محەمەد زەنگەنە
پێشهاتەكان وای نیشان دەدەن، ئەو ئاشتەواییە گشتییەی خەڵك چاوەڕوانی دەكات، وا بەئاسانی نایەتەدی و لایەنەكانی ململانێ، هەریەكە و دەیەوێت بۆچوون و قسە و مەرجەكانی خۆی بەسەر ئەوەی دیكەدا بسەپێنێت و لە ئەنجامیش دا، ناوچەكە و جیهان زەرەرمەندی یەكەمی ئەم ململانێیە دەبێت و ئابووریی جیهانیش، تووشی گورزێكی گەورە دەبێت، چونكە لەهەر لێدوانێكی ئەمەریكا كە بەدڵی ئێران نەبێت، گەرووی هورمز دادەخات، هەر رەفتارێكیش بەدڵی ئەمەریكا نەبێت، یان ئامانجێكی ئێران بۆردومان دەكرێت، یانیش ئیسڕائیل پێگەیەكی حزبوڵلای لوبنان وێران دەكات و كەسێكی دیاری ریزەكانی ئەو حزبە دەكوژێت و دواتریش نەتانیاهۆ وەكو هەموو جارێك، دووپاتی دەكاتەوە كە بەهیچ شێوەیەك لە لوبنان ناكشێنەوە، تا حزبوڵلا بە تەواوی چەك دەبێت و هیچ هەڕەشەیەكی بەسەر ئیسڕائیلەوە نەمێنێت، حزبوڵلاش لەلای خۆیەوە و بە پاڵپشتیی ئێران، رۆژ بەڕۆژ پێگەی خۆی لە باشووری لوبنان بەهێز دەكات و تەحەددای ئەمەریكا و ئیسڕائیل دەكات.
هەر ئەو ململانێ و لێدوانی توند و قسەی دوولایەنە و تەحەدداكردنی یەكتر وایان كرد،ئەو كۆبوونەوەی بڕیار بوو ڕۆژی هەینی بەڕێوەبچێت دواخرا و لە ڕۆژی یەك شەممەش، هیچ ئەنجامێكی ئەوتۆی لێ نەكەوتەوە.
لێرەدا پرسیاری هەرە گرنگ ئەوەیە: ئایا ئێمە لەبەردەم پرۆسەیەكی راستەقینەی ئاشتەوایی داین؟ یانیش عینادی و دەمارگیری و تەحەدداكردنی یەكتر بۆتە كەرەستەی سەرەكیی ئەم گرفت و قەیرانەی بەرۆكی جیهانی گرتووە؟یانیش هەر لایەنێك دەیەوێت خۆی بەسەركەوتوو بزانێت و خۆی بە رێبەر و بەڕێوەبەری جیهان و سووڕێنەری شادەماری ئابووریی وڵاتانی دونیا بناسێنێت؟ لە هەموویشی گرنگتر ئەوەیە: ئایا ئێران ئەو كارەی پێ دەكرێت؟
پێشهاتەكان وای نیشان دەدەن،گفتوگۆ و قسە و راوێژییەكان، هێشتا كاتی دەوێت و ئەو ئەنجامەی هەریەك لە دوو لایەنی ناكۆكییەكە دەیانەوێت، نایەتەدی، چونكە هەریەكە و دەیەوێت پشتی ئەوەی دیكە بشكێنێت و هیچی بۆ نەهێڵێتەوە، واتا هاوكێشەی هەموو یان هیچ خۆی بەسەر دۆخەكەدا بسەپێنێت،هیچ لایەنێكی سێیەمیش ناتوانێت ببێتە میانگیر یان ناوبژیكار، كاریگەریشیان بەسەر هیچ یەك لەو لایەنانە نابێت و دواجار دۆخەكە دەگەڕێتەوە سەر خاڵی سفڕ.
لە لایەكەی دیكەشەوە،ئیسڕائیل دان بەوەدا نانێت كە لوبنان بەشێكە لە رێككەوتنی ئێران و ئەمەریكا، ئێرانیش حزبوڵلا و دۆخی لوبنانی كردۆتە مەرجی سەرەكیی سەركەوتن و شكستی هەر گفتوگۆ و رێككەوتنێك.
ئەو پێشهاتانە پێمان دەڵێن،هێشتا ماویەتی بڵێین شەڕ تەواوبوو، تەنانەت هێشتا شەڕی راستەقینەش جارێ دەستی پێ نەكردووە و لەهەر كاتێكیش جارێكی دیكە ئەگەر هەیە هەمان دۆخی پێش 8ی نیسانی 2026 بگەڕێتەوە و جیهانیش بەرەو قەیرانێكی دیكەی قووڵتر رابكێشرێت.
بە ئیمزاكردنی رێككەوتن،بە دەستنیشانكردنی كاتی رێوڕەسمی راگەیاندنی، بە دواخستن و كۆبوونەوە و هەڕەشەی كشانەوە..