بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژە بەوە دەدات، لەپێناو پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتیان و كەمكردنەوەی مەترسییەكان، گواستنەوەی غازی شل (LPG) لە ڕۆژدا قەدەغە کرا.
ئەمڕۆ یەكشەممە 31/5/2026، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئاگادارییەكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا هاتووە: “لەپێناو پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتیان و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پەیوەست بە گواستنەوەی مادە سووتەمەنییە هەستیارەکان، گواستنەوەی غازی شل (LPG) لە کاتی ڕۆژدا قەدەغەیە.”
ئەوەش خراوەتە ڕوو، بەپێی ڕێنمایی ژمارە 1ی مادەی 4ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان و کۆمپانیاکانی گواستنەوەی غازی شل، پێویستە لە بەرواری 1/6/2026 بۆ 1/10/2026، تەنیا لە کاتە دیاریکراوەکانی شەودا کار بکەن، تاوەكوو دوور بن لە ئەگەری ڕووداوی نەخوازراو.
لە ئاگادارییەكەدا داوا لە هەموو خاوەن کۆگا و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان كراوە “پابەند بن بە ڕێنوێنی و مەرجە یاساییەکان،” ئاگاداریشیان دەكەنەوە “لە کاتی جێبەجێنەکردنی بڕیارەکە بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.”
بەرگریی شارستانیی هەولێر جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەم هەنگاوەیان، بەشێکە لە پلانەکانی بەرگریی شارستانی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پاراستن و خۆپارێزی و دڵنیابوون لە سەلامەتیی گیان و ماڵی هاووڵاتیان لە هەموو کاتێکدا.