وەزارەتی تەندروستی کوردستان لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی هانتا، دڵنیایی بە هاووڵاتیان دەدات و دەڵێت، بەوردی چاودێری دۆخەکە دەکەین و تا ئێستا هیچ گومانلێکراوێک یان حاڵەتێک یان بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بوونی نییە لە هەرێمی کوردستان.

  ڤایرۆسی هانتا Hantavirus نەخۆشیەکی ڤایرۆسی گواستراوەیە لەڕێگەی قرتێنەرە تووشبووەکان بە بەرکەوتن لەگەڵیاندا یان لەگەڵ دەرهاویشتەکانیان دەگوازرێتەوە. هەوکردن ڕوودەدات بە هەڵمژینی تۆزی پیسبوو بە دەرهاویشتەکانی قرتێنەری تووشبوو بەتایبەتی لەکاتی پاککردنەوەی شوێنە داخراوەکان یان هەواگۆڕکێی خراپ.

  لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەماوەی هەفتەی ڕابردووەوە زۆر بەوردی چاودێری دۆخەکە دەکات بەهەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی WHO بەدواداچوونی ئەم حالەتەی کردووە.

خۆشبەختانە تا ئێستا هیچ گومانلێکراوێک یان حاڵەتێک یان بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بوونی نییە لە هەرێمی کوردستان.