
کاروان محەمەد سینۆ _ خهبات
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا ئەمڕۆ ڕایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی زنجیرەیەک هێرشی کردووەتە سەر ئێران، و گوتیشی ئەم لێدانانە وەک وەڵامێک بوون بۆ ئەو هێرشە ئێرانییانەی کە سێ کەشتیی بازرگانییان لە کاتی تێپەڕبوونیان بە گەرووی هورمزدا کردووەتە ئامانج.
هەروەک سەرچاوە ئەمریکییەکان ڕایانگەیاند؛ پەرەسەندنی گرژییەکان دوابەدوای بەئامانجگرتنی گەورەکەشتییەکان بووە لە لایەن ئێرانەوەلە گەرووی هورمز، بەمەش کاردانەوەیەکی توندی ئەمەریکای لێکەوتەوە؛ واشنتن هەڵگرتنی کاتیی سزاکانی سەر نەوتی ئێرانی هەڵوەشاندەوە، کە ئەمەش لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە ئیدانە کرا.
بەرپرسێکی ئەمەریکی ئەمڕۆ گوتی، وەزارەتی خەزێنە مۆڵەتێکی گشتیی هەڵوەشاندووەتەوە کە ڕێگەی بە فرۆشتنی نەوتی ئێران دەدا، و جەختیشی کردەوە کە ڕەفتارەکانی ئێران لە گەرووی هورمزدا “بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نین” و لە دوای ئەو هێرشانەی کرانە سەر گەورەکەشتییەکانی نەوت لەم ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەدا، ئەوان ڕووبەڕووی لێکەوتەی مەترسیدار دەبنەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، دەوحە نوێنەری ئێرانی لە وڵاتەکەی بانگهێشت کرد، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی گەورەکەشتییەکی قەتەری لە نزیک گەرووی هورمز ڕووبەڕووی هێرش بووەوە و قەتەریش تارانی بە بەرپرسیار لە قەڵەم دا.
کاردانەوەی ئێران بەرامبەر بە بڕیارەکەی ئەمەریکا لە زاری موحسین ڕەزایی، ڕاوێژکاری ڕێبەرەوە هات، کاتێک لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی گوتی، بە تەواوی ڕوونە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بەرەو شکست دەبات، و گوتیشی واشنتن هەوڵ دەدات ڕێڕەوێکی جێگرەوە لە گەرووی هورمزدا بۆ کەشتییەکانی دروست بکات.
پێشتریش عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوینێ سێشەممە گوتبووی کە ئەگەر هەڕەشەکانی ئەمەریکا بەردەوام بن، ئێران دەست بە دانوستانەکان لەسەر ڕێککەوتنی کۆتایی ناکاتەوە. ناوبراو لە بڵاوکراوەیەکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: “ئەگەر هەڕەشەکان بەردەوام بن، دانوستانەکان لەسەر ڕێککەوتنی کۆتایی دەست پێ ناکەنەوە. ڕێز لە واژووەکەتان بگرن”، ئەمەش دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی “کۆتاییهێنان بە ئەرکەکە”ی کردبوو لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتن.
لەم ناوەندەشدا، شەوی سێشەممە تەلەفزیۆنی فەرمیی عێراق ڕایگەیاند کە تەرمی عەلی خامنەیی، ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران گەیشتووەتە شاری نەجەف، و لەلایەن عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی باڵای عێراقی پێشوازیی لێ کراوە، ئەمەش بەر لە دەستپێکردنی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنە. هەروەها مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێرانیش بۆ بەشداریکردن لە پرسەکەدا گەیشتە نەجەف.