
وهزارهتی ناوخۆ ڕاگهیاندراوێكی بڵاو كردهوه و تێیدا هاتووه، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات بە سەرپەرشتیی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسی UNDP لە هەرێمی کوردستان، هەروەها نوێنەرانی وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بەشدار بوون.
ئهوهش خراوهته ڕوو، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، وەزیری ناوخۆ بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی نوێنەرانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، بەهۆی ئەو ڕۆڵە گرنگ و کاریگەرەی لە چوارچێوەی ئامادەکاری و کەمکردنەوەی کاریگەری قەیرانەکان پێشکەشی دەکەن و دواتر وهزیری ناوخۆ باسیان لە گرنگی و کاریگەری پێکەوەیی لە ژووری ئۆپەراسیۆن کرد و ئەزموونە جۆراوجۆرەکانی لەم بوارە خستەڕوو، کە لە ماوەی ڕابردوودا لە قۆناغەکانی ئامادەکاری، کەمکردنەوەی مەترسییەکان، هەماهەنگی و وەڵامدانەوە لە دۆخە نەخوازراوەکاندا گیراونەتەبەر، هەڵبەتە ئەمە کارێکی پێکەوەیی و هاوبەشی هەموو لایەنەکانە و ڕۆڵی هەمووانی بەرز نرخان لەم هەوڵە نیشتیمانی و دامەزراوەییە.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، وەزیری ناوخۆ جەختی لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی پرۆسەی پەرەپێدان و نوێکردنەوەی سیستەمی بەڕێوەبردنی قەیران و کارەساتەکان کردەووە و ڕۆڵی لایەنەکان، لەسەر ئاستی هەرێم و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بە جەوهەری وەسف کرد و لەو چوارچێوەیەشدا پشتیوانی تەواوی وەزارەتی ناوخۆی بۆ هەموو هەوڵ و هەنگاوێک کە ئامانجی بەهێزکردنی تواناکانی وەڵامدانەوە و پاراستنی هاووڵاتیان بێت، دووپات کردەوە.
دواتر کۆبوونەوەکە بە گفتوگۆیەکی تێروتەسەل و گۆڕینی بۆچوون دەربارەی میکانیزمەکانی پەرەپێدانی کاری ژووری ئۆپەراسیۆن و هەماهەنگی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆتایی هات.