شەوی ڕابردوو، هێزێکی زۆری دژەتیرۆری عێراق لە دەوروبەری ناوچەی سەوزی بەغدا بڵاوەیان پێکرا و لە بەرامبەریشدا گرووپە چەکدارەکانی بەرەی مقاوەمە زۆربەی بنکەکانیان چۆڵکرد.

  بەپێی زانیارییەکان، دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە شەوی ڕابردووەوە خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشییەکی باڵاوە و هێزێکی زۆر ڕەوانەی بەغدای پایتەخت کراوە، ئەمەش وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی بۆ کۆنترۆڵکردنی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و چاودێریکردنی جووڵەی گرووپە چەکدارەکان.

هەر بەپێی زانیارییەکان، گرووپە چەکدارەکان دەستیان بە چۆڵکردنی بارەگا سەرەکییەکان و گۆڕینی پێگەکانیان کردووە، چەک و تەقەمەنییە هەستیارەکانیان بۆ شوێنی نادیار گواستووەتەوە و ژمارەی چەکدارەکانیان لەو مۆڵگانەدا کەمکردووەتەوە.

  ئەم جووڵانە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ مۆڵەتی گرووپە چەکدارەکان بۆ وەڵامدانەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی هەفتەی ڕابردووی ئەمریکا و سعوودیە کۆتایی دێت. پێشتر ئەو گرووپانە وەڵامەکەیان بۆ دوای ڕێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن دواخستبوو. لە بەرامبەردا، حکوومەتی عێراق هەوڵ دەدات ڕێگری لە هەر هێرشێک بکات کە وڵاتەکە بەرەو ململانێیەکی نوێی هەرێمی پەلکێش بکات.

  بەرەبەیانی 29-07-2026، هەریەکە لە ئەمریکا و سعوودیە بەهاوبەشی هێرشی ئاسمانییان کردە سەر چەند بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە 7 پارێزگای عێراق، بەهۆیانەوە 20 چەکداری حەشدی شەعبی کوژران و 32 چەکداری دیکەش بریندار بوون.