خەبات: رەنجبەر بەرزنجی:- ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو ڕێژەی بارانبارین لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان ڕووی لە زیادبوون کردووە، بە شێوەیەک لە سنووری سەرجەم قەزا و ناحیەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رێژەی بارانبارین تا ئێستا زۆرباش بووە، لەمبارەیەوە (کامەران حوسێن) بەڕێوەبەری گشتی کشتووکاڵی سۆران بەمشێوەیە وەڵامی چەند پرسیارێکی خەباتی دایەوە.

رێژەی بارانبارین
سەرەتا (کامەران حوسێن) بەرێوەبەری گشتی کشتوکاڵی سۆران سەبارەت بە ڕێژەی بارانبارین لەمساڵدا رایگەیاند، وەک بەرێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی سۆران ڕۆژانە رێژەی بارینی بەفر و باران لە سەرجەم قەزا و ناحیەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بڵاودەکەینەوە، واتە بە پێی ئامارەکان رێژەی بارانبارین لەمساڵدا زۆرباش بووە، ئەمە لە کاتێکدا کۆی گشتی رێژەی بارانبارین لە ساڵی رابردوو لە سەرجەم قەزا و ناحییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زۆر كەمتر بووە، بە گشتیش لە سنووری ئیدارەی سەبەخۆی سۆران، ساڵانە رێژەی بارانبارین لە سنووری قەزای مێرگەسوور بە بەراورد لەگەڵ هەموو قەزاکانی دیکە زیاترە.

بەرزبوونەوەی رێژەی بارانبارین
لای خۆیەوە بەرێوەبەری گشتی کشتوکاڵی سۆران لە بارەی بەرزبوونەوەی رێژەی بارانبارین لەمساڵدا گوتی: ئاشکرایە بابەتی گۆڕانی کەشوهەوا بابەتیکی نێودەوڵەتییە و وای لێهاتووە کە ئێستا ناوەندە کەشناسییە جیهانییەکان نەتوانن وەک پێویست و هاوشێوەی ساڵانی رابردوو پێشبینی بارینی بەفر و بارانبارین بکەن، ئەمەش بە هۆی ئەو گۆڕانە کەشوهەوایەی لە سەرتاسەری جیهان هاتووەتە ئاراوە، کە هۆکارەکانی زۆرن وەک دەردانی زۆری گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و کەمبوونەوەی چینی گازی ئۆزۆن لە بەرگە هەوای زەوی، ئەمانە و کۆمەڵێک هۆکاری دیکە بوونەتە هۆی گۆڕانی کەشوهەوا لە هەموو جیهان و هەرێمی کوردستان و عێراق و تەنانەت ناوچەکەش.

تەرزە و زیانەکانی
لە میانەی پرسیارێک لە بارەی بارینی تەرزە و زیانی بە بەرهەمە کشتووکاڵییەکانی جووتیارانی دەڤەرەکەش، بەرێوەبەری گشتی کشتووکاڵی سۆران گوتی: لە راستیدا زیانی بارینی تەرزە بە بەرهەمە کشتووکاڵییەکان لە ئەمساڵدا بە بەراورد بە ساڵی ڕابروو کەمترە، لە هەندێ ناوچە وەک قەزای چۆمان و سیدەکان لە ساڵی رابردوو لە هەندێ حاڵەت، لەسەدا پەنجای بەرهەمی باخی جووتیاران لەناوچووبوو،بەڵام خۆشبەختانە ئەمساڵ زیانەکان کەمترن، سەبارەت بە پێشبینییەکانیشمان بۆ بارانبارین لە ڕۆژانی داهاتوو، لە ڕاستیدا لە بەرێوەبەرایەتی گشتی کشتوكاڵی سۆران سەنتەری پێشبینی کەشوهەوا بوونی نییە و تەنیا دەتوانین ئاماژە بە رێژەی بارانبارین و بەفر بکەین لە ماوەی (٢٤) کاتژمێردا، سەبارەت بە نزمبونەوەی پلەکانی گەرماش لە هاوینی ئەمساڵدا دەمەوێ ئاماژە بەوە بکەم کە بێگومان بارینی ئەم رێژە بارانە کاریگەری لەسەر نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما لە هاوینی ئەمساڵدا دەبێت چونکە بارینی باران تا ئێستاش بەردەوامە و کاریگەری لەسەر کەشوهەوای سنوورەکە هەر لە، روانینی گژ و گیایەکی زۆر لە دەشت و چیاکان و فێنکی کەشوهەوا هەبووە.