لەسەر ئاستی باڵا، هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بۆ پاراستنی ژینگە و ڕێگریكردن لە زێدەڕۆییەكانی سەر سامانە سروشتییەكان كۆبوونەوە و لەمبارەیەوە، وەزیری ناوخۆ دەڵێ: “مەسرور بارزانی بایەخ بە  پێویستی بەرزکردنەوەی هۆشیاریی ژینگەپارێزی و خۆشەویستیی سروشت و پاراستنی سامانی کوردستان لە رووی ئاو و هەواو خاک و شوێنە گەشتیارییەکان.” 

ئەمڕۆ دووشەممە 11ـی 5ـی 2026، وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، كە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ پێشوازیی لە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و شاندێكی یاوەری كرد.

شاندی باڵای وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی كشتوكاڵ كۆ بوونەتەوە و ئامانجی كۆبوونەوەكەش باسكردن بووە لە هەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بۆ توندوتۆڵکردنی ڕێکارەکانی پاراستنی ژینگە و سروشتی کوردستان و ڕێگریکردن و لابردنی هەر جۆرە سەرپێچی و زێدەڕۆییەک کە بکرێتە سەر دارستان، سەرچاوەکانی ئاوی سەر زەوی و ئاوی ژێر زەوی، زەوییە کشتوکاڵییەکان و پاوەن و بەنداو و پۆند و دەریاچەکان.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەشدا، وەزیری ناوخۆ خۆشحاڵیی خۆی بەو سەردانە پیشاندا و باسی لە بایەخپێدانی مەسرور بارزانی کرد بۆ پێویستی بەرزکردنەوەی هۆشیاری ژینگەپارێزی و خۆشەویستیی سروشت و پاراستنی سامانی دەوڵەمەندی کوردستان لە رووی ئاو و هەواو خاک و شوێنە گەشتیارییەکان.

دواتر، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و تیمی وەزارەتەکەی، بە وردی داتاکانی تایبەت بە زەوی و سەرچاوەکانی ئاوی کوردستانیان بۆ کۆبوونەوە خستە ڕوو، سەرنج و پێشنیازەکانیان بۆ باشتر بەڕێوەچوونی هەماهەنگیی نێوان دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد کە دەبنە هۆی باشتر پاراستنی ژینگە و سروشت و سەرچاوەکانی ئاو و هەوای پاک و دارستانەکان و ڕێگری لە زێدەڕۆکاران.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا، وەزیری ناوخۆ فەرمانی کرد کە ئەو خاڵانەی کۆبوونەوە لەسەری ڕێكکەوتن، بکرێنە گشتاندن و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و دامەزراوەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ رابسپێردرێن بۆ جێبەجێ کردنیان.

وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێ: “کۆبوونەوە بڕیاری دا لەپێناو ڕێگری لە ئەگەرەکانی ئاگرکەوتنەوە لە وەرزی دروێنە و دوای دروێنە، بە هەموو شێوەیەک قەدەغە بکرێت کە جووتیار، دوای دروێنە، قەسەڵ و کڵۆش و پەرێزی زەوییەکانیان بسوتێنن. ئەمەش لەبەر خراپی کاریگەرییەکانی لەسەر زەوی و زیندەوەران و مەترسیی پەرەسەندانی ئاگر و زیانگەیاندن بە بەرژەوەندیی خەڵک و دارستان و پاوان.”

ئەوەش دەخاتە ڕوو، كە “بڕیاردرا بە زیادکردنی نوێنەرانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە لیژنەی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.”

جێی باسە، باشترکردنی هەماهەنگیی نێوان پۆلیسی دارستان و ژینگە لەگەڵ فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوە بوو، كە بڕیاردرا “هەموو لایەنەکان وەکوو یەک تیم پێکەوە کار بکەن و میکانیزمی هاوبەش بۆ پاراستنی سامانی سروشتی کوردستان چالاکتر بکەن.”