وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری داشکاندنی قەرزی کارەبا، سیستەمی پارەدان لە ڕێگەی (ئی-پسوولە) بۆ ماوەی چوار ڕۆژ ڕادەگیرێت.

  لە هۆشدارییەکدا بۆ هاوبەشانی کارەبا، وەزارەتی کارەبا ئاشکرای کرد کە لە ڕێکەوتی 30ـی تەممووز تاوەکو 3ـی ئابی ئەمساڵ، خزمەتگوزاریی پارەدانی پسوولەی کارەبا لە ڕێگەی سەکۆی دیجیتاڵیی (ئی-پسوولە) بەردەست نابێت؛ ئەمەش وەک هەنگاوێکی ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی لێخۆشبوون و داشکاندنی قەرزی کۆنی کارەبا.

  بەپێی دوایین داتاکانی پڕۆژەی ڕووناکی، لە ئێستادا زیاتر لە 75%ـی پارەدانی کرێی کارەبا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بە شێوەی دیجیتاڵی و لە ڕێگەی سیستەمی ئی-پسوولەوە ئەنجام دەدرێت. بڕیاری لێخۆشبوونەکەش کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەرکراوە، داشکاندنی 50% بۆ ماڵان و کشتوکاڵ و 25% بۆ پڕۆژە بازرگانی، پیشەسازی و فەرمانگەکانی حکومەت لەخۆدەگرێت.
  پرۆسەی پێدانی قەرزە کۆنەکان بە لێخۆشبوونەوە، لە نێوان 3ـی ئاب بۆ 10ـی ئەیلوول بەردەست دەبێت و مەرجە تەواوی قەرزەکە بە یەکجار و بە شێوازی ئەلیکترۆنی (ئی-پسوولە) یان بە کاش بدرێتەوە.