فەرهاد ئەتروشی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، لە وەڵامی داواكاریی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: “مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هێڵی سوورە.”

نووسینگەی راگەیاندنی فەرهاد ئەتروشی جێگری سەرۆکی په‌رله‌مانی عێراق، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاندووە: “نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بە سەرسوڕمانەوە بەدواداچوونی بۆ ئەو راگەیەندراوەی نووسینگەی راگەیاندنی عه‌دنان فه‌یحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران كرد، سەبارەت داواكاریی راگرتنی بودجەی دارایی بۆ هەرێمی کوردستان و بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.”

ئاماژەی بەوە داوە، خۆیان بە پابەند دەبینین کە راستییەکان بۆ رای گشتی روون بکەینەوە و لێکدانەوەی پارچەپارچەکراوی رێککەوتنەکان و یاسا کارپێکراوەکان راست بکەینەوە.

چەند  خاڵێک خراوەتە ڕوو بەمشێوەیە:

یەکەم: مووچەی فەرمانبەران هێڵی سوورە و كارتێك نییە بۆ كەرتكردن و فشاری سیاسی، هەوڵدان بۆ بەستنەوەی بژێوی و شایستەییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە ناکۆکییەکانی ژمێریاری یان داهاتی نانەوتییەوە، بەشێوەیەكی ئاشكرا دژایەتی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی دەکات، کە بە روونی بڕیاری جیاکردنەوەی پرسی مووچەی لە هەر ناکۆکییەکی سیاسی یان دارایی یان پابەندبوونێکی نێوان بەغدا و هەولێر داوە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هاوشێوەی مووچەی هاوتاکانیانە لە پارێزگاکانی تری عێراق، مافی دەستووری و بژێوی ژیانن ناتوانرێت بە بارمتە بگیرێن بە هیچ رێوشوێنێکی سزادان یان یەكلاكردنەوە و پاكتاوكردنی بەرامبەر، لێرەدا پرسیار ئەوەیە: ئایا داهاتی گشتی عێراق هاوشێوەی ساڵانی رابردووە؟.

دووەم: پابەندبوون بە شەفافیەت و راپۆرتی چاودێری هاوبەش، جەخت لەوە دەکەینەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگییەکی بەرز و تەواو لەگەڵ دەستەی باڵای وردبینی فیدراڵی کار لەسەر ئەم دۆسیەیە دەکات، ئەو هەموارکردنە یان کەمکردنەوەیە کە لە بەیاننامەکەدا باسکراوە سەبارەت بە بڕە پارە داواکراوەکان، “سازشی بێ دەسەڵات”ی حکوومەتی فیدراڵی نەبووە، بەڵکوو دەرئەنجامی پێداچوونەوەی تەکنیکی و یاسایی واقیعی بووە کە لەلایەن لیژنە وزارییە تایبەتمەندەکانەوە (لیژنەی شەش ئەندام) سەرپەرشتی كراوە، رەچاوی سروشتی راستەقینەی داهاتەکان و میکانیزمەکانی کۆکردنەوەو دەسەڵاتە تایبەت و هاوبەشەکانی لەسەربنەمای دەستوری عێراق کردووە.

سێیەم: راستی ژمارەکان، پابەندبوونە داراییەکان و داهاتە نانەوتییەکان، لێرەدا روونی دەکەینەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان رۆژێك لە رۆژان خۆی لە پابەندبوونەكانی نەدزیوەتەوە، بەردەوام 120 ملیار دیناری رادەستی حکوومەتی فیدراڵی کردووە، تەنیا دوو مانگ لەمەوبەر داهاتەکانی گەیشتە نێوان 40 بۆ 50 ملیار دینار، ئەمەش نمایندەی داهاتی راستەقینەی بەدەستهاتوو دەکات كە هاوتای ستانداردە تەکنیکییەکانە، نەک ئەنجامی کەمتەرخەمی، سەپاندنی ژمارەی گریمانەیی کە رەنگدانەوەی واقیعی ئابووری نییە، نادادپەروەرانە و ناڕەوایە، جگە لەوەش هەرێمی کوردستان داوای یەکلاییکردنەوەی هەمەلایەنەی شایستە نەدراوەکان دەكات لە بودجەی گشتی لەگەڵ خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت و گواستنەوەو قەرەبووکردنەوەی ئەو بڕیارانەی کە زیانی ئابوورییان بە هەرێم گەیاندووە، ئەم بڕە پارانەش زۆر لەو جیاوازییانە زیاترن کە لە بەیاننامەکەدا باسکراون، وێڕای ئاماژەدان بەوەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران پێشتر دووپاتی کردەوە کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم “هێڵی سوورە”.

چوارەم: نەرمی حکوومەتی فیدراڵی پابەندبوونە بە دەستوور و جێبەجێکردنی، ستایشکردنی نەرمی حکوومەتی فیدراڵی پێشوو و ئێستا لە ناردنی پارەی مووچە مانای ئەوە نییە کە یاسایان پێشێل كردووە، بەڵکوو گوزارشتە لە هەستکردنیان بە بەرپرسیاریەتی نیشتمانی بەرامبەر هاووڵاتییانیان لە هەرێم و پابەندبوونیان بە پاراستنی سەقامگیری کۆمەڵایەتی و ئابووری لە هەموو پارێزگاکانی عێراقدا، هەڕەشەکردن لە حکوومەتی فیدراڵی بە لێپرسینەوەی یاسایی بەهۆی پێدانی مووچەی هاووڵاتیانی عێراق بە سیاسیکردنی روونی یاساکانە، ئەوانەی خەون بە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەو ناوەندگەراییە قێزەونە دەبینن کە پێشێلی دەستور و رێککەوتنە سیاسییەکان و بناغەکانی پڕۆسەی سیاسی و شەراکەتی نیشتمانی دەکات لە دوای رووخانی رژێمی دیکتاتۆری ناوەندی گۆڕ بەگۆڕ، بەدینەهاتووەو بەدینایەت.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە: “دامەزراوەی یاسادانان و سەرۆكایەتیەكەی نوێنەرایەتی ئیرادەو دەنگی هەموو پێکهاتە و توێژەکانی گەلی عێراق دەکەن، ناكرێت لایەنداری هیچ لایەنێک یان گروپێک بكات لە بەرامبەر لایەنێکی تر، بە هەر هۆکارێک بێت، بارودۆخەکە هەر چۆنێك بێت، پرسی رێکخستنی پەیوەندی دارایی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت لەسەر بنەمای گیانی شەراکەتی نیشتمانی و پاراستنی مافەکانی سەرجەم هاووڵاتیان بێت بێ جیاكاری، پێویستە لە زمانی پەرەسەندن و هەڕەشەکان دوور بكەوینەوەو گفتوگۆی بونیادنەرو لێکتێگەیشتن و کۆبوونەوەی تەکنیکی راستەوخۆ بگیرێتەبەر بۆ کۆتاییهێنان بە یەکلاکردنەوەی دۆسیەی پاكتاوی دارایی لە چوارچێوەی دەستور و یاسادا، دوور لە بژێوی هاووڵاتیانی ئاسایی.”