کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق هەڵوێستێکی توند لەبارەی پرسی داماڵینی چەک ئاشکرا دەکەن و دەڵێن، ئەگەر هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش لە عێراق بکشێنەوە، ئامادە نین دەستبەرداری چەکەکانیان ببن و یەک فیشەکیش ڕادەستی حکومەت ناکەین .
ئەبو موجاهید عەساف، بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا ڕایگەیاند، پێنج لایەنەکەی “بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی” و “کەتیبەکانی کەربەلا” تا کۆتاییهاتنی تەواوەتیی داگیرکاری، بە یەکگرتوویی دەمێننەوە.
بەرپرسەکەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا هێرشی توندی کردە سەر ئەو گرووپانەی چەکەکانیان ڕادەست کردووە و وتی، ئەوانەی بارەگا و چەکەکانیان ڕادەست دەکەن، هەرگیز بەشێک نەبوون لە مقاوەمە و هیچ مێژوویەکیان لە شەڕی دوژمندا نییە و دووپاتی کردەوە، چەکی مقاوەمە ڕادەست ناکرێت و تەنانەت یەک فیشەکیشی لێ نادرێتە دەست کەس، مەگەر بۆ ئیمامی مەهدی نەبێت.
کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، یەکێکە لە بەهێزترین گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، هەمیشە بوونی هێزە ئەمریکییەکانی وەک پاساوێک بۆ هێشتنەوەی خۆی بەکارهێناوە.