بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاریی سەر وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی داهاتی مانگانە بڵاو كردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 4/6/2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاریی سەر وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕوونكردنەوەیەكدا وەڵامی هەریەكە لە عەلی حەمەساڵح و عومەر گوڵپی دەداتەوە و ئاماژە بەوە دەدات: “ئەو قسانەی كردوویانە، دوورە لە ڕاستی و چەواشەكارییە.”

لە ڕوونكردنەوەكەدا ئەوە خراوەتە ڕوو: “لەبارەی داهاتی ناوخۆوە، عەلی حەمەساڵح و عومەر گوڵپی بە ناشارەزایی و نەزانی چەند لێکدانەوەیەکی نادروستیان بۆ داتاکان کردووە.”

باس لەوەش كراوە: “عەلی حەمەساڵح دەڵێت وەزارەتی دارایی پێشتر ڕایگەیاندووە داهاتی مانگانەیان 400 ملیار دینارە، ئەو قسەیە هیچ بنەمایەکی نییە و هیچ کات وەزارەتی دارایی ئەو ئامارەی بڵاو نەکردووەتەوە، داهاتی ناوخۆ ژمارەیەکی جێگیر نییە و مانگانە بەرز و نزم دەکات.”

دەقی ڕوونكردنەوەكە:

(يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِن جَاءَكُمْ فَاسِقٌ بِنَبَإٍ فَتَبَيَّنُوا أَن تُصِيبُوا قَوْمًا بِجَهَالَةٍ فَتُصْبِحُوا عَلَىٰ مَا فَعَلْتُمْ نَادِمِينَ)

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی چاوپێکەوتنێکی وەزیری دارایی و ئابووری لە کەناڵێك دا، کە تێیدا داهاتی ناوخۆی 5 مانگی رابردووی هەرێمی کوردستانی خستبووە روو، هەریەک لە (عەلی حەمە ساڵح) ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و (عومەر گوڵپی) کاندیدی دەرچووی پەرلەمانی کوردستان بە ناشارەزایی و نەزانی چەند لێکدانەوەیەکی نادروستیان بۆ داتاکان کردووە، ئەوەی پەیوەندی بەوەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە هەیە بە پێویستمان زانی لەم چەند خاڵەی خوارەوە وەڵامیان بدەینەوە.

1_ لەدەستپێکی قسەکانیدا (عەلی حەمەساڵح) دەڵێت وەزارەتی دارایی پێشتر رایگەیاندووە داهاتی مانگانەیان 400 ملیار دینارە، ئەو قسەیە هیچ بنەمایەکی نییە و هیچ کات وەزارەتی دارایی ئەو ئامارەی بڵاونەکردووەتەوە، داهاتی ناوخۆ ژمارەیەکی جێگیر نییە و مانگانە بەرز و نزم دەکات.

بەخشتەیەک داهاتی ناوخۆی 7 ساڵی رابردوو دەخەینە روو کە مانگانە لە راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە تۆمار کراوە و لەلایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە وردبینی بۆ کراوە و وەزارەتی دارایی عێراقیش هیچ رەخنەیەکی لێی نەبووە، جێی خۆیەتی لە کاک عەلی بپرسین بێزەحمەت ئەم 400 ملیارەت لەکوێ هێناوە؟

2- هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت داهاتی خاڵە سنوورییەکان مانگانە 140 ملیار دینارە، ئێستا چۆن ڕێی تێدەچێت 40 ملیار دینار بێت،  داهاتی خاڵە سنوورییەکانیش هاوشێوەی داهاتەکانی تر بەردەوام لەگۆڕاندایە، لە رابردوو  هەر ژمارەیەک بووبێت لە راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە دەرکەوتووە و تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان خۆیان لە گومرگ و دەروازەکان وردبینییان کردووە و ژمارەکانیان لە بەردەست بووە و هیچ لایەنێکی فەرمی و یاسایی رەخنەیان لێی نەبووە، نازانین سەرچاوەی ئەو زانیارییانەی کاک عەلی باسیان دەكات چییە؟

بۆ هەموو ئەوانەی داتاو زانیاری ناڕاست بڵاو دەکەنەوە، لامان سەیرە ئەو بەڕێزانە تا ئێستا ئاگاداری دۆخ و فشار و ئابڵوقەی سەر هەرێمی كوردستانن یان نا، هەروەک ئەوەی لێرە نەژین، لە هەموو بوارەکانی باج و گومرگ و بیمە و هتد…. کە فشارێکی ئابووری و بازرگانی توندی لەسەر هەرێمی كوردستان داناوە.

سەرباری شەڕی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کە کاریگەریەکانی گەیشتووەتە سەرتاسەری دنیا و کاریگەری راستەوخۆشی لەسەر عێراق کردووە، بە چ لۆژیکێک کاریگەری لەسەر كوردستان نابێت؟

ڕاستیەکەش ئەوەیە هەروەک بەپێی داتا و زانیارییەکانی وەزارەتی دارایی و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە دەرکەوتووە بەنزیکەیی لە 70% داهات کەمبووەتەوە.

3- لە بەشێکی تری قسەکانیدا باس لە داهاتی هاتووچۆ دەکات، سەرباری ئەوەی سەرچاوەی زانیارییەکانی لای ئێمە ڕوون نییە و وەزارەتی دارایی/ ژمێریاری لێی بەرپرس نییە، ژمارەکە هەرچەندێک بێت مانای ئەوە نییە ئەوە داهاتی کۆتاییە و دەچێتە خەزێنەی گشتییەوە، بەڵکوو بەپێی یاسا و رێنماییە بەرکارەکان وەزارەتی ناوخۆ و چەند وەزارەتێكی تر بەشێک لە داهاتییان بۆ خۆیان دەبێت (بۆ پێداویستیەکانیان بەپێی تایبەتمەندییان)، ئەوەی دەمێنێتەوە لەو رێژەیە دەبێتە داهاتی کۆتایی.

4- لە درێژەی قسەکانیدا (عەلی حەمە ساڵح) دێتە سەر داهاتی کارەبا و مانگانە بە  90 ملیار دیاری دەکات، بەشێکی ئەم ژمارەیە کە ئێمە لێی دڵنیا نین، قەرزی فرۆشتنی کارەبایە لای هاووڵاتیان و کۆمپانیاکان، بڕێکی  تریشی تایبەتە بەکرێی فرۆشتنی کارەبا بە وەزارەت و فەرمانگە حکوومییەکان کە بە تەنها  چەک و مەقاسەیە لەنێوان وەزارەتەکان، واتە وەک ژمارە دەردەکەوێت بەبێ بوونی کاش ئەوەی دەمێنێتەوە وەک کاش بەكردەیی(فیعلی) بەکار دەهێنرێت کە زۆر لەو 90 ملیارە کەمترە، ئەوە سەرباری ئەوەی بەشێک لە داهاتی کارەبا راستەوخۆ دەدرێتەوە بەخۆیان بەمەبەستی بەکارهێنانی تێچووی چاکكردنەوەی وێستگەکان و محاویلە و تۆڕەکانی گەیاندنی کارەبا و …….هتد.

لە کۆتایی دا پرسیار لەو بەڕێزانە دەکەین بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و چەواشەکردن کێ لێی سوودمەندە؟

دووپاتی دەکەینەوە لە چەند ساڵی رابردوودا دیوانی چاودێری دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی فیدراڵ لارییان لەم زانیاریانەی حکوومەتی هەرێمی كوردستان نەبووە، جێگەی سەرسوڕمان و تێڕامانە ئەم بەڕێزانە بۆ لە مەلیک مەلیک ترن.

ئێمە تێکڕای قسەکانی ئەو بەڕێزانە ڕەتدەکەینەوە، چەند بارەشی دەکەینەوە دەتوانن هەرکات ویستیان سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری بکەن بۆ ئەوەی تووشی هەڵە نەبن و لەسەرچاوەی راستەوخۆ کە ئێمەین زانیارییەکان وەربگرن.