كیفاح مەحمود
میلیشیا لە زۆر وڵاتدا، چیتر تەنها پێكهاتەیەكی چەكداریی نییە، كە لە ساتەوەختێكی پشێویی تەناهیدا سەری هەڵدابێت، بەڵكو بە تێپەڕبوونی كات، بووەتە بنەمایەكی پتوونی هەژموون: چەك، پارە، بیروباوەڕ، تۆڕەكانی بەرژەوەندی و توانای دزەكردنە ناو دامەزراوەكانی دەوڵەت یان دەستەمۆكردنیان. لێرەوەیە كێشەكە تەنها وەكوو ڕەهەندێكی تەناهی دەرناكەوێت، بەڵكوو لە یەك كاتدا سیاسیی، ئابووری و سەروەرییشە؛ چونكە كاتێك چەك بەپارەداری، پەردەی بیروباوەڕ و ئەركی هەرێمیدا گرێ دەدرێت، بۆ پڕۆژەیەكی دەسەڵاتداریەتی هاوتەریب دەگۆڕێت، نەك هێزێك بۆ كاتی تەنگانە، كە بە نەمانی پاساوەكانی، ئەویش نامینێت.
ئەم پێكهاتانە سوودیان لە ساڵانی پشێوی، داڕمانی متمانەی نێوان هاووڵاتی و دەوڵەت و ئیفلیجی درێژخایەن وەرگرت، كە نەیتوانی ئابوورییەكی بەرهەمهێن، بۆ لەئامێزگرتنی گەنجان بنیات بنێت، كاتێك پیشەسازی پاشەكشە دەكات، كشتوكاڵ فەرامۆش دەكرێت و ئاسۆی كاركردنی ڕاستەقینەش تەسك دەبێتەوە، هەڵگرتنی چەك لای هەندێك چین، دەبێتە پیشەیەكی جێگرەوە، كە مووچە، ناسنامە و هەستی هێزیان پێ دەبەخشێت. بەم شێوەیە، چوونە ناو میلیشیاكان، تەنها دەربڕینی قنیاتێكی بیروباوەڕیی نابێت، بەڵكو لەبەر پێویستییەكی كۆمەڵایەتییەوە دەبێت؛ پێویستییەك كە دەوڵەتێكی بەكاربەری لاواز دروستی كردووە و ژینگەیەكی سیاسییش قووڵی كردووەتەوە، ئەوەی لە هەڵمەتی مەزهەبی و دروشمە گەورەكاندا، ئامرازێكی ئاسانتری لە بنیاتنانی دامەزراوەی نوێ، دەرفەتەكانی بەرهەمهێنان و سەقامگیریدا بینیوە.
بەڵام مەترسیدارتر ئەوەیە، سەمیانانی ئەم دیاردەیە لە عێراق، لوبنان و یەمەندا، وەك پێكهاتەی شەڕكەری كاتیی، مامەڵەیان لەگەڵدا نەكردوون، بەڵكوو وەكوو ناوكێك بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێكی قووڵی هاوتەریب، مامەڵەیان لەگەڵدا كردوون؛ دەوڵەتێك كە دەست بەسەر دەروازەكاندا دەگرێت، كاریگەریی لەسەر بڕیارەكاندا دەبێت، دزە دەكاتە ناو كایەكانی كارگێڕی و لۆژیكی خۆی بەسەر سیاسەت و ئابووریدا دەسەپێنێت، كەچی لە ڕواڵەتدا دەوڵەتێكی فەرمیی لاواز لە حكوومەت، پەرلەمان و دادگە جێدەهێڵێت، كاتێكیش دامەزراوەكان تەنها وەكوو شێوە دەبن، بەكردەنیش لەژێر گوشاری چەك، خۆبەندی و تۆڕەكانی داراییەوە بەڕێوە دەبرێن، قەیرانەكە چیتر ناسەقامگیریی تەناهی نابێت، بەڵكوو دەبێتە قەیرانی دەوڵەتێكی دزەپێكراوە لە ناوخۆدا.
لێرەوە دەتوانین لە خولیای زۆركردنی گرووپەكان، فراوانكردنی نووسینگە ئابوورییەكانیان، پەلهاویشتنیان لە دەروازە، مەرز، بازرگانی و گرێبەستەكانیان بگەین، ئەو میلیشیایەی ڕەوایەتی چەك، پاشان پەردەی بودجە و دواتریش پشكی لە ئابووریی هاوتەریبدا دەبێت، چیتر خەمی گەڕانەوەی دەوڵەتێكی خاوەن دەسەڵاتی تەواوی نابێت؛ چونكە تەواوبوونی دەوڵەت، واتە بچووكبوونەوەی بوارە بژوێنەكەی ئەو، هەربۆیە سەرانە، خاوە وەرگرتن و قاچاخچێتی گەشەی كردووە و چەكیش لە پاساوی پاراستنەوە، بۆ ئامرازی هەژموون گۆڕاوە، كەچی بێكاری و پەراوێزخستن بە جۆرێك بەرهەم هێنرایەوە، كە وای لە خودی میلیشیاكان كردووە، ببێتە پەناگەیەك بۆ زۆرێك لە بێكاران، بە مووچەی نابەرهەمهێن و گوژمەیەكی گەورەی نیشتمانیی.
سەبارەت بە دروشمە ڕاگەیەندراوەكان، وەك بەرگریكردن لە وڵات، یان پاراستنی بیروباوەڕ، یان بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر؛ زۆرێك لە واتاكانی خۆیان لەدەست داوە، دوای ئەوەی ئەو مەترسییەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەكارهێنرابوون، كۆتایی هات، بەڵام پێكهاتە چەكدارییەكە لەبری ئەوەی بچووك ببێتەوە، فراوانتر بووە، ئەو تیرۆرەی شەڕی لە دژیدا دەكرد، وەكوو هەڕەشەیەكی بوونگەرایی لە دوای ڕاگەیاندنی سەركەوتن لە كۆتایی ساڵی 2017ـەوە، پاشەكشەی كرد، بەڵام لۆژیكی جۆشدانی جەماوەر، پاشەكشەی نەكردووە، بەڵكوو بۆ ڕەوایەتیدان بە مانەوەی چەك لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت، پاشان بۆ فراوانكردنی ڕۆڵی لەناوخۆ و گۆڕینی بۆ كارتێكی گوشار، بۆ سەر بڕیاری نیشتمانی و ئامرازێك بۆ دەستوەردان لەو ڕۆژەڤانەی كە هیچ پەیوەندییان بە بەرگریكردن لە كۆمەڵ و پاراستنی سەروەرییەوە نییە، بەگەڕ خرایەوە.
لەو چوارچێوەیەدا، مەترسیدارترین ڕۆڵ دەركەوت: هەندێك لەم هێزانە تەنها بە پەكخستنی دەوڵەت لە ناوەوە نەوەستان، بەڵكو ڕۆڵی باڵی ئێرانیان لە ململانێی تاران لەگەڵ ئەمەریكادا، وازی كرد. لێرەوە، عێراق چیتر وەك گۆڕەپانێك بۆ پاراستنی خۆی نەماوە، بەڵكوو بووەتە سەكۆیەك بۆ ئاڵوگۆڕی نامەكان، گوشار و یەكلاكردنەوەی كیستەكان. هەر كاتێك ململانێی نێوان تاران و واشنتۆن توند دەبێت، ئەم باڵانە بەپێی ڕیتمی ململانێ هەرێمییەوە دەجووڵێنەوە، نەك بەپێی بەرژەوەندیی عێراق؛ بۆیە سەروەریی وڵات تووشی هەژان هات و عێراقیش چەندان جار، بەرەو لێواری جەنگێك براوە، كە هیچ سوودێكی بۆ ئەو نییە، مانای سیاسیی ئەمەش ئەوەیە، چەك چیتر بە بڕیاری دەوڵەتەوە گرێ نەدراوە، بەڵكوو بە بڕیارێكەوە كە لە دەوڵەت تێدەپەڕێنێت، خاك، دامەزراوە و سەرچاوەكانی بەكاردەهێنێت، وەكوو ئەوەی لە هێرشە دوژمنكارییەكان بۆ سەر سعودیە و دەوڵەتانی تری كەنداو ڕوویدا.
هەرێمی كوردستانیش لەم ئاراستەیە دوور نەبوو، بەڵكوو لە زۆر كاتدا، یەكێك لە ئامانجە دیارەكانی بووە، هێرشەكان بە هاژەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ سەر ماڵی هاووڵاتییان، هۆتێلەكان، چاڵەكانی نەوت و غاز، پاڵاوگەكان و هێزی پێشمەرگە، كە لە 700 فڕۆكەی خۆكوژ و هاژەك تێپەڕی، تەنها كاری دوژمنكارانەی پەرتوبڵاو نەبوون، بەڵكوو نامەی پەیامدار بوون؛ چونكە هەرێم سەرەڕای قەیرانەكانی، هێشتا وەكوو نموونەیەكی سەقامگیرتر، كراوەتر و شیاوتر بۆ ژیان دەردەكەوێت. لێرەوە، بەئامانجگرتنی هەرێم وەك بەشێك لە هەوڵێك بۆ سزادانی هەر ئەزموونێك دەردەكەوێت، كە لە ڕێگەی كردارەوە نەك دروشم، قەبارەی ئەو شكستە دەردەخات، كە هێزە چەكدارەكان لە ناوچەكانی تری وڵاتدا، چەسپاندوویانە.
ئەوەی دیمەنەكە ئاڵۆزتر دەكات ئەوەیە، ئەم پێكهاتەیە تەنها بە پەلهاوێشتنی تەناهی نەوەستاوە، بەڵكوو چووەتە ناو سیاسەتیشەوە؛ بە جۆرێك دەتوانێت كارەكانی پێكهێنانی حكوومەت پەك بخات، یان كاریگەریی بەسەر دەوڵەت، پاراستنی تۆڕەكانی لە ناو كارگێڕی و ئابووری و سەپاندنی كەشی گشتیدا هەبێت، كە وا دەكات، لێپرسینەوەی ببێتە كارێكی زۆر بە گوژمە.
پوختەی قسەكان ئەوەیە، میلیشیاكان تەنها لە بۆشاییدا گەشە ناكەن، بەڵكوو لە دەوڵەتی لاواز، لە ئابووری ئیفلیج، لە گوتاری جۆشدانی جەماوەر و لە پەیوەندییە دەرەكییەكاندا گەشە دەكەن، بۆیە، جەنگەكە تەنها دژی زێدەچەكی نییە، بەڵكو دژی ئەو سیستەمەیە كە چەكی كردووەتە ئابووری، ئابووریشی كردووەتە خۆبەندی دەرەكیی، خۆبەندیشی كردووەتە جێگرەوەی دەوڵەت. كەواتە دەبێت چەك تەنها لە دەستی دامەزراوە ڕەواكاندا بێت؛ چونكە ئەو وێرانكارییەی ڕوویدا، تەنها بەهۆی هەبوونی میلیشیاكانەوە نەبوو، بەڵكو بەهۆی سەركەوتنیان لە قنیات پێكردنی زۆر كەس بوو، بەوەی چارەنووسە و ناكرێت تێپەڕێنرێت، كەچی ڕاستییەكەی، خۆیان یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی داڕمانی بوون.
و: رهمزی میرهكانی