مونیر حەداد، ڕاوێژکاری عەلی زەیدی، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵى ئاڤا ئاشکرای کرد کە بەپێی زانیارییە دەرچووەکان، زیاتر لە ٩٨ ملیار دینار و ٥٠ کیلۆگرام زێڕ لە ماڵی پەرلەمانتار عالیە نوسەیفدا گیراوە.
حەداد ئاماژەی بەوەش کرد کە نوسەیف باخچەیەکی ئاژەڵانی دەگمەنی لە ماڵەکەیدا دروستکردووە کە وشتر و ئاژەڵی تایبەتی لە ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبییەوە بۆ هێناوە. ڕاشیگەیاند کە ناوبراو پەیوەندی بە سەرجەم سەرۆک وەزیرانەکانی پێشووەوە هەبووە، بەڵام عەلی زەیدی ڕەتیکردووەتەوە پاڵپشتی لە تۆمەتباران بکات و ڕێگەی پێبدات.
مونیر حەداد وتى: بەپێی ئەو زانیارییانەی کە هاتوونەتە دەرەوە، ٩٨ ملیار دینار یان کەمێک زیاتر، ئەو بڕە پارەیە لە ماڵەکەیدا هەبووە. کە ئەگەر هاوتای بکەین بە ملیار دینار، دەتوانم بڵێم و زیاتر لە ٥٠ کیلۆ زێڕی لە ماڵەکەیدا هەبووە. وە لە هەمان کاتدا دەتوانین بڵێین باخچەیەکی ئاژەڵانی هەبووە کە هیچ کەسێک، دەتوانم بڵێم نەیبووە لە عێراقدا. وە بەشێکی زۆر لەو ئاژەڵانەی کە هێناویەتی، یان ئەو وشترانەی کە هێناویەتی، لە وڵاتانی عەرەبی و لە ئەوروپاوە هێناویەتی، زۆر دەگمەن بوون. وە ئەم ئافرەتە هەموو سەرۆک وەزیرانەکانی چوونەتە پاڵیان؛ لە مالیکی و جەعفەری و کازمی و سودانی. وە بەم دواییانەش زەیدی. بەڵام عەلی زەیدی قبوڵی نەکردووە، وە ڕێگەی نەداوە کە ئەوانەی کە تاوانبارن، پێویستە پاڵپشتی بکرێن و لەگەڵی بن.”
سەبارەت بەوەى ئایا ناوى سودانى لەلیستەکەدا هەیە یان نا، مونیر حەداد وتى: بێگومان، لێکۆڵینەوەکان دەڵێن هیچ کەسێک بەدەر نییە. دادگای عێراق، دەستەی دەسپاکی، و دادگای تایبەت بەم گەندەڵییە هیچ کەسێک بەدەر ناکات، نە سوودانی و نە هیچ کەسێکی تر. بێگومان سەرۆکوەزیرانیش لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بەڕێز فایەق زێدان زۆر پێکەوە هەماهەنگن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و لێدان لە گەندەڵکاران، جا سوودانی بێت یان هەر کەسێکی تر.