کاروان محەمەد سینۆ
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند کە دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران بە باشی بەڕێوەدەچن، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە نەگەیشتن بە ڕێککەوتن بە واتای گەڕانەوەیە بۆ شەڕ بە شێوازێکی بەهێزتر لە جاران. هاوکات داوای لە چەند وڵاتێک کرد کە دوای کۆتاییهاتنی دۆسیەی ئێران، ڕێککەوتننامەی ئاشتیی “ئیبراهیم” ئیمزا بکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 25ی نیسانی 2025؛ دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا لە ڕێگەی هەژماری خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ترووس سۆشیاڵ” نووسیویەتی:
“دانوستانەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بە باشی بەڕێوەدەچن! یان ڕێککەوتنێکی مەزن بۆ هەمووان دەبێت یان هیچ ڕێککەوتنێک نابێت، کە ئەمەش بە واتای گەڕانەوەیە بۆ بەرەکانی جەنگ و تەقەکردن، بەڵام بە شێوازێکی گەورەتر و بەهێزتر لە پێشوو، کە بێگومان کەس ئەمەی ناوێت!”
داواکارییەک بۆ سەرکردەکانی ناوچەکە
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە زنجیرە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی ڕۆژی شەممەی ڕابردووی کرد لەگەڵ هەریەکە لە: شازادە محەمەد بن سەلمان (سعوودیە)، شێخ محەمەد بن زايد (ئیمارات)، شێخ تەمیم بن حەمەد و سەرۆک وەزیران محەمەد بن عەبدولڕەحمان و عەلی ئەلسەوادی (قەتەر)، جەنەراڵ عاسم مونیر (پاکستان)، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان (تورکیا)، عەبدولفەتاح سیسی (میسر)، مەلیک عەبدوڵای دووەم (ئوردن) و مەلیک حەمەد بن عیسا (بەحرێن).
لە بارەی پەیوەندییە تەفۆنییەکانی؛ ترامپ ڕایگەیاند: “پێیانم ڕاگەیاندوون دوای هەموو ئەو هه‌وڵانەی ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی ئەم هاوکێشە ئاڵۆزە داویەتی (شەڕێ ئێران و قەیرانی ڕژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی)، پێویستە وەک کەمترین مەرج، هەموو ئەم دەوڵەتانە بە شێوەیەکی هاوكات ڕێککەوتنی ئیبراهیم ئیمزا بکەن.”

ڕێککەوتنەکانی (ئیبراهیم) چیین؟
ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم بریتییە لە زنجیرەیەک پەیماننامەی ئاشتی و ئاساییەکردنەوەی پەیوەندییەکان کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا بە چاودێری و سەرپەرشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئیمزا کران. ئەم ڕێککەوتنانە لە سەرەتادا لە نێوان ئیسرائیل و هەریەکە لە دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو و شانشینی بەحرێندا بەڕێوەچوون، پاشانیش وڵاتانی سوودان و مەغریب چوونە پاڵ پڕۆسەکە.
ناونانی ئەم ڕێککەوتنە بە ناوی حەزرەتی ئیبراهیم (سەلامی خوای لێبێت) وەک “باوکی پێغەمبەران” هاتووە، کە خاڵێکی هاوبەشە لە نێوان هەر سێ ئایینە ئاسمانییەکەدا (ئیسلام و مەسیحییەت و جولەکە) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش بە ئامانجی بەهێزکردنی ئاشتی، پێکەوەژیان و هاوکاریی هەرێمایەتی لە دەڤەرەکەدا.

گرنگیی ئابووری و سەقامگیریی ڕێککەوتنەکە
ترامپ باسی لەوە کرد کە وڵاتانی ئیمارات و بەحرێن پێشتر ئەندامن لەو ڕێککەوتنەدا، و دەکرێت یەک یان دوو دەوڵەت هۆکاری تایبەتیان هەبێت بۆ نەچوونە ناو ڕێککەوتنەکەوە کە ئەوەش قبووڵکراوە، بەڵام پێویستە زۆرینەیان ئامادە بن بۆ سازان لەگەڵ ئێران تاوەکو ڕووداوێکی مێژوویی گەورەتر تۆمار بکرێت.
سەبارەت بە گرنگیی ڕێککەوتنەکە، ترامپ گوتی: “ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم بۆ وڵاتانی بەشداربوو (ئیمارات، بەحرێن، مەغریب، سوودان و کازاخستان) بازدانێکی دارایی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی گەورە بوو، تەنانەت لەم قۆناغی شەڕ و ململانێیەی ئێستاشدا، هیچ کام لەو وڵاتانە ئاماژەیان بە کشانەوە یان ڕاگرتنی کاتیی ڕێککەوتنەکە نەکردووە.” گوتیشی: “ئەمە بۆ یەکەمجار لە ماوەی ٥٠٠٠ ساڵدا، هێزێکی ڕاستەقینە (واتا ئەمەریکا) ئاشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهێنێت.”
بانگهێشتکردنی ئێران بۆ هاوپەیمانێتییەکە
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە دەبێت ئەم پرۆسەیە بە ئیمزاکردنی دەستبەجێی سعوودیە و قەتەر دەستپێبکات و پاشان وڵاتانی دیکە بێنە پێشەوە. هۆشداریشی دا کە هەر وڵاتێک ڕەتی بکاتەوە، نابێت ببێتە بەشێک لەم ڕێککەوتنە چونکە ئەوە نیشانەی “نیازپاکی نەکردنە”.
لە کۆتاییدا ترامپ ئاشکرای کرد کە لە کاتی قسەکردنی لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەکە، ئەوان شانازی بەوە دەکەن کە دوای ئیمزاکردنی بەڵگەنامەکە، کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بچێتە پاڵ ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم و گوتی: “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە ناوچەیەکی یەکگرتوو، بەهێز و خاوەن توانایەکی ئابووریی بێهاوتا لە جیهاندا، بۆیە داوام لە نوێنەرەکانم کردووە دەستبەجێ پرۆسەی جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە مێژووییە دەستپێبکەن.”