تاوەكو ئێستا ملیۆنێك و 168 هەزار فەرمانبەرو مووچەخۆر تۆمار کراون و زیاتر لە 830هەزار کارتی بانکی دابەش کراوەو بۆ مووچەی مانگی ئایاریش 800 هەزار کەس لە ڕێگەی 635 ئامێری ڕاکێشانی پارە ( ATM ) ەوە مووچەیان وەرگرتووە.
بەپێی راگەیاندراوێكی وەزارەتی دارایی ڕۆژی سێشەممە2ی حوزەیران، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
ئاماژە بەوە دراوەن لە کۆبوونەوەکەدا گفتۆگۆ لەسەر دواین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی هەژماری من کراو جەخت لەسەر خێراترکردنی پڕۆسەی تۆمارکردنی سەرجەم مووچەخۆران لە نزیکترین کاتدا کرایەوە.
لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکە باس لە هەنگاوەکانی گواستنەوەی پڕۆژەکە بۆ سەر وەزارەتی دارایی کرا کە لە ئێستادا بەچەند قۆناغێک دەستی پێکردووەو بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا بەتەواوی پرۆژەکە ڕادەستی وەزارەتی دارایی بکرێت.
ئاشكراشی كردووە، هاوکات لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکە بە داتاو زانیاری دوواین هەنگاوەکانی پڕۆژەی هەژماری من خرایەڕوو، بەجۆرێک تا ئێستا ملیۆنێك و 168 هەزار فەرمانبەرو مووچەخۆر تۆمار کراون و زیاتر لە 830هەزار کارتی بانکی دابەش کراوەو بۆ مووچەی مانگی ئایاریش 800 هەزار کەس لە ڕێگەی 635 ئامێری ڕاکێشانی پارە ( ATM ) ەوە مووچەیان وەرگرتووە.
بەپێی راگەیاندراوەكە لەئێستادا پڕۆسەی تۆماکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لەسەر داهات و پەرەپێدان و میلاكات دەستی پێکردووەو نزیکەی 50هەزار مووچەخۆر ماون کە خۆیان تۆمار بکەن کە بەشی زۆریان میراتگری خانەنشینن و بەشێکیشیان دانیشتووی دەرەوەی کوردستانن.
هاوکات ئاماژە بەوەشکراوە لە کۆی 474 هەزارخانەنشین و کەسوکاری شەهیدو سودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی تا ئێستا 418 هەزاریان تۆمار کراون و 220هەزار مووچەخۆریشیان کارتی بانکیان وەرگرتۆتەوە.
بەپێی راگەیاندراوەكە لەبەشی کۆتایی کۆبوونەوەکە وەزیری دارایی تیمەکەو لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد هەموو هەوڵ و توانای خۆیان لەگەڵ بانکەکان بخەنەگەڕ بۆ چارەسەری ئەو کێشەو گرفتانەی لەماوەی ڕابردوو دروست بووە، بەتایبەت کێشەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە و ئەو کێشانەی پەیوەستە بەخانەنشینان لەکاتی وەرگرتنەوەی کارتی بانکەکانیان و میکانیزمی نوێ بۆ تۆمارکردنی ئەو خانەنشینانەی نەخۆش و پەککەوتەن و ناتوانن سەردانی بانکەکان بکەن.