لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، گرنگییەكی زۆر بە رێگاوبان دراوە و سەرووی پێنج ترلیۆن دینار لە پڕۆژەكانی رێگاوبان خەرج كراوە و زیاتر لە سێ هەزار كیلۆمەتر رێگای تازە دروست كراون یان نۆژەن كراونەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 31ـی5ی 2026، فەرمانگەی میدیا و زانیاری، راپۆرتێکی گشتگیری لەسەر دەستکەوتەکانی کەرتی ڕێگاوبان لە ماوەی ساڵانی (2026 – 2019)، لە كابینەی نۆیەمدا بڵاو کردەوە.

بەپێی وردەكاریی راپۆرتەكە كە وێنەیەكی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، لە كابینەی نۆیەمدا پڕۆژە تەواوبووەکانی رێگاوبان 810 پڕۆژەی جۆراوجۆرن و بە کۆی گشتیی یەک ترلیۆن و 57 ملیار دینار تەواو کراون و  زیاتر لە سێ هەزار كیلۆمەتری رێگای نوێ دروست کراون، یان نۆژەن کراونەتەوە.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، پڕۆژە ستراتیژییەکان کە لە قۆناغی جێبەجێکردندان، ژمارەیان 227 پڕۆژەی ستراتیژیین كە بەدرێژایی 2,239 کیلۆمەتر و بە بودجەی چوار ترلیۆن و 179 ملیار دینار کاریان لەسەر دەکرێت.

دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانەکان لە هەرێمی کوردستان

لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەش دراوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سێ شێوازی جیاواز کار لەسەر دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانەکان دەکات و بودجەیان بۆ دابین دەکات، ئەویش لە چوارچێوەی بودجەی وەبەرهێنان، بودجەی ئاسایی رێگاوبان و تەرخانکردنی 30%ی داهاتی وێستگەکانی کێش بۆ پڕۆژەکانی رێگاوبان، لەم چوارچێوەیەدا، لە ماوەی مانگی تەممووزی 2019 تاوەکوو سەرەتای ئایاری 2026، توانراوە 810 پڕۆژەی گرنگی رێگاوبان دروست بکرێن یان نۆژەن بکرێنەوە.

پڕۆژە تەواوبووەکان لەسەر بودجەی وەبەرهێنان

ئەو پڕۆژانەی لە چوارچێوەی بودجەی وەبەرهێنان جێبەجێ کراون، زۆربەیان پڕۆژەی ستراتیژین و رۆڵی گرنگیان لە بەستنەوەی شار و شارۆچكە و گوندەکان بەیەکەوە هەیە، بەهۆی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانەوە توانراوە 104 پڕۆژەی ستراتیژیی گرنگ جێبەجێ بکرێن.

پڕۆژە تەواوبووەکان لە چوارچێوەی بودجەی ئاسایی

لە چوارچێوەی بودجەی ئاسایی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، توانراوە 451 پڕۆژە تەواو بکرێن کە زۆربەی پڕۆژەکان لە چوارچێوەی نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی ڕێگا و قیڕتاوکردنەوە لەخۆ دەگرێت.

تەواوکردنی پڕۆژەکان لەسەر بودجەی %30ـی داهاتی وێستگەکانی کێش

لە هەرێمی کوردستان 40 وێستگە و پایەی تایبەت بە کێشکردن هەن کە دابەشبوونە بەسەر سەرجەم شار و شارۆچکە و ئیدارە سەربەخۆکان، %30ـی داهاتی کێشکردنی بارهەڵگرەکان لەم وێستگانە بۆ دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانەکانی هەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێت.

 پڕۆژە ستراتیژییە بەردەوامەکان

ئەوەش خراوەتە ڕوو، جگە لە تەواوکردنی زیاتر لە 800 پڕۆژەی ڕێگاوبان و بەستنەوەی شار و گوندەکان بەیەكەوە، هاوکات سەدان پڕۆژەی دیکەی گرنگیش لەژێر جێبەجێکردندان، لێرە ئاماژە بە گرنگترین و ستراتیژیترین پڕۆژەکانی ڕێگاوبان دەدەین کە لە قۆناغی جێبەجێکردندان:

1- پڕۆژەی رێگای دووسایدی کۆڕی- شەقڵاوە- قەندیل: 

ئەم پڕۆژەیە بە گوژمەی 97 ملیار و 375 ملیۆن دینار جێبەجێدەکرێت و تاوەکوو ئێستا %50ـی کارەکانی تەواو کراوە.

2- پڕۆژەی دووسایدی کۆیە- هەولێر: 

گوژمەی ئەم پڕۆژەیە 683 ملیار دینارە و درێژییەکەی 48 کیلۆمەترە،  تاوەکوو ئێستا نزیکەی %40ـی کارەکانی تەواو کراوە.

3- پڕۆژەی رێگا و پردی بەستی شەرغە لە کۆیە:

 ئەم پڕۆژەیە بە گوژمەی 10 ملیار و 897 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت و تاکوو ئێستا نزیکەی %10 تەواو کراوە.

4- پڕۆژەی دروستکردنی رێگای دووسایدی دووکان – چوارقوڕنە: 

بەدرێژایی 35 کیلۆمەتر و بە گوژمەی 260 ملیار و 699 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت و تاوەکوو ئێستا %16ـی کارەکانی جێبەجێ کراوە.

5. پڕۆژەی ڕێگای کەلار- دەربەندیخان: 

بەدریژایی 40 کیلۆمەتر لەگەڵ پارچەی وارماوە تاوەکوو دەمی تونیلی دەربەندیخان، هەروەها لەگەڵ دروستکردنی 22 پڕۆژەی دیکەی جۆراورجۆر لە ڕێگای سەرەکی و ڕێگای گوندەكان. گوژمەی ئەم پڕۆژەیە 591 ملیار و 860 ملیۆن دینارە، تاوەکوو ئێستا %30ـی کارەکانی تەواو کراوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەش کردووە، کارکردن لەم پڕۆژانە بەردەوامە؛ بەڵام بەهۆی کێشە داراییەکان و نەناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵیی عێراق، جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە ستراتیژییانە کەمێک سستییان بەخۆیەوە بینیوە، لەگەڵ ئەمەش، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی داوە لە داهاتی ناوخۆ ماوە ماوە پارە بۆ جێبەجیکردنی ئەو پڕۆژانە تەرخان بکات، بۆ ئەوەی بەردەوام بن کە لە کارکردن تیایاندا.