خەبات: ڕۆشنا عەلی:- هاوتەریب لەگەڵ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوە وزارییەکانی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی، کە لە ڕێکەوتی ١٤-٦ بە سەرکەوتوویی دەستیان پێکردووە و تا ئێستا پێنج تاقیکردنەوەی گرنگ ئەنجامدراون؛ پرۆسەکە ڕووبەڕووی چەندین کۆسپ و دەنگۆی جیاواز بووەتەوە. پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی ئەمساڵ بوونەتە جێگەی باس و خواسی گەرمی ناوەندە پەروەردەییەکان و تۆرە کۆمەڵایەتییەکان. بە گشتی، قوتابییان ئاستی پرسیارەکانیان بە ئاسان نەزانیوە، بە تایبەتی تاقیکردنەوەی زمانی عەرەبی کە ناڕەزایەتییەکی بەربڵاوی لەلایەن قوتابییان و مامۆستایانی پسپۆڕەوە لێکەوتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، بەشێک لە مامۆستایان پێیان وایە پرسیارەکان لە دەرەوەی ئاستی مەعریفی و توانای گشتیی قوتابییانی پۆلی ١٢ داڕێژراون و چەندین پەیام و داواکاریی بەپەلە ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە دەکەن.

مامۆستا سەعدوڵڵا فەتـحوڵڵا، پسپۆڕی زمانی عەرەبی، هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە زمان و ئەدەبی عەرەبی، کە خاوەنی ئەزموونی ٢٣ ساڵە لە بواری مامۆستایەتیدا و پێشتر ئەندامی لیژنەی باڵای گۆڕینی پڕۆگرامی زمانی عەرەبی بووە لە وەزارەتی پەروەردە، سەرنج و تێبینییە زانستییەکانی خۆی بۆ ڕۆژنامەی خەبات دەخاتە ڕوو. مامۆستا سەعدوڵڵا جەخت دەکاتەوە کە پرسیارەکانی زمانی عەرەبی بە هیچ شێوەیەک بۆ ئاستی ئێستای قوتابییان گونجاو نەبوون، ئەو پەیامێکی ڕەخنەیی و بونیادنەر ئاراستەی وەزیری پەروەردە دەکات و دەڵێت: دەمەوێت بە جەنابتان و هەموو لایەکی ڕابگەیەنم کە ئەو پرسیارە وزارییانەی ئەمساڵی زمانی عەرەبی، بە هیچ پێوەرێک لەگەڵ ئاستی زانستی و دەروونیی قوتابییانی ئێمەدا نەدەگونجان. بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر، چەندین دەربڕین و وشەی تێدا بەکارهاتبوو کە لە ناو پڕۆگرامی فەرمیی خوێندندا بوونیان نییە و زیاتر لە قۆناغەکانی خوێندنی باڵا بەکالۆریۆس و ماستەرن.

ئەو وەک نموونە ئاماژە بە چەند دەربڕینێک دەکات وەکوو: (یمثل الاسلوب، وظف الشاعر، یوظف التعبیر، من تجلیات النمط، التي یجسدها الشاعر عبر توظیف، اسلوبی لغوی فی السیاق الادبی، فی ای جملة تعین اعراب).
م. سەعدوڵڵا دەڵێت: «کۆی ئەم دەربڕینە ئەکادیمییە ئاڵۆزانە لە ناو کتێبی پۆلی دوازدەدا نین. بۆیە تکاکارین لە کاتی دانانی پرسیارەکاندا، بە هیچ جۆرێک لە چوارچێوەی زاراوە و چەمکەکانی ناو کتێبی فەرمی دەرنەچن.
ئەم مامۆستا پسپۆڕە گۆڕینی شێوازی داڕشتنی پرسیارەکان بۆ ئەم ئاستە قورسە، دەبەستێتەوە بە جۆرێک لە پەرچەکرداری وەزارەت بەرامبەر بە دیاردەی تێکدانی بازاڕی پەروەردە لە لایەن هەندێک مامۆستای لایڤچی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان (وەکوو تیکتۆک). ئەم مامۆستایانە پێش تاقیکردنەوەکان بە ناوی گرەنتی سەد لە سەد و پرسیاری گرنگ و حەتمی مێشک و کاتی قوتابییان سەرقاڵ دەکەن، کە بە ڕاستی کاریگەرییەکی دەروونیی نەرێنی لەسەر ئامادەکاریی قوتابییان جێدەهێڵێت.

* مامۆستا سەعدوڵڵا داواکارییەکی فەرمی ئاراستەی وەزیری پەروەردە دەکات کە بە بڕیارێکی توند و پێویست، ئەنجامدانی هەر جۆرە لایڤێکی وانەوتنەوە، پێشبینیکردنی پرسیار و چالاکییە هاوشێوەکانی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەن مامۆستایانەوە لە کاتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکاندا بە تەواوی قەدەغە بکرێت، نەک ئەوەی سزای قوتابی بدرێت بە گۆڕینی شێوازی پرسیار بۆ زاراوەی دەرەکی.

*لەلایەکی دیکەوە، مامۆستا کامەران سەعدی مامە، پەیامیك ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە دەكات و جەخت لەسەر لایەنە مرۆیی و دەروونییەکەی پرۆسەکە دەکاتەوە. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە قوتابییانی پۆلی ١٢ لە کاتی تاقیکردنەوە گشتییەکاندا لە ژێر بارودۆخ و گوشارێکی دەروونی و کۆمەڵایەتیی یەکجار گەورەدان. لەبەر ئەوە، ئەرکی ئەخلاقی و نیشتمانیی هەموو لایەکە کە لە خزمەتی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیەدا بن و ژینگەیەکی هێمن و لەبار بۆ قوتابییان فەراهەم بکەن.

م. کامەران تێبینی ئەوە دەکات کە بازرگانیکردن بە داهاتووی قوتابییانەوە لە ڕێگەی لایڤی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و بەڵێنی بێ بنەمای پرسیاری مسۆگەر ، تەنیا دڵەڕاوکێی قوتابی زیاد دەکات. ئەویش بە دەنگی خۆی داوا لە بەرپرسانی باڵای وەزارەتی پەروەردە دەکات کە سنوورێک بۆ ئەم لایڤ و چالاکییانەی سۆشیاڵ میدیا دابنرێت و لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی کەرتی پەروەردە و پاراستنی مافی ماندووبوونی قوتابییان ، ئەم جۆرە ڕەفتارانە قەدەغە بکرێن.