سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات کە کێشەکانی تایبەت بە مووچە و نەوت لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیی عێراق بەرەو چارەسەری کۆتایی دەڕۆن، ڕاشیگەیاند کە بەم مەبەستە شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات.

د. ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “دوای ڕێککەوتنی سێلایەنە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان زیادی کردووە و گەیشتووەتە نزیکەی ٢٢٠ بۆ ٢٣٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

هاوکات هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی کۆمپانیا نەوتییەکان بگەڕێنەوە سەر ئاستی پێشووی بەرهەمهێنانی خۆیان، بە مەبەستی زیادکردنی داهاتی گەنجینەی گشتیی عێراق.”سەبارەت بە دۆسیەی مووچە و بودجە، ئامانج ڕەحیم گوتی: “سێ بابەتی سەرەکی کە بریتین لە دۆسیەی نەوت، داهاتە نانەوتییەکان و سیستمی ئەسیکۆدا (سیستمی گومرگیی ئەلیکترۆنی) بەرەو چارەسەربوون دەچن.

بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی کۆتایی لەسەر ئەم مەلەفانە.”سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ڕوونی کردەوە: “بە چارەسەرکردنی ئەم دۆسیانە، پرسی مووچە بە تەواوی جێگیر دەبێت و چیتر نابێتە مانیشێتی سەرەکیی میدیاکان، بەڵکو بە شێوەیەکی ڕێکوپێک دابەش دەکرێت.  دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج لە کاتی خۆیدا و هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، یەکەمین ئەزموونی سەرکەوتووی جێگیرکردنی مووچە بوو، هەموو هەوڵێکیش دەدەین بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بەردەوام بێت.