د. عومەر ئەبوبەکر: کاتی گەستن نەشڵەژێن و بە خێرایی سەردانی بنکەی تەندرووستی بکەن

خەبات: چیادۆست ڕەسووڵ:- دەڤەری مەرگە کە لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە قەزای دوکانە و ناوەندەکەی شارەدێی بنگردە، بە هەرسێ زنجیرە چیای (ئاسۆس، قەرەسەرد و کۆسرەت) دەورە دراوە. ئەم ناوچەیە کە گوندەکانی (سەرسیان، قەرەتەپە، بەردەشان، سێوکان، مەرگه، چنارنە، لۆتەر، نۆڵچکە، کانی توو، کونەمار، هەنجیرە، کوێرە کانی، تەنگژە، بێموش و قامیشان) دەگرێتەوە، بە خاکی پڕ خێروبەرەکەت و گونجاو بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری ناسراوە. بەڵام زۆر جار مەترسیی گیاندارە زیانبەخشەکان چێژی ئەو بەرەکەتە لە هاووڵاتیان دەستێنێت.

ئەمساڵ بەهۆی زۆریی بارانبارین و بوونی ئاوێکی باش، گژوگیای خۆرسک و پەرێزی گەنم و باخەکان پووش و پاوانیان زۆر بووە. ئەمەش بووەتە هۆی دەرکەوتنی ژمارەیەکی زۆری مار و دووپشک لە کێڵگەکاندا و تۆمارکردنی چەندین حاڵەتی پێوەدان لە سنوورەکەدا.

بینیی مار لەناو کێڵگەکاندا
جوتیار سەدیق محەمەد، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی کانی تووە لە دەڤەری مەرگە، سەبارەت بەم مەترسییە بە ڕۆژنامەی (خەبات)ی ڕاگەیاند: ئەمساڵ چەندین جار تووشی حاڵەتی بینینی مار بووم؛ دووجار ڕەشماری بێ‌ژەهرم بینیوە و جارێکیش لە نزیک ڕەزی ترێیەکەماندا مارێکی ژەهراویم لە جۆری (قووڵەوەیباب / کوێرەقووڵە) بینی. خۆشبەختانە زیانم پێ‌نەگەیشت و ناچار نەبووم ڕەشمارەکە بکوژم، مارە ژەهراوییەکەش خۆی وون کرد و بە سەلامەتی ڕزگارمان بوو. ناوبراو داواشی لە هاووڵاتیان کرد کە هۆشیارییان لەسەر ڕەفتاری مارەکان هەبێت و ئاگاداری مۆڵگە سەرەکییەکانی مارە ژەهراوییەکان بن.

ڕێنماییە پزیشکییەکان بۆ فریاگوزاری سەرەتایی
سەبارەت بە هەمان بابەت، دکتۆر عومەر ئەبوبەکر شەریف (عومەر ئەبوبەکر کەلهوڕ)، لێپرسراوی بنکەی تەندروستیی گوندی مەرگە، بە ڕۆژنامەی (خەبات)ی ڕاگەیاند: تەنیا ئەمشەو بنکەکەمان فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ حاڵەتێکی پێوەدانی دووپشک ئەنجامداوە و خۆشبەختانە بارودۆخی نەخۆشەکە جێگیرە. لێپرسراوی بنکەی تەندروستیی مەرگە کۆمەڵێک ڕێنمایی و هەنگاوی گرنگی فریاگوزاری سەرەتایی بۆ هاووڵاتیان خستەڕوو:
دوورخستنەوەی مەترسی: لادان یان کوشتنی دووپشکەکە لە شوێنی ڕووداوەکە (لەگەڵ دیاریکردنی ڕەنگ و قەبارەی یان گرتنی وێنەی بۆ پزیشک).
هێورکردنەوەی نەخۆش: پاڵخستنی کەسی پێوەدراو و ڕێگری لە جووڵەی، چونکە شڵەژان لێدانی دڵ خێراتر دەکات و بڵاوبوونەوەی ژەهر خێراتر دەکات.
پاککردنەوە: شۆردنی شوێنی پێوەدانەکە بە ئاو و سابوون بە باشی.
ساردکردنەوە: دانانی سەهۆڵ یان ئاوی سارد لەسەر شوێنی برینەکە بۆ کەمکردنەوەی ئازار و خاوکردنەوەی بڵاوبوونەوەی ژەهر.
بەستنی کاتی: بەستنی سەرەوەی شوێنی پێوەدانەکە بە قوماشێک، بە شێوازێک کە ڕێڕەوی خوێنی دەمارەکان توند نەکات و تەنها ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی خێرای ژەهر بکات.
گواستنەوەی خێرا: گواستنەوەی بەپەلەی نەخۆش بۆ نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر و هێورکەرەوەی پێویست.
دکتۆر عومەر جەختی لەسەر بەکارنەهێنانی ڕێگەی هەڵە کردەوە و گوتی: بڕین و بریندارکردن، بە هیچ جۆرێک شوێنی پێوەدانەکە بە چەقۆ یان تیغ هەڵمەدرێن بە مەبەستی خوێن هێنانە دەرەوە. بەڵكو بەستنی زۆر توند پێویستە، بەڵام بەستنی شوێنەکە بە جۆرێک کە شادەمارەکان بوەستێنێت زیانی گەورەی هەیە.
دەشڵێت: بەکارهێنانی خەنە، گاز، یان هەر ماددەیەکی کیمیایی تر بەبێ ڕاوێژی پزیشک بە تەواوی قەدەغەیە.
لە کۆتاییدا، لێپرسراوی بنکەی تەندروستیی مەرگە هیوای تەندروستییەکی باشی بۆ هەمووان خواست و داوای کرد هاووڵاتیان لەم وەرزەدا زیاتر وریای خۆیان بن.