كوردایەتی یان حیزبایەتی

427

موزەفەر فەیلی
لە راستیدا كوردیەتی واتا و شیكردنەوەی زۆر بەرز و گەورە هەڵدەگرێت هەرچەندە كە ئێستا بە جۆرێك فەرامووشكراوە یان نزیكە لە فەرامووشی لە بنەرەتدا لەم كات و ساتەی سەردەمدا بەڵام لە رووی بەكارهێنانی لە بۆنە و یادەوەرییەكان ئەوە شتێكی ترە و بەردەوام تەنها لەسەر زاران هەر بوونی هەیە! پێشتر خەڵك هەموو شتێكی خۆی بە قوربانی كوردایەتی دەكرد بەڵام بەپێچەوانەوە ئێستا كوردایەتی و بەها بەرزەكان دەبنە قوربانی و وەكو ئامرازێك بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەكانی كەسێیەتی و تایبەتی و تەنانەت حیزبایەتی بەكار دێت! ئێستا كوردایەتی لەپێناو حیزبایەتی دەكرێت و ئەمە گەورەترین هەڵەی سەردەمیانەی لایەنە سیاسییەكان كە دەكەن و لەراستیدا دەبێت حیزبایەتی لەپێناو كوردایەتی بێت و بەم شێوەیەش رێچكەی راست و دروستی خۆی دەگرێتەبەر.

خەبات و تێكوشانی گەلی كوردی لە عێراق هەر لە سەرەتاكانی سەدەی بیستەم زۆر كەسایەتی و خەباتگێر و تێكۆشەری هەبووە كە لەم بابەتە جێگەی نابێت لەبەر زۆربوونیان بەڵام وەكو پارت و رێكخراو هەر لە ساڵی (1919) شۆرشی (شێخ مەحمودی حەفید) و هەروەها دوای دروست بوونی پاشایەتی عێراقی لە ساڵی (1921) و هەروەهاش دوای سەربەخۆیی عێراق لە ساڵی (1932) چەند حیزب و رێكخراوێك دروست بوون وەكو كۆمەڵەی (داركەر) لە ساڵی (1937) كە لەلایەن كۆمەڵێك فێرخواز هاتە دامەزراندن و دوای حیزبی هیوا لە ساڵی (1939) كە لەلایەن كۆمەڵێك لە قوتابیان و لاوان و رۆشنبیران و ئەفسەرانی كورد و هەروەها دوای رێكخراوی (ژ-ك) یان (ژیانەوەی كورد) لە ساڵی (1943) كە دواتر بووە پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئێران لە ساڵی (1945) و هەروەها حیزبی شیوعی كوردستان لە ساڵی (1945) و لە هەمان ساڵ حیزبی رزگاری كورد (1945) و دواتر دوای دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كورد لە ساڵی (1946) لە عێراق و لە شاری بەغدا لەلایەن سەركردە (بارزانی نەمر) لەگەل هاورێیانی دڵسۆز و وەفاداری بەگشتی و برایانی فەیلی بەتایبەتی رووڵێكی گەورەی لە خزمەت كردنی كوردایەتی بینی و لەراستیدا لەو كاتە حیزب لە پێناو كورد و كوردستان خەبات و خزمەتی دەكرد. لێرە بە دەرفەتی دەزانم كە ئاماژە بە رووڵی فەیلییان بدەم كە بە قسە و دانپێنانی هەندێك لە بەرپرسانی تێكۆشەر، لەسەر پاڵپشتی و پشتگیری فەیلییان بۆ شۆرش: ((كاتی خۆی برایانی فەیلی لەناو بەغدا بە فەردە و گونیەپارە و پولیان دەنارد بۆ حیزب!)) فەیلییانی شاری بەغدا بەتایبەتی رووڵێكی بەرچاویان هەبوو بۆ سەركەوتن و سەرخستنی شۆرشی گەلی كوردی.

لەراستیدا ئەوەی فەیلی كردویەتی بۆ كورد و كوردستان كەم كەس كردوویەتی! ئێستاش زۆر بەداخەوە كە لە هەموو بۆنە و یادەوەرییەكانی جینۆسایدی فەیلییان زۆربەی حیزبەكانی كوردی و كوردستانی و هەروەها كەناڵەكانی تەلەفزیۆنی تەنانەت هەر باسی ئەو بەسەرهاتەش ناكەن! لەكاتێكدا كە پێشتر هەر بوونیان نەبووە و ئەلف و بێ‌ كوردییان نەزانیوە. هەر بۆ نموونە لە دوایین كۆنفرانسی زانستی نێودەوڵتی لە بارەی جینۆسایدی گەلی كوردی كە لە رێكەوتی (28/10/2025) لە شاری دهۆك بەسترا، هیچ كەس باسی بەسەرهات و جینۆسایدی فەیلی نەكرد تەنها (جەنابی بارزانی) نەبێت! كە تێدا فەرمووی: (جینۆساید بۆ یەكەم جار لە برایانی فەیلی دەستی پێكرد)، كە بەراستی مایەی سەربەرزی و شكۆی فەیلییانە.

پێشتر خەلك پشتگیری ماددی و مەعنەوی شۆرشی كوردی دەكرد لە هەموو شار و شارۆچكەكان نەك تەنها لەناو كوردستان بەڵكو لەناو هەموو عێراق بەگشتی.

گەلی كوردی بە هەموو بەش و لقەكانیەوە لە كوردستان تاكو باشووری عێراق هەموو شەهیدیاندا و ماڵ و مۆڵكیان لەناو چوو و هەموو شتێكیان كردە قوربانی بۆ سەركەوتنی شۆرشی كوردی و هاتنەدی ئەم دەسكەوتەی ئێستا كە پەرلەمان و حكومەتی كوردستانە. بەڵام زۆر بەداخەوە كە ئێستا پەرلەمان و حكومەتی كوردیمان هەیە و بارودۆخ باش بووە زۆر لە خەباتگیر و تێكۆشەرانی كاتی تەنگانە و پێویست فەرامووش كراون و بۆ ماوەی دەیان ساڵە لە چاوەروانی و ئۆمیدی وەرگرتنی پلە و پایە و شایستەی مافی خۆیانن! بۆیە ئێستاش دەبێت پەرلەمان و حكومەتی كوردستان و هەروەها پارتی دیمۆكراتی كوردستان كە گەورەترین و كۆنترین حیزبی گۆرەپانی كوردستانییە، ئەم كەس و لایەنانە لەبیر نەكات و هەردەم بە رێز و ستایشەوە پشتگیر و پاڵپشتییان بێت.

بێگومان بۆ بەرێوەبردن و كارگێری وڵات و دەزگاكانی حكومەت پێویستیمان بە خەڵكی پسپۆر و تكنۆكرات هەیە بەڵام پێش ئەمە پێویستمان بە خەڵكی دڵسۆرز و وەفادار و نشتیمان خواز هەیە كە بەراستی غەمخۆری وڵات بن و وڵاتیان وەكو ماڵی خۆیان خۆشبوێت! خو ئەگەر بریارە وڵات تەنها بە خەڵكی تكنۆكرات بەرێوەبچیت، كەواتە دەكرێت تەنها كۆمەڵێك پسپۆر و خاوەن بروانامەی بەرزی وڵاتانی دەرەوە دابمەزرێنن كە زیاتر شارەزاتر و دەستپاكترن و ئیتر پێویستی بە خەڵكی تر نییە! لەهەمان كاتدا دەبێت وریا و وشیار بین لە خەڵكی بەرژەوندخواز كە بۆ مەبەستی وەرگرتنی پلە و پایە و هەروەها خۆ دەوڵەمەند كردن ئامادەن هەموو كارێك بكەن، بەڵام مەخابن و هەزاران مەخابن كە بەرێوەبردنی وڵات و حكومەت لەلایەن ئەم جۆر كەسانە سەركەوتوو نابێت.

بەڵكو دەكرێت كە لە هەر دەزگایەكی حكومی و ناحكومی خەڵكی دڵسۆز و تێكۆشەر وەكو بەرپرس بێت و خەڵكانی پسپۆر و تكنۆكرات وەكو راوێژكار بۆ كارە تایبەتییەكان هەبێت. ئێستاش دەبێ هەموو حیزب و رێكخراوە سیاسییەكان زۆر لۆژیكانە هەست بە بەرپرسیارێتی مێژوویی بكەن و وەكو رێزگرتن لە رابۆچوونی خەڵك هەموو ئەو بەرژەوەندییە تایبەتییەكانیان بەلاوە بنێن بۆ مەبەستی كارا كردنی پەرلەمانی كوردستان كە لە رێكەوتی (20/10/2024) پرۆسەی خولی شەشەمی هەڵبژاردن پەرلەمان ئەنجامدرا و ئێستا نزیكەی یەك ساڵ و هەشت مانگە لە كار وەستاوە و بێدەنگە لەكاتێكدا كە گەورەترین سەرچاوەی یاسا دانانە، و دوای ئەوە پلە بكرێت لە دامەزراندنی كابینەی نوێ‌ حكوومەتی كوردستان بۆ ئەنجامدان و جێ‌ بە جێ‌ كردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری زیاتر هەر وەكو تا ئێستاش كراوە، بۆ هەر چی زیاتر سەرخستنی كوردستان و دابینكردنی ژیانێكی باش و ئاسوودە بۆ هاوڵاتییانی كوردستان.

لە كۆتاییدا دەڵێن بەڵێ‌ بۆ كوردایەتی رەسەن و راستەقینە و هەر بە كوردایەتی دەگەینە ئامانجەكانمان بۆ كوردستانێكی مۆدێرنیزم و بەناوبانگ.