حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاتێک ژمارەکان بە زمانی دەستکەوتەکانەوە دەدوێن

122

عیرفان داوودی
لە جیهانی سیاسەتدا، حکوومەتەکان بەزۆریی بەڵێنەکانیان ناپێورێن، بەڵکو بە قەبارەی ئەوەی لەسەر زەوی بەدی دەهێنن دەپێورێن. گەشەپێدانی ڕاستەقینە ئەو گەشەپێدانەیە کە هاووڵاتی لە ژیانی ڕۆژانەیدا —لە کارەبا، ئاو، پەروەردە و تەندروستییەوە تا دەگاتە هەلی کار و خزمەتگوزارییە گشتییەکان— بۆی دابین دەکرێت. لەم سۆنگەیەوە، هەرێمی کوردستان نموونەیەکی گەشەپێدان پێشکەش دەکات کە دوور لە وتار و دروشمبازییەوە، پشت بە پلاندانان، بەڕێوەبردن و وەبەرهێنان دەبەستێت.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەدیهێنانی وەرچەرخانێکی جۆری لە کەرتی وزەی کارەبادا لە ڕێگەی پڕۆژەی (ڕووناكی)یەوە سەرکەوتوو بوو، کە کارەبای ۲٤ كاتژمێری بۆ نزیکەی ٥.٥ ملیۆن هاووڵاتی دابین کردووە؛ ئەم هەنگاوەش بە دیارترین خزمەتگوزاری لە ناوچەکەدا دادەنرێت، دوای ئەوەی قەیرانی کارەبا بۆ ساڵانێکی درێژ هاووڵاتیانی نیگەران کردبوو.

لە چوارچێوەی گۆڕانکاریی دیجیتاڵی و بەهێزکردنی گرتنەوەی داراییدا، حکوومەت توانی زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتی لە پڕۆژەی بانکیی (هەژماری من)دا تۆمار بکات. ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئاڕاستەیەکی نوێیە بەرەو ئابوورییەکی تیواری و کاراتر، ئاسانکاریش بۆ هاووڵاتیان دەکات دەستیان بە خزمەتگوزارییە داراییەکان بگات.

لەسەر ئاستی ئابووریدا، حکوومەت زیاتر لە ۱٤۰ هەزار هەلی کاری لە کەرتە جیاوازەکاندا ڕەخساندووە؛ ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ سەرکەوتنی سیاسەتەکانی لە هاندانی وەبەرهێنان و چالاککردنی بازاڕی ناوخۆیی، هاوتەریب لەگەڵ کردنەوەی ۱,٣٤١ کارگە بۆ پشتیوانیکردنی بەرهەمی ناوخۆ و جێبەجێکردنی ٧٧٨ پڕۆژەی وەبەرهێنان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمدا.

لە بواری ژینگەییدا، حکوومەتی هەرێم پڕۆژەی پشتێنەی سەوزی هەولێری ڕاگەیاند، کە چاندنی ٧.٧ ملیۆن دار لە جۆرەکانی زەیتوون، فستق و پرتقاڵ لەخۆدەگرێت؛ ئەمەش ئەو دەستپێشخەرییەیە کە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی بیابانبوون، باشترکردنی ژینگە و بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراکە.

سەبارەت بە کەرتی ئاویش، حکوومەت ۱۲ پڕۆژەی بەپەلەی بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە جێبەجێ کردووە، لەگەڵ دروستکردنی ٩ بەنداو بۆ پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان. ئەمەش توانای هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمیی ئاو بەهێزتر دەکات.

لە کەرتی پەروەردەدا، ٣,٠٠٠ قوتابخانە دروست کراون و نۆژەن کراونەتەوە، هاوكات کەرتی تەندروستیش دروستکردنی ۱۱٨ نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستیی بەخۆوە بینیوە. ئەمەش ڕەنگدانەوەی گرنگیدانی ڕوونە بە بنیاتنانی مرۆڤ و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان.

هەروەها حکوومەت گرنگییەکی زۆری بە ژێرخانی بنەڕەتی داوە، لەوانە ٥,٩٤٠ کیلومەتر ڕێگاوبان و پرد قیرتاو کراون و پەرەیان پێ دراوە، هەروەها ٥,٤١٥ پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە کەرتی شارەوانییەکاندا تەواو کراون، کە بووەتە هۆی باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزاری لە شار و شارۆچکەکاندا.

بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراکیش، حکوومەت ٩ سایلۆی ستراتیژیی بۆ هەڵگرتنی دانەوێڵە دروست کردووە. هاوکات کەرتی گەشتوگوزار و شوێنەواریش جێبەجێکردنی ۱٦٤ پڕۆژەی بۆ پاڵپشتیکردنی ئەم کەرتە گرنگە و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات بەخۆوە بینیوە.

هاوتەریب لەگەڵ ئەمانەشدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەنگاوی جێگیرەوە بەرەو بەدیجیتاڵکردنی تەواوی خزمەتگوزارییە میرییەکان هەنگاو دەنێت؛ ئامانجیشی ئاسانکردنی ڕێکارەکان، کەمکردنەوەی ڕۆتین، بەهێزکردنی تیواری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە، بە شێوەیەک کە لەگەڵ نوێترین سیستمەکانی کارگێڕیی جیهاندا بگونجێت.

ئەم ئاماژانە تەنیا ژمارە نین لە ڕاپۆرتە فەرمییەکاندا، بەڵکو شایەتن لەسەر دیدگای میری، کە گەشەپێدانی بەردەوامی خستووەتە پێشینەی کارەکانییەوە، هەوڵیشی بۆ گۆڕینی تواناکان بۆ پڕۆژە داوە، پڕۆژەکانیشی کردووەتە ئەنجامی بەرجەستە کە هاووڵاتی هەستی پێ دەکات.

ئەزموون لە هەرێمی کوردستان سەلماندوویەتی، ویستی سیاسی، کاتێک لەگەڵ بەڕێوەبردنی دانایانە و پلاندانانی دروستدا دەبەسترێتەوە، دەتوانێت ڕاستییەکی جیاواز دروست بکات. حکوومەتەکانیش بە دەستکەوتەکانیان —نەک بە دروشمەکانیان— و بەو شوێنەوارە ئەرێنییەی لە ژیانی هاووڵاتیان و نەوەکانی داهاتوودا جێی دەهێڵن، نەمر دەبن.

وەرگێڕانی: ڕەمزی میرەکانی