سهرهتا وتار ڕۆڵ و کاریگەرییە فەرهەنگییەکانی حوسێن حوزنی موکریانی
عەباس غەزالی میرخان
جێی شانازییە کە لە شوێنێکدا یادی کەسایەتییەک دەکەینەوە کە سەدەیەک بەر لە ئێستا خەڵکەکەی بە جیاوازی پێشوازییان لە هزر و کارەکانی کرد و ئەوڕۆش بە بەرزی یادی دەکەنەوە. هەروەها ناوچەی سۆران ئەو شانازییەی هەیە کە ئەو کات بووە شوێنی یەکەمین چاپخانەی کەرتی تایبەت لە باشووری کوردستان. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە کۆمەڵگەکەی ئەو کات توانای ئەوە هەبووە کە ئەو کاروبارانە هەڵبگرێت.
مامۆستا «سەید حوسێن حوزنی موکریانی»، وەک مێژوونووس، شاعیر و ئەدیب، هونەرمەند، ڕۆژنامەوان و پیشەگەری چاپ، چەندین کاری گرینگی کردوون کە لە دیدگەیەکدا جێی وەبیرهێنانەوەیە، مامۆستا «حوزنی» لەو سەردەمدا وەک گەڕیدەیەکی وڵاتان، بەپێی شارەزایی لە گۆڕانکارییە نوێیەکانی ڕۆژئاوا و ئەو ڕەوتە فەرهەنگی و سیاسییەی کە لەوێدا سەری هەڵدا و کاریگەری لەسەر ناوچەکە دانابوو، بە ڕەچاوکردنی دۆخی فەرهەنگیی خۆماڵی، گواستییەوە کوردستان. جگە لە تۆمارکردنی مێژووی کورد، ڕەوتێکی ڕۆشنبیری لەو پارچەیەی کوردستاندا دەست پێکرد کە پێش جەنگی جیهانیی یەکەم کەوتبووە ژێر کەشی کەلتووریی عوسمانی. بەو کارەی یەکێتییەکی فەرهەنگی لە نێوان کورداندا ساز کرد. لە زەینی فەرهەنگیی ئەودا کوردستان سنووری ناوخۆیی نیە و لە هەر پارچەیەکدا کە بۆی کرابا دەبووە دەنگی ناسنامەی نەتەوەکەی. هەروەها بە بەرهەمەکانییەوە وێنەیەکی شوناسی ڕەسەنی کوردی بە کوردناسانی بیانی پێشان دەدایەوە.
جگە لە کاری ڕۆشنگەری، بە پیشەسازیی چاپ و فۆتۆگڕاف دوو کاری بناغەیی کردوون کە بوونە هۆی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی. ئەو یەکەمین کەس بوو کە ژێرخانی چاپی بە شێوەیەکی تایبەت لە باشووری کوردستان دانا. کاریگەریی ئەو کارەی ئەوە بوو کە مەیدانێکی بەرینی بۆ زانست و خوێندن کردەوە، پەرەی بە زمانی کوردی دا کە دەتوانرێ بۆ بناغەدانانی زمانی ستاندەر کەلکی لێوەربگیرێ، بووە سەنگەرێکی تر بۆ پاراستنی ناسنامەی کورد و هەروەها بووە هۆی ئاگایی و وشیاربوونەوەی زیاتری لاوانی کورد.
هەروەها لە ڕێگەی کامێراوە، واتە بە زمانی وێنە، کە بە بەڵگەی مێژوویی دەژمێردرێن، خزمەتی بە تۆمارکردنی ڕووداوە مێژووییەکان کرد و وێنەی ناودارانی کوردی بۆ نەوەی داهاتوو گواستەوە و دیمەنی کەلتووری ڕەسەنی کۆمەڵگەشی پاراست. هاوتەریبی ئەو ئامانجانە، ڕۆژنامەگەریی وێنەیی لە ناو کورددا داهێنا کە کاریگەرییەی هەستپێکراوی لە سەر جڤاکەکەی هەبوو.
ئەگەرچی لە هەرێمی کوردستاندا بە بەرزی یادی دەکرێتەوە، پەیکەرەی بۆ دانراوە، بەرهەمەکانیشی چاپ کراونەتەوە و هەروەها هزر و بیری ئەو لە چوارچێوەی دەزگای زاری کرمانجیدا بەردەوامە، بەڵام گرینگە بە مەبەستی بەرهەمهێنان و کاریگەریی زیاتر چەند کارێکی تریش بکرێن؛ بۆ نموونە:
1. پێشانگەی وێنەکانی «حوزنی« و »گیوی موکریانی« بکرێتەوە و وێنەکانیان لە ئەرشیفێکی کراوەی ئەنتەرنێتیدا، بەردەست بکرێن.
2. سەفەرنامەی «حوزنی« بکرێتە بەرهەمی سینەمایی و بە نەوەی تازە نیشان بدرێتەوە.
3. فۆنتێکی پەرەپێدراوی کوردی، بە ناوی (فۆنتی حوزنی)، بە سوودوەرگرتن لە قەڵەمی ڕۆژنامەی کۆنی زاری کرمانجی دابهێنرێت.
4. لە درێژەی کاری «حوزنی«دا دەزگای زاری کرمانجی خولی فێرکاری لە بواری مێدیای نوێی بیسەری بکاتەوە.
5. بەپێی هزری «حوزنی«، هەوڵ بدەین سنووری فەرهەنگی لە نێوان پارچەکاندا دروست نەبێت کە ئەمەش زیاتر پەیوەندی بە سیاسەتی نەتەوەسازیی حکوومەتەوە هەیە.