فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی هاوێشتنی مووشەک لە باشووری ئێران و ئەو بەلەمانەی هەوڵیان دەدا مینی دەریایی بچێنن؛ ئەم هێرشانە لە کاتێکدان شاندی باڵای دانوستاندنکاری ئێران بۆ گفتوگۆکانی کۆتاییهێنان بە جەنگ لەقەتەرن.

تیم هاوکینز، گوتەبێژی سێنتکۆم رایگەیاند: “هێزەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ هێرشی بەرگری لەخۆکردنیان لە باشووری ئێران کرد، بۆ پاراستنی سەربازەکانمان لەو هەڕەشانەی لە لایەن هێزە ئێرانییەکانەوە دروست دەکرێن.” سێنتکۆم وردەکاریی زیاتری لەسەر هێرشەکان نەدا و تەنیا ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجەکان پێگەی هاوێشتنی مووشەک و ئەو بەلەمانە بوون کە هەوڵیان دەدا “مین بچێنن”.

ئەم هێرشانە مەترسی بۆ سەر ئەو ئاگربەستە لەرزۆکە دروست دەکەن کە لە 8ـی نیسانەوە کراوە، لەکاتێکدا ئەمریکا و ئێران لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگێک کە ئابووریی جیهانی شڵەژاندووە و بووەتە هۆی پەککەوتنی رەوتی گواستنەوەی وزە.