ڕۆشنا عەلی
وەک ئاشکرایە ماوەی سێ ساڵە وەزارەتی پەروەردە پڕۆسەی ڕاهێنەرانی دەست پێ کردووە، کە پڕۆژەیەکە بە مەبەستی ڕاهێنانی مامۆستایان لە ناوەندەکانی خوێندن و تێیدا نزیکەی (٦٠٠-٦٥٠) مامۆستای لە ناوەندەکانی خوێندنی حکوومییەوە هێنایە دەرەوە و ناونیشانی «مامۆستای ڕاهێنەر»ی پێ بەخشین. ئەم مامۆستایانە، جگە لە وتنەوەی یەک وانەی کۆتایی لە قوتابخانەکاندا بە شێوەی هەفتەی جارێک، هیچ ئەرکێکی دیکەیان نییە و هاوکات خۆشیان ڕاهێنان دەکەن. ئێستا ماوەی دوو ساڵە پڕۆسەی ڕاهێنان وەستاوە و لە کۆتاییی ساڵیشدا هەژمار ناکرێت، هاوکات لەبەرامبەر هەڵسەنگاندنی (باش یان خراپی) هەر مامۆستایەکیش -ئەگەر کرابێت- نە پاداشت و نە سزا بوونی نییە. ئەوەی تێبینی دەکرێت ئەوەیە کە بەشێک لەو مامۆستایانەی کاتی خۆی بوون بە ڕاهێنەر، لە پڕۆسەکە سارد بوونەتەوە و بڕوایان بە میکانیزمی کارەکە نەماوە؛ پێیان وایە ئەو ئامانجەی پڕۆسەکەی لە پێناودا داڕێژرا، هەنگاوێکیش لێی نزیک نین. ئەوەندەی منیش ئاگادار بم، چەندین مامۆستای ڕاهێنەر داواکاریی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش کردووە، بەڵام قبووڵ نەکراوە. ئێستا کە ناوەندەکانی خوێندنی حکوومی پێویستییەکی زۆریان بە مامۆستا و میلاک هەیە (دوای ئەوەی هەزاران مامۆستا خانەنشین بوون)، کەواتە ئەرکێک کە نەبوونی باشترە لە بوونی، بۆچی کۆمەڵێک مامۆستای بە ئەزموونی پێوە سەرقاڵ کراوە؟ ئەگەر ئەو مامۆستایانە خۆیان لەناو ناوەندەکانی خوێندندا بن، دڵنیام کاریگەرییان زۆر باشتر دەبێت و دەکرێت هەندێکیشیان وەک بەڕێوەبەر سوودیان لێ وەربگیرێت. هەڵبەتە مەبەستم ئەوە نییە کە ڕاهێنانی مامۆستایان خراپە، بەپێچەوانەوە کارێکە ئەمڕۆ نەبێت سبەی هەر دەبێت بکرێت، بەڵام کام ڕاهێنان؟ ئەو پڕۆسەیەی کە کرا، خراپترین جۆرییەتی لەبەر چەند خاڵێک، لەوانە:
١- مامۆستا دوای وتنەوەی سێ وانە، ناتوانێت بەو پەڕی توانایەوە گوێ لە وانەی مامۆستایەکی تر بگرێت.
٢- مامۆستا پێویستی بە شارەزایی هەیە لە شێوازی وتنەوەی وانە و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لەم سەردەمەدا، بەڵام ئەم جۆرە ڕاهێنانە، جگە لە چەند تیۆرییەکی وشکی کارپێنەکراو هیچی تر نییە؛ مەگەر مامۆستای ڕاهێنەرەکە خۆی توانای نوێکردنەوە یان گونجاندنی بابەتەکانی هەبێت لەگەڵ ئەو سیستمەی ئێمە پەیڕەوی دەکەین.
٣- ڕاهێنانی یەک یان دوو ڕۆژ لە هەفتەیەکدا، ئەو مامۆستایەت بۆ دروست ناکات کە بتەوێت پڕۆسەی پەروەردەی پێ بەرەو پێش ببەیت.
٤- مامۆستای ڕاهێنەر خاوەن یەک پسپۆڕییە، ڕەنگە لە هەندێک پسپۆڕی تردا شارەزایی نەبێت و بەدیار مامۆستاکەوە دەستەوسان بێت، ئەوەش ئەنجامێکی دروست بۆ هەڵسەنگاندن نادات بەدەستەوە. ڕەنگە خاڵی زۆر هەبن کە ببنە هۆکار، بەڵام من لێرەوە دەمەوێت بڵێم: ئەگەر ڕاهێنان گرنگە، دەکرێت بکرێتە پڕۆسەیەکەی گشتگیر و بەرنامەبۆداڕێژراو و لە پشووی هاویندا بۆ مامۆستایان ئەنجام بدرێت؛ بۆ هەموو ئەو بابەتانەی جیهانی ئەمڕۆ کە پێویستیی گەورەن بۆ پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن. مامۆستایانی ڕاهێنەر کە دڵنیام خۆشیان ئەم ڕاستییانە دەزانن و تێبینیی زۆریان هەیە، دەیانەوێت دەست لەکار بکێشنەوە، چونکە زۆرێکیان پێیان قبووڵ ناکرێت دەوام نەکەن و هاوکات ناونیشانی مامۆستایان هەبێت و ئەرکەکانیان هەڵپەسێردرابێت؛ لە کاتێکدا هاوپیشەکانیان (کە ئەمان ڕاهێنانیان پێ دەکەن) تا کۆتا تاقیکردنەوە لە دەوام و ئەرکی فەرمیدان. کەواتە ئەگەر ئەم پڕۆسەیە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، باشترە دەست لەکار بکێشنەوە و وەزارەتیش داواکارییەکەیان قبووڵ بکات، چونکە بەم شێوازە تەنانەت مامۆستایانیش لەم جۆرە هەڵسەنگاندنە سوودمەند نابن.