سهههند كۆیی
مێژووی نوێی عێراق لێوانلێوە لە توندوتیژی و ئەو گۆڕانکارییانەی پێکهاتەی حوکمڕانیی ئەو وڵاتەیان نەخشاندووە. لەنێو ئەم ململانێ ناوخۆییانەدا، کودەتای سەربازیی ساڵی ١٩٣٦ بە ڕابەرایەتی ئهفسهری باڵا بەکر سدقی، وەکوو یەکەمین یاخیبوونی چەکداری لە مێژووی سەدەی ڕابردووی ناوچەکەدا هەژمار دەکرێت؛ ئەم پێشهاتە نەک تەنیا کۆتایی بە قۆناغێکی گرنگ هێنا، بەڵکو دەرگای بۆ دەستێوەردانی سوپا لە کاروباری دەوڵەتدا واڵا کرد. لەم بابەتەدا، بە كورتی تیشک دەخەینە سەر ژیانی ئەم سەرکردە سەربازییە و پاڵنەرەکانی پشت کودەتاکە و ئەو هۆکارانەی بوونە مایەی شکستی خێرای ئەو تاقیکردنەوەیەی کە لە بنەڕەتدا، ڕێگەی بۆ دۆخێکی مەترسیدار لە مێژووی عێراقدا خۆش کرد؛ ئەویش پشتبەستن بوو بە هێزی چەک بۆ گەیشتن بە دەسەڵات. پرۆسەیەک کە لێکۆڵینەوە لێی، دەروازەیەکی ڕوونە بۆ تێگەیشتن لەو قەیرانە بەردەوامانەی کە تا ئێستاش سێبەری ماتەمینیان بەسەر ناوچەکەوە هێشتووەتەوە.
لە ئەکادیمیای ئەستەنبوڵەوە بۆ سوپای عوسمانی
ئەو فەرماندە ناسراوەی عێراق، لەناو خێزانێکی کورد لەدایکبووە، هەرچەندە هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەچەڵەکی تێکەڵە لەگەڵ نەتەوەی عەرەب. سەبارەت بە کات و شوێنی لەدایکبوونی، تێڕوانینی جیاواز هەیە؛ بەڵگەنامەکانی سەردەمی عوسمانی باس لەوە دەکەن ساڵی ١٨٩٠ لە گوندی عەسکەریی نزیک کەرکوک هاتووەتە دنیا، لە کاتێکدا بەپێی ئەرشیفی فەرمی عێراق، لەدایکبوونی ساڵی ١٨٨٦ لە شاری بەغدا بووە. کە تێیدا سدقی هەر لە تەمەنێکی گەنجیدا ڕووی لە کایەی سەربازی کرد؛ دوای تەواوکردنی خوێندن لە ئەکادیمیای ئەستەنبوڵ، پلەی مولازمی دووەمی پێبەخشرا. ناوبراو لە کاتی شەڕەکانی باڵقاندا، لە ساڵی ١٩١٥ کۆلێژی جەنگی عوسمانی تەواو کرد و وەکوو ئەفسەرێکی لێهاتوو لە جەنگی یهكهمی جیهانی بەشداری کرد. دوای تێکشکانی ئیمپراتۆریەت لە بەرەی سووریا، لەگەڵ کۆمەڵێک ئەفسەری تر لە شاری حەلەب چوونە پاڵ ڕیزەکانی سوپای مەلیک فەیسەڵ. لەنێوان ساڵانی ١٩١٩ بۆ ١٩٢٠ وەک ئەفسەرێکی هەواڵگری لەگەڵ هێزەکانی بەریتانیا هاوکاری کرد و دواتر پلەکەی بۆ لیوا بەرزکرا. لە سەردەمی فەرمانڕهوایی مەلیک غازی، سەرکردایەتی چەندین ئۆپەراسیۆنی گرنگی کرد بۆ کپکردنەوەی شۆڕشە ناوخۆییەکان؛ لەوانە ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداریی ئاشوورییەکان و سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی عەشیرەتەکانی ناوچەی فۆراتی ناوەڕاست لە ساڵی ١٩٣٥ کە هاوکات بوو لەگەڵ وەزارەتەکەی ڕەشید عالی گەیلانی.
کەوتنی پایتەخت و دەستپێکی قۆناغی نوێ
ئەم وەرچەرخانە مێژووییە گەورەیە، لە بنەڕەتدا نەخشەسازییەکەی لە لایەن حیکمەت سلێمان داڕێژرابوو کە خولیایەکی بێپایانی بۆ گەیشتن بە لوتکەی دەسەڵات هەبوو. ئەو پەرۆشی چاکسازی و نوێخوازیی خێرا بوو لە کەرتی دارایی و کۆمەڵایەتیدا، هاوشێوەی مۆدێلی دەوڵەتی تورکیا. ئەم دیدگە هاوبەشەش بووە هۆی لێکنزیکبوونەوەی لەگەڵ بەکر سدقی، کە ئەویش خەونی بە فراوانکردن و بەهێزکردنی سوپا دەبینی، بەڵام حکوومەتەکەی یاسین هاشمی هەمیشە دەبووە بەربەست لە بەردەمیدا. ئەم هاوپەیمانییە لە لایەن (ڕێکخراوی ئەهالی) پاڵپشتی دەکرا، ئەمەش وایکرد بەرەیەک دژی دەسەڵاتی ئەوکات پێکبهێنرێت. لە کاتژمێر ٨ ی بەیانی ڕۆژی ٢٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٣٦ فڕۆکە جەنگییەکان لە ئاسمانی بەغدا بەیاننامەیان بڵاوكردهوه و داوایان لە خەڵک کرد پشتیوانی لەو گۆڕانه بکەن بۆ ڕووخاندنی کابینەکەی هاشمی. هاوكات بەکر سدقی کاتژمێری سفری بۆ دەستپێکردنی جووڵەی هێزەکان دیاری کرد، پاشان ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی پێشڕەویی سوپای بەرەو پایتەخت کرد. مەلیک غازی لە سەرەتادا تووشی دڵەڕاوکه بوو، چونکە پێیوابوو یاخیبووەکان دەیانەوێت لە تەختی پاشایەتی لایببەن، بەڵام کاتێک بۆی ڕوونبۆوە ئامانجی سەرەکی تەنیا گۆڕینی سەرۆک وەزیرانە، لەگەڵ داواکارییەکانیاندا ڕازی بوو. لەو کاتەدا هێزی ئاسمانی بە هاویشتنی چەند بۆمبێک لە نزیک بارەگای ئەنجومەنی وەزیران دۆخەکەی ئاڵۆزتر کرد، کە بووە هۆی کوژرانی کەسێک و برینداربوونی شەش کەسی تر. لە کاتی پێشڕەوی هێزەکاندا، جەعفەر عەسکەری وەزیری بەرگری، هەوڵیدا ڕێگری لە سوپا بکات، بەڵام بە فەرمانی ڕاستەوخۆی بەکر سدقی کوژرا، بەم شێوەیەش پایتەخت کەوتە ژێردەستی هێزە نوێیەکە.
ڕۆژگارە تەلبەندکراوەکانی بەغدا
دوای دەستلەکارکێشانەوەی ناچاری یاسین هاشمی، حیکمەت سلێمان پۆستی سەرۆک وەزیرانی گرتەدەست و پێکهاتەی کابینە نوێی ڕاگەیاند. ڕۆژی دواتر، نوری سەعید و یاسین هاشمی و ڕەشید عالی گەیلانی وڵاتیان جێهێشت؛ نوری سەعید بەرەو میسر بەڕێ كهوت، نەیارەکانی تریش ڕوویان لە بەیروت کرد، کە دواتر هاشمی هەر لەوێ بەهۆی نەخۆشی دڵ کۆچی دوایی کرد. دوای جێگیربوونی دەسەڵات، بەکر سدقی بووە سەرۆکی ئەرکانی سوپا، ڕێکخراوی ئەهالیش پشکی شێریان لە وەزارەتە خزمەتگوزاری و ئابوورییەکاندا بەرکەوت. بە جۆرێک، ئەو فەرمانڕواییە نوێیە کەمینەیەکی سوننەی لەخۆدەگرت کە بایەخی بە دۆزی نەتەوەیی عەرەب نەدەدا؛ بەڵکو زیاتر دەخوازرا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران و تورکیا ئاسایی بکاتەوە، هەر بۆیە پەیماننامەی (سەعد ئاباد) ی بۆ چارەسەرکردنی کێشە سنوورییەکانی شەتولعەرەب واژوو کرد. ئەم سیاسەتە ناڕەزایەتی زۆری لە ناوخۆ لێکەوتەوە؛ شێخ و دەرەبەگەکان هەستیان بە مەترسی کرد لەسەر پێگەی خۆیان، نەتەوەخوازە عەرەبەکانیش سەرۆک وەزیرانیان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە دەیەوێت عێراق بەرەو مۆدێلی تورکی ببات. هاوكات ناڕەزایەتی توندیش بەرامبەر بەکر سدقی سەریهەڵدا، چونکە بەهۆی نەتەوەکەی گومانی ئەوەی لێ دەکرا هاندەری کورد بێت بۆ چوونە ناو ڕیزەکانی سوپا، جگە لەوەی بە زەبری هێز ڕاپەڕینی عەشیرەتەکانی کپ دەکردەوە.
کاتژمێری سفری دوایین ئاوابوون
تەمەنی ئەو وێستگە سیاسییە کتوپڕە زۆر کورت بوو؛ چونکە لەناو سوپا ناڕەزایەتی توندی نەتەوەیی دژی سەریهەڵدا. ئەفسەرە نەتەوەخوازه عەرەبەکانی وەک سەڵاحەدین سەباغ، بە توندی دژی دەسەڵاتی نوێ وەستان؛ ئەوان پێیان وابوو كه هاوپەیمانێتی نێوان بەکر سدقی وەکوو جەنەڕاڵێکی کورد، لەگەڵ حیکمەت سلێمان بە ڕەچەڵەک تورک، دەیانەوێت عێراق لە شوناس و دۆزی عەرەبی دابڕێنن. ههر بۆیه، ئەم گرژییە ناسنامەییە بووە هۆی ئەوەی لە ١١ی ئابی ١٩٣٧دا، کاتێک بەکر سدقی بە مەبەستی سەردانی تورکیا لە فڕۆکەخانەی موسڵ نیشتەوە، لە لایەن ئەفسەرێکی نەتەوەخوازی عەرەب بە ناوی مەحموود هیندی درا بەر دەستڕێژی گولله. بەکر سدقی و هاوڕێی نزیکی، موقەدەم، محەمەد عەلی جەوادی، فەرماندەی هێزی ئاسمانی، دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا. حیکمەت سلێمان سەرۆک وەزیران پاش بیستنی هەواڵەکە و سەرهەڵدانی یاخیبوون لەناو سوپادا، درکی بە لاوازبوونی پێگەکەی کرد و سێ ڕۆژ دوای ڕووداوەکە دەستی لەکار کێشاوە. ئەم وردەکاریه لە پەرتووکی (مێژووی وەزارەتەکانی عێراق) ی (عەبدولڕەزاق حەسەن) جێگیر کراون. لەسەروبەندی هەڵسەنگاندنی ئەو قۆناغەدا، دەکرێت بڵێین: ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٣٦ دەستاودەستکردنێکی سادەی پۆستەکان نەبوو، بەڵکو قەیرانێکی درێژخایەنی لە سیستهمی سیاسی عێراقدا دروست کرد، کە ئەویش بەکارهێنانی چەک بوو بۆ یەکلاکردنەوەی بڕیارە چارەنووسسازەکانی دەوڵەت. ههر بۆیه، کۆتاییهاتنی تراژیدیای بەکر سدقی، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە هەر دەسەڵاتێک تەنیا پشت بە زەبر و زەنگ ببەستێت و بنەمای جەماوەری پتەوی لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا نەبێت، لە بەردەم گەردەلولی قەیرانە ناوخۆییەکاندا، خۆی ڕاناگرێت.