سهرهتا وتار ڕێککەوتنی مەککە یان هاوپەیمانیەتیی (ناتۆ)ی سوننی
جەواد مستەفا ستوپەیی
لە ٧ی ئابی ٢٠٢٦دا لە شاری مەککەی پیرۆز، سەرۆکی هەر سێ وڵاتی عەرەبستانی سعودیە، تورکیا و پاکستان دوای ئەنجامدانی نوێژی نیوەڕۆ لە حەرەمی مەککە، ڕێککەوتنێکی هاوبەشی سێ قۆڵیی بەرگرییان ئیمزا کرد. ئەم ڕێککەوتنە لە شێواز و ناوەڕۆکدا هاوشێوەی هاوپەیمانیەتیی باکووری ئەتڵەسی( ناتۆ)یە؛ بەجۆرێک هەر هێرشێک بۆ سەر یەکێک لەم سێ وڵاتە، بە هێرش بۆ سەر هەرسێکیان هەژمار دەکرێت و دەبێت بە هاوبەشی بەرپەرچی بدرێتەوە.
لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ و لە سەرەتای جەنگی غەزەدا، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە « ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ دروست دەبێت». رەنگە ئەم ڕێککەوتنە سێقۆڵییەش سەرەتایەک بێت بۆ پێکهاتنی ئەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە نوێیە. هەر سێ وڵات کە دراوسێی ئێرانن، لە ڕووی سەربازییەوە وڵاتی بەهێزن و لەسەر مەزهەبی سوننەن، هەروەها ڕەنگە لە ئایندەدا وڵاتانی دیکەش بێنە ناو ئەم ڕێککەوتنەوە. ئەم هاوپەیمانیەتییە بەرەیەکی یەکگرتووی سوننی لە بەرامبەر « بەرەی شیعی» کە ئێران و گروپە هاوپەیمانەکانی( وەک شیعەکانی عێراق، حوسییەکانی یەمەن و حزبوڵڵای لوبنان) بەڕێوەی دەبەن، دروست دەکات. دوور نییە هاوشێوەی سەردەمی دەوڵەتی سەفەوی و عوسمانییەکان، لە زۆر شوێنەوە ڕووبەڕووی یەک ببنەوە و ئاگری شەڕ لە ناوچەکەدا خۆشتر بێت.
ئەم وڵاتانە نەک تەنیا لە هەژموونی ئێران، بەڵکو لە فراوانبوونی هەژموونی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیگەرانن. سەرەڕای ئەوەی پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا هەیە، بەڵام نایانەوێت ئیسرائیل بێتە دەسەڵاتداری ڕەهای ناوچەکە. لە کاتێکدا ئەم ڕێککەوتننامەیە بە ڕەزامەندیی ئەمریکا بەرەو پێش چووە، لە لایەکی دیکەشەوە ئەمریکا ئاسایشی ئیسرائیل بە بەشێک لە ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت.
ئەوەی تێبینی دەکرێت، ئەم گرژییانە بەردەوام دەبن. سەرەڕای ئەوەی هەر سێ وڵاتی ئێران، عومان و ئەمریکا ئاماژە بە نزیکبوونەوە لە ڕێککەوتن دەکەن، بەڵام پێناچێت ببێتە بنچینەیەکی کۆنکرێتی بۆ ئاشتییەکی سەرتاسەری؛ چونکە ئێران و بەتایبەتی سوپای پاسداران، دەستبەرداری ئەو ئامانجانە نابن کە ئەمریکا داوایان دەکات، ئەمریکاش بە بێ ڕووخانی ڕژێمی ئێران ناتوانێت ئامانجەکانی بەدەستبهێنێت.
ڕەنگە ئەمریکا بیەوێت ئەم سێ وڵاتە ( بەتایبەت تورکیا و پاکستان) بخزێنێتە ناو ئەم جەنگەوە تا وەک شەڕێکی وەکالەت بۆی بەرێوە ببەن. بەڵام ئەگەر هەژموونی ئێران و گروپەکانی هێرش ببنە سەر سعودیە و دامەزراوەکانی، لە هەمان کاتدا تورکیا و پاکستان هاوکاریی سعودیە نەکەن، ئەوا ئەم ڕێککەوتننامەیە دەبێتە تەنیا مەرەکەبی سەر کاغەز، ئەمەش ڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندیی ئیسرائیلدایە. چونکە ئامانجی ئیسرائیل ڕووخانی ڕژێمی ئێرانە و بەبێ هەژموونی ئەمریکا و بەش بەحاڵی خۆی، نایەوێت هیچ هێزێکی دیکەی هەرێمی باڵادەست بێت.
لێرەدا ئەم پرسیارە جدییە دروست دەبێت: ئایا ئەم هاوپەیمانییە بەرەنگاربوونەوەی ئێران و ئیسرائیلە، یان ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ نەمانی متمانەی وڵاتان بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا؟ مێژوو سەلماندوویەتی کە ئیمپراتۆریەتەکان لەو کاتەوە بەرەو داڕمان دەچن کە هاوپەیمانەکانیان متمانەیان پێیان نامێنێت.
لە ئەگەری کۆتاییهاتنی ئەم جەنگە و لاوازبوونی ئێران و بەرەی بەرەنگاربوونەوە، ئەم سێ وڵاتە نایانەوێت ئیسرائیل ئەو بۆشاییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پڕ بکانەوە، بۆیە هاوپەیمانیەتیی مەککە ڕۆڵی کاریگەری خۆی دەبینێت.
لە ڕووی سەربازی و ئابوورییەوە، ئەم سێ وڵاتە خاوەن توانایەکی بەرچاون:
سعودیە: خاوەنی هێزێکی ئاسمانی و سیستەمی بەرگریی زۆر پێشکەوتووە و هەشتەمین هێزی ئاسمانیی جیهانە.
تورکیا: پیشەسازییەکی سەربازیی زۆر پێشکەوتووی هەیە( بەتایبەت لە باری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) و ئەندامی فەرمیی ناتۆیە.
پاکستان: وڵاتێکی ئەتۆمییە و خاوەنی سەرچاوەیەکی زەبەلاحی هێزی مرۆییە.
کۆی دانیشتووانی ئەم سێ وڵاتە دەگاتە نزیکەی ٣٥٠ ملیۆن کەس و قەبارەی ئابووریی هاوبەشیان زیاتر لە ٣ تریلیۆن دۆلارە. ئەمەش پایەیەکی بەهێزە بۆ سەرهەڵدانی هێزێکی نوێی هەرێمی لە ناوچەکەدا.