حکومەتی عێراق بۆ دابینکردنی مووچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلوول پڕۆژەیاسایەکی نوێی ئامادەکردووە. مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی ڕەشنووسی “قەرز و بەخشین”ی ئامادەکردووە کە ئامانج لێی وەرگرتنی قەرزی دەرەکییە.
ئەو ڕاوێژکارە ڕوونیکردەوە، دواخستنی مووچە بۆ ٤٠ ڕۆژ جارێک “وەبەرهێنانە لە کاتدا”، چونکە پارەی کاش بە بەردەوامی ناکەوێتە خەزێنەوە. ئەم هەنگاوە دەرفەت بە دەوڵەت دەدات تا پارەی پێویست کۆبکاتەوە.
وەزیری دارایی، فالح ساری، لە ڕێگەی یاسای بودجەوە ڕێگەی پێدراوە کار لەسەر ئەم پڕۆژەیە بكات. وەرگرتنی قەرزی دەرەکی بە هەنگاوێکی باش دەستنیشانکراوە بۆ ڕێگریکردن لە داڕمانی زیاتری ئابووری.
لە کابینەی سوودانیدا یەدەگی بانکی ناوەندی لە ١٠٦ ملیار دۆلارەوە بۆ ٨٠ ملیار دابەزیوە. قەرزی دەرەکی بەکارهێنانی ئەو یەدەگە کەمدەکاتەوە، چونکە قەرزی ناوخۆیی فشار لەسەر بانکی ناوەندی دروستدەکات.