ئەمساڵیش وەک هەموو ساڵێك لە رۆژانی جەژنی قورباندا، بە مەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی شار و سەر و ماڵ و سەلامەتیی گیانی هاووڵاتیان، پلانی پارێزگای هەولێر بۆ ئەم جەژنەش به‌ سەركەوتوویی راگەیاندرا.

بەپێی راگەیانراوێكی نووسینگەی پارێزگاری هەولێر كە ئەمڕۆ یەكشەممە 31/5/2026، بڵاوی كردووەتەوە، بە سەرپەرشتیی پارێزگاری هەولێر و بەپێی ئەو ئامادەكاری و پلانانەی بۆ رۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆز، بە مەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی شار و سەر و ماڵ و سەلامەتیی گیانی هاووڵاتیان ئامادەكاریی بۆ كرابوو، پلانەكە وەك خۆی و بە سەركەوتوویی و بەبێ گیروگرفت جێبەجێ كرا.

نووسینگەی پارێزگاری هەولێر سەركەوتنی پلانەكەی خۆی بە چەند خاڵێكی پەیوەست بە بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەكانەوە خستووەتە ڕوو و تیایدا هاتووە:

یه‌كه‌م/ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیی پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر:

سەرجەم هێزەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر لە هەموو بەش و هۆبەكان لە رۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆز لە ئامادەباشیی تەواودا بوونە و پلانەكان وەك چۆن داڕێژرابوون، تەواوی بڕگەكان وەك خۆی و بە سەركەوتوویی جێبەجێ كراون، له‌ كۆی گشتیی هەرچوار ڕۆژی جەژنی قورباندا 113 ئەفسەر و هەزار و 532 كارمەند له‌ ئه‌ركدا بوون.

رووداو و شێوازه‌كانیش به‌م شێوه‌ی خواره‌وه‌ بوون: سێ تاوانی كوشتن (پیاو و ئافره‌ت) تۆمار كراون و هه‌روه‌ها چه‌ند حاڵه‌تێكی شه‌ڕ و چوار حاڵه‌تی دزیكردنیش تۆمار كراون، له‌گه‌ڵ چه‌ند رووداوێكی جۆراوجۆر.

دووه‌م/ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گەشتوگوزاری هه‌ولێر:

ئاماری گشتیی ژمارەی هاتنی گەشتیار و رووداوەكانی رۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆزی ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای هه‌ولێر، بەم شێوەیەی خوارەوە بووە:

سەبارەت بە پلانی گەشتوگوزار، بۆ رۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆز، وەك چۆن داڕێژرابوو، تەواوی بڕگەكانی وەك خۆی و بە سەركەوتوویی جێبەجێ كران، لەوانەش دانانی لیژنەی تایبەت بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ گەشتیاران لە بازگەكان و دابەشكردنی ژمارەی تەلەفۆنی لیژنەكان بەسەر گرووپە گەشتیارییەكان و گەشتیاران، بۆ ئەوەی هاوكار بن بۆ چارەسەركردنی هەر رووداو و گیروگرفتێك. هەروەها جەخت  کراوەتەوە کە شاری هەولێر توانیی پێشوازی لە 112 هەزار و 657 گەشتیاردا بکات کە لە ڕێگای دەروازەکان لە رۆژانی پشووی جەژن هاتنە ناوەوەی شاری هەولێر و سەردانی هەولێر و ناوچە گەشتیارییەکانیان کرد.

سێیه‌م/ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیی هاتوچۆی پارێزگای هه‌ولێر:

سەبارەت بە پلانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر بۆ رۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆز، وەك چۆن داڕێژرابوو، تەواوی بڕگەكانی وەك خۆی و بە سەركەوتوویی جێبەجێ كران، بەڵام بەداخەوە بەهۆی پابەندنەبوونی شوفێران بە رێنمایی و یاساكانی هاتوچۆ و لێخوڕینی خێرا، چوار رووداوی هاتوچۆ روویان دا و لە ئەنجامیاندا كەسێك بریندار بوو.

چواره‌م/ بەرگریی شارستانیی هه‌ولێر:

تەواوی بنكەكانی بەڕێوبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر بۆ رۆژانی جەژنی رەمەزانی پیرۆز لە ئەركدا بوون، لەو ماوەیەشدا پێنج حاڵەتی ئاگركەوتنەوە لە ماڵی هاووڵاتیان و دوو ئاگرکەوتنەوەی ئۆتۆمبێل و سێ ئاگرکەوتنەوە لە دوکان و چێشتخانە و 51 حاڵەتی سووتانی پووش و پاوان تۆمار کران، سەرجەم حاڵەتی ئاگركەوتنەوەكانیش لەلایەن تیمەكانی بەرگریی شارستانییەوە كۆنترۆڵ كراون، خۆشبەختانە جگە لە زیانی مادی، هیچ زیانێكی گیانییان لێ نەكەوتەوە.

پێنجه‌م/ ئاسایشی هەولێر:

بەپێی ئەو پلان و ئامادەكارییانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر داڕێژرابوو، وەك خۆی و بەبێ هیچ گرفتێك جێبەجێ كران و بۆ هەر حاڵەتێكی پێویستیش، سەرجەم هێزەكانی ئاسایش لە ئەركدا بوون.

شه‌شه‌م/ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هه‌ولێر:

لە رۆژانی جەژنی قورباندا، تەواوی تیمە تەندروستی و نەخۆشخانەكان لە ئەركدا بوون، ئاماری پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی لە ڕۆژانی 26- 27- 28- 29- 30 /5 /2026 بەم شێوەیە بووە:

 لە هەردوو بەشی فریاکەوتنی ڕۆژئاوا و بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ڕزگاری:

۱. سەردانی (3004) هاووڵاتی بۆ مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری.

۲. بەگشتی (216) رووداو:

–  (137) ڕووداوی هاتوچۆ و ماتۆرسکیل.

– (134) حاڵەتی بەربوونەوە.

– (11) حاڵەتی گەستنی سەگ.

۳.  (70) حاڵەتی سکچوون و ڕشانەوە.

٤. (17) حاڵەتی پێوەدانی مار و دووپشک.

٥.  (35) حاڵەتی ژەهراویبوون بەخۆراک.

٦. (٥٨٤) بوتڵ خوێن لەلایەن سەنتەری بانکی خوێن بۆ نەخۆشخانەکان دابین کراوە.

۷. بەگشتی (195) نەشتەرگەری، لەوانە (19) نەشتەرگەریی گەورە (176) نەشتەرگەریی بچووک ئه‌نجام دراوه‌.

٨. (601) پێشوازیکردنی نەخۆش لە هەردوو سەنتەری شوشتنی گورچیلە و بەشی شوشتنی دەستکرد لە نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری.

۹. (227) لەدایکبوون، لەوانە 97 منداڵبوون بەئاسایی و  132 منداڵبوون بە نەشتەرگەری.

نووسینگەی پارێزگاری هەولێر له‌ كۆتایی راگەیانداوەكەیدا به‌ناوی پارێزگاری هه‌ولێره‌وه‌، دەستخۆشی لە یەكە كارگێڕی و ئیدارییەكان و هێزە تەناهییەكان، ئاسایشی هه‌ولێر و پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر و گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر و به‌رگریی شارستانی و تیمەكانی شارەوانی و ژینگەپارێزان لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان كردووە كە لە ماوەی چەند ڕۆژی رابردوودا وێڕای پشووی فەرمانگەكانیان، به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی قوربان لە ئەركدا بوون.

لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە: ”جارێكی دیكە وەك پارێزگای هەولێر، هاووڵاتیان و هاوشارییانی خۆشەویستی هەولێری پایتەخت دڵنیا دەكەینەوە، وەك هەمیشە لە خزمەتیاندا دەبین بۆ دەستەبەركردن و گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان بە هەموو توانایەكمانەوە و بە پشتبەستن بە توانا و چاوكراوەیی هێزە تەناهییەكان، شەو و رۆژ دەخەینە سەر یەك بۆ پاراستنی سەلامەتی و پارێزگاریكردن لە سەر و ماڵیان.”