ئەمڕۆ شەممە 5/23، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەغدا لهگهڵ هەیبەت ئەلحەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆ بووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە ڕۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران وەک دامەزراوەیەکی گرنگیی یاسادانان بۆ خزمەتکردنی گشت پێکهاتەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان کرا.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور. لەم ڕووەوە جەخت لە گرنگی ئامادەکردن و پەسەندکردنی ژمارەیەک پڕۆژە یاسای نیشتمانیی کرایەوە کە مافەکانی گشت پێکهاتەکان بپارێزێت لە سەر بنەمای ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان .