێویستی پێی نییە، و پەیوەندییەکانی خۆیان ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی دەوڵەتانی دیکەی کەنداو و وڵاتانی ترەوە بەڕێوە دەبەن.
بێگومان هەموو ئەو ڕێککەوتنانەی ئەنجام دراون، چی لەگەڵ واشنتۆن یاخود لەگەڵ تاراندا، چەندین ڕەهەندی جۆراوجۆریان هەیە.
ئەگەر لە ڕوانگەی ئابوورییەوە سەیری ڕێککەوتنەکان و بوارەکانیان بکەین، زۆر بە ڕوونی فراوانیی تەکنەلۆژیا بەرامبەر بە پرۆژەی ژێرخانی سنووردار بەدی دەکەین. بە جۆرێک ئابووریی واشنتۆن گشتگیر و پێشکەوتووترە لە هی ئێران؛ بۆیە واژۆکردنی ٤٨ ڕێککەوتن و یاداشت لەگەڵ کۆمپانیا زەبەلاحە ئەمریکییەکاندا، نیشانەی کرانەوەی کەرتەکانی وزە، تەکنەلۆژیا، دارایی و وەبەرهێنانە بۆ عێراق بە گشتی، چونکە ئەم ڕێککەوتنانە عێراق بەڕووی سیستەمی ئابووریی جیهانیدا دەکەنەوە و دەتوانێت لە داهاتوویەکی نزیکدا وەڵامدەری داخوازی و پێداویستییەکانی هاووڵاتیانی خۆی بێت. لە هەمان کاتدا یارمەتیدەرێکی باشە بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە تەنیا یەک سەرچاوە و فراوانکردن و هەمەجۆرکردنی داهاتی وڵات.
لە بەرامبەردا ئەگەر سەیر بکەین، ئەو ٤ ڕێککەوتنەی لەگەڵ ئێراندا واژۆ کراون، زیاتر تایبەتن بە گواستنەوەی زەمینی و گرێدانی هێڵی ئاسن (کرماشان-خوسرەوی-خانەقین-بەغدا)، هەروەها هاوکاریی شارەوانییەکان و ڕاهێنانی مرۆیی. ئەم ڕێککەوتنە بچووکانە دەریدەخەن کە پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ ئێراندا زیاتر لە چوارچێوەی لۆژستیک، گەشتوگوزاری ئایینی و ئاسانکاریی هاتوچۆدا قەتیس ماون، نەک وەبەرهێنانی گەورەی ستراتیژی لە پیشەسازی یان وزەدا، کە لە ئێستادا بەشێکی ژێرخانی ئابووریی ئێران بەهۆی سزاکانی سەر ئەو وڵاتەوە سنووردار بووە یان هەر پەکی کەوتووە.
لایەنێکی تری هەردوو سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ واشنتۆن و تاران، لایەنی دیپلۆماسی و گەیاندنی پەیام و وەرگرتنی سەرنجەکانە. تیمە دیپلۆماسییەکەی عەلی زەیدی بە ئامادەبوونی وەزیرەکانی (دەرەوە، کارەبا، دارایی و پلاندانان بە وەکالەت) لە مەراسیمەکەی تاراندا، نیشانەی جدیبوونی حکومەتی عێراقە لە جێبەجێکردنی ئەو یاداشتە سنووردارانە، بەتایبەت لە بوارەکانی کارەبا و دارایی کە هەردوو وڵات پێکەوە گرێدراون. هەروەها دۆخی ئێستای عێراق ئەوەمان پێ دەڵێت کە ئیتر سیاسەتی “هاوسەنگیی کوێرانە” پەیڕەو ناکات، بەڵکوو سیاسەتی “جیاکاریی بەرژەوەندییەکان” پەیڕەو دەکات. لەم چوارچێوەیەشدا لە ڕووی ئابووری و گەشەپێدانەوە زیاتر و زۆر بە ئاشکرا ڕووی لە ئەمریکایە، بەڵام لەم قۆناغەدا لە ڕووی ئەمنی و دراوسێیەتییەوە مامەڵەی پراگماتیکی لەگەڵ ئێراندا دەکات، بێ ئەوەی بکەوێتە ناو داو و تەڵەی ململانێ نێودەوڵەتییەکانیانەوە.
لێرەدا ڕەنگە ئەو پرسیارە بێتە گۆڕێ: ئایا هەڵوێستی هەریەک لە ئەمریکا و ئێران چی دەبێت بەرامبەر بە عێراق کە لە ماوەی تەنیا چەند ڕۆژێکدا لەگەڵ هەردوولادا ڕێککەوتنی ئەنجام داوە؟
لە ڕاستیدا ئەمریکا بە تەواوی ئاگاداری ئەم جۆرە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنە سنووردارانەی نێوان بەغدا و تارانە، لە ڕوانگەی واشنتۆنیشەوە ئەم هاوسەنگییە جۆرێکە لە واقیعێکی قبووڵکراو؛ چونکە لە بنەڕەتدا واشنتۆن دژی هەموو جۆرە پەیوەندییەکی عێراق لەگەڵ ئێراندا نییە، بەتایبەت ئەو ڕێککەوتنانەی کە پەیوەستن بە لۆژستیک، گەشتوگوزاری ئایینی (وەک سەردانی هاووڵاتیان) یان هێڵی گواستنەوەی سەرەتایی. ئەمریکا تێدەگات کە عێراق دراوسێیەکی ڕاستەوخۆی ئێرانە و ناتوانێت پەیوەندییە سنووری و ئایینییەکانی بە تەواوی ببڕێت. بۆیە کاردانەوەی سەرەکیی ئەمریکا کاتێک توند دەبێت کە جپەیوەندییە ئابوورییەکانی تاران و بەغدا بپەڕنەوە بۆ ناو کەرتی وزەی گەورە (وەک نەوت و گاز) بە شێوازێک کە ببێتە هۆی پێشێلکردنی سزاکانی سەر ئێران، یان بواری دارایی و سپیکردنەوەی پارە. ئەگەر ڕێککەوتنەکان لەگەڵ تاراندا سنووردار بمێننەوە و تەنیا لە چوارچێوەی ئەو (٤ ڕێککەوتنەدا) بن کە باس کران، واشنتۆن وەک کێشەیەکی گەورە سەریان لێ ناکات. بە کورتییەکەی، ئەمریکا بە هەڵوێستێکی چاودێریکەر و پراگماتیکی سەیری ئەم هاوسەنگییە دەکات، تا ئەو کاتەی پەیوەندییەکانی تاران و بەغدا نینۆکی سزاکانی واشنتۆن نەبڕن و هەژموونی ستراتیژیی ئەمریکا لە عێراقدا نەخەنە مەترسییەوە.
هەرچی سەبارەت بە هەڵوێست یان کاردانەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە بەرامبەر بەو ڕێککەوتنە ٤٨ خاڵییەی نێوان ئەمریکا و عێراق؛ ئێران زۆر بە هەستیاری و نیگەرانییەوە سەیری ئەو ڕێککەوتنە فراوانانە دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا ناچارە مامەڵەیەکی واقیعییانەی لەگەڵدا بکات. تاران بە شێوەیەکی گشتی نیگەرانە بەو ڕێککەوتنە گەورەیە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا، چونکە وای دەبینێت لە داهاتوودا ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی هێواش هێواش پێگە و کاریگەریی ئێران لە عێراقدا لاواز بکات.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێران ئامادەیە چاوپۆشی لەو کرانەوە گەورەیەی عێراق بەڕووی ئەمریکادا بکات، بە مەرجێک عێراق وەک “پەناگەیەکی ئابووری و دراوی” بمێنێتەوە کە یارمەتیی تاران بدات لە شکاندنی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان (وەک دابینکردنی دراوی بیانی و ئاسانکاریی بازرگانی). دواجار ڕوون و ئاشکرایە تاران بە دڵخۆشییەوە سەیری ئەم فراوانبوونە گەورەیەی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا ناکات، بەڵام لەبەر پێویستییە قووڵە ئابووری و ئەمنییەکانی خۆی، بە ناچاری و بە شێوازێکی پراگماتیکی ئەم واقیعە نوێیە قبووڵ دەکات، تا ئەو کاتەی بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی لە عێراقدا نەەکەونە مەترسییەوە.