ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی 5ی 2026، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە میرۆسلاڤ ڤاچۆڤسکی باڵوێزی نوێی پاپای ڤاتیکان لە عێراق کرد.
سەرۆکی حکوومەت، وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی دەستبەکاربوونی، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و هەموو پشتیوانییەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی دووپات کردەوە.
باڵوێزی پاپای ڤاتیکان، بە ناوی قەداسەتی پاپاوە، سوپاس و پێزانینی بۆ سەرۆکی حکوومەت دەربڕی بۆ پشتیوانیکردن و پاراستنی مافەکانی کریستیان و گشت پێکهاتەکان و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە لە هەرێمی کوردستان.
باڵوێزی ڤاتیکان ئاماژەشی بەوە دا کە کوردستان لە دڵی قەداسەتی پاپادایە و نزای پێشکەوتن و خێر و ئاشتی بۆ دەکات.
چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حكومەتی فیدراڵ، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.