فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان کەشتییەکی نەوتهەڵگریان لە کەنداوی عومان پەکخستووە، ئەمەش دوای ئەوەی کەشتییەکە گەمارۆی سەر ئێرانی پێشێل کردووە و هەوڵی گواستنەوەی نەوتی ئێرانی داوە.

پێنجشەممە 11ـی حوزەیرانی 2026، بەپێی راگەیاندراوێکی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، رۆژی 10ـی حوزەیران کاتژمێر 11:20ـی شەو بە کاتی واشنتن، هێزەکانی ئەمریکا کەشتی  (M/T Jalveer)یان پەکخستووە کە ئاڵای “گینێ بیساو”ی هەڵکردبوو، هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمە سێیەمین کەشتی بازرگانییە کە لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە پەکبخرێت.

سێنتکۆم ئاشکرای کردووە، فڕۆکەیەکی ئەمریکی دوو مووشەکی جۆری “هێڵفایەر”ی ئاراستەی ژووری بزوێنەری کەشتییەکە کردووە، دوای ئەوەی تیمی کەشتییەکە چەندین جار رەتیانکردەوە پابەندی رێنماییەکانی هێزەکانی ئەمریکا بن.

لە سەرەتای ئەم هەفتەیەشدا، هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا دوو کەشتی دیکەیان بە ناوەکانی (M/T Marivex) و (M/T Settebello) پەکخستبوو، کە هەوڵیان دابوو نەوتی ئێران بگوازنەوە یان بەرەو بەندەرە ئێرانییەکان بڕۆن.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی گەمارۆکە لە 13ـی نیسانەوە، هێزەکانی ئەمریکا 9 کەشتییان پەکخستووە، 135 کەشتییان ئاراستەکەیان گۆڕیوە و رێگەیان بە 42 کەشتی دیکە داوە کە هاوکاری مرۆییان گواستووەتەوە.

هەروەها جەخت کراوەتەوە، گەمارۆکە بە یەکسانی بەسەر کەشتیی هەموو وڵاتاندا جێبەجێ دەکرێت کە هەوڵی چوونە ناو یان چوونە دەرەوە لە بەندەرە ئێرانییەکانی سەر کەنداوی عەرەبی و کەنداوی عومان دەدەن.