وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی بەغدا زیاتر لە 80 ملیار دیناری لە پارەی تەمویلی مووچە کەمتر ناردووە، بەڵام هەر ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار دەکرێت و کورتهێنانەکەش بە قەرز پڕ دەکرێتەوە.

 بۆ نەهێشتنی هیچ بیانوویەک، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پێش تەواوبوونی مانگ، بڕی 50 ملیار دیناری وەک نیوەی داهاتی نانەوتیی مانگی ئایار خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق.

٠ لە بەرامبەردا، کاتژمێر 3ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بەغدا لە کۆی (970 ملیار و 741 ملیۆن دینار)، تەنیا بڕی (890 ملیار و 502 ملیۆن دینار)ـی خستە سەر هەژماری هەرێمی کوردستان، بەمەش زیاتر لە 80 ملیار دینار کەمتر لە کۆی تەمویلی مووچە نێردراوە.

 وەزارەتی دارایی بڕیاریداوە لەپێناو ئەوەی هیچ مووچەخۆرێک بێبەش نەبێت و پێش جەژن شایستەکانیان وەربگرن، ئەو کورتهێنانەی دروست بووە لەڕێگەی وەرگرتنی قەرزەوە پڕ بکاتەوە.

سەرەڕای پشووی فەرمی، وەزارەتەکە سەرجەم بانک و گەنجینەکانی ڕاسپاردووە کە ئەمڕۆ لیستی مووچە بڵاوبکەنەوە و دەست بە دابەشکردنی بکەن. پرۆسەکەش لە ڕۆژانی جەژندا لە دوای کاتژمێر 10ـی بەیانییەوە (بە کاش و هەژماری من) بەردەوام دەبێت.