سەرۆکی ئەمریکا، بە توندی وەڵامە چەند لاپەڕەییەکەی ئێرانی ڕەت کردەوە کە لە ڕێگەی پاکستانەوە بۆ واشنتۆن نێردرابوو و لە پەیامێکی کورتدا لە سەکۆی “تروس سۆشیال” ڕایگەیاند” وەڵامی نوێنەرانی ئێران بە هیچ شێوەیەک جێگەی ڕەزامەندی نییە و بە تەواوی قبووڵنەکراوە.”

ئەمەش ئاماژەیە بۆ مانەوەی “بۆشاییە گەورەکان” لە نێوان هەردوو وڵاتدا سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی و کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی ناوچەکە.

ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ” لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاشکرای کردووە، ئێران سێ خاڵی سەرەکیی پێشنیازەکەی ئەمریکای ڕەت کردووەتەوە و ئامادە نییە بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت و داواکاری تێکدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانیشی بە توندی ڕەت کردووەتەوە.

هەروەها تاران پێشنیازی کردووە کە تەنیا بەشێک لە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی تایبەتمەندییەکەی دابەزێنێت و بەشەکەی دیکەی بنێرێت بۆ وڵاتێکی سێیەم نەک ئەمریکا و داوای گەرەنتیش دەکات کە لە کاتی شکستی دانوستانەکاندا یۆرانیۆمەکەی بۆ بگەڕێتەوە.