لوقمان سه‌عید، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر

خەبات: ڕۆشنا عەلی:- لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ ڕۆژنامەی خەبات، بەڕێز لوقمان سەعید سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر، تیشکی خستە سەر چەندین بابەتی گرنگی پەیوەست بە کەرتی پەروەردە، لەوانە کێشەی وێنەگرانی باخچەو قوتابخانەکان، ئەزموونی خوێندنی ئۆنلاین، پرسی مامۆستایانی وانەبێژ و میلاک، لەگەڵ پڕۆژە نوێیەکانی وەک ژووری سەرچاوە بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و گرنگیدان بە ژینگەو چەندین پرسی پەیوەست بە كۆتایی ساڵی خوێندن و ئامادەكاری بۆ تاقیكردنەوەكان:

سەرەتا دەربارەی ئەو کێشەیەی کە لە نێوان یەكێتی وێنەگران و ناوەندەکانی خوێندندا دروست ببووبە تایبەتی باخچەكانی منداڵان، کە هەندێک لایەنی وەك وێنەگران بە قۆرخکاری ناویان دەبرد،لوقمان سەعید بۆ خەبات گوتی : ئێمە کۆبوونەوەمان ئەنجام داوە و نووسراوی فەرمیمان دەرکردووە. بڕیارە دەرفەت بە هەموو وێنەگرێک بدرێت بەپێی لیستێک بەشداری بکەن و قوتابخانە و باخچەکانیان پێبسپێردرێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کەلەسەر فەرمانی وەزارەتی پەروەردە لیژنەیەکی تایبەت بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنراوەو بڕیاری پێویستی بۆ دراوە،بەڵام ئەم بابەتە كاتی زیاتری دەوێت، چونکە وێنەگرتنی منداڵان و قوتابییان بەرپرسیارێتییە و ناکرێت بە هەموو کەسێک بسپێردرێت. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە یەکێک لە مەرجەکان ئەوەیە وێنەکان بە کەمترین نرخ بۆ قوتابییان بگیرێن.

دەربارەی ئەزموونی خوێندنی ئۆنلاین کە ئایا تاچەند ڕازیبوون لەو شێوازەى مامۆستایان لە قوتابخانە حکوومییەکان پەیڕەویانکرد؟ دەکرێت پشتى پىببەسترێت لە کاتى ناچارى و لە ئەگەرى دووبارە بوونەوەى حاڵەتى نەخوازراو؟ لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر گوتی: ناتوانین بڵێین لەسەدا سەد زۆر باش بوو، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە قوتابخانەکان و مامۆستایان پابەند بوون. بێگومان ئەوەى کردیان هەولێک بوو جێگاى دڵخۆشییە زیاتر لەوەى نیگەرانى بێت ڕاستە بە گشتى خوێندنى ئۆنلاین نەکرا ،بەڵام هەوڵ و ئەزموونى جوانیشمان بینی ئەو ماوەیەش کەمبوو ڕەنگە هەر بەشى ئەوەندەى کردبێ هەندێکیان لە ڕێگەی گرووپی ڤایبەر و وەتسئەپ، هەندێکی تریش هاوشێوەی قوتابخانە ناحکوومییەکان پڕۆگرامی زووم و پۆلی ئۆنلاینیان بەکارهێنا.

مامۆستا لوقمان سەعید ستایشی هەوڵ و دڵسۆزیی مامۆستایانی کرد کە نەیانهێشت قوتابییان لە خوێندن داببڕێن. هەروەها باسی لە ڕۆڵی تەلەفزیۆنی پەروەردەیی کرد کە ڕۆژانە بەپێی خشتەیەك وانەکانی بۆ هەموو قۆناغەکان پەخش دەکرد.

*سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەو وانانەی بە ئۆنلاین خوێنراون ڕاستەوخۆ دەچنە نێو تاقیکردنەوەکان، ڕوونیکردەوە:مامۆستایان ئاستی قوتابییەکانیان دەزانن و ئەگەر پێویست بکات، بێگومان وانەکان دووبارە دەکەنەوە. هیچ ڕێنماییەك لای ئێمە بۆ ئەو مەبەستە نییە وانەی ئۆنلاین ڕاستەوخۆ تاقیکردنەوەی تێدا بکرێت، چونکە خوێندنی ناوپۆل هەمیشە گرنگترە و مامۆستایان و قوتابخانەکان لەم ڕووەوە سەرپشکن.

لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی گەڕاندنەوەی مامۆستایانی وانەبێژ كە تائێستا چەند مامۆستا گەڕێنراونەتەوە، بەڕێزمامۆستا لوقمان گوتی :ژمارەی ئەوانەی گەڕێنراونەتەوە زۆر کەمن، چونکە تەنیا پڕۆسەی لەجێدانان کراوە. واتە ئەگەر مامۆستایەکی گرێبەست وازی هێنابێت، یەکێکی تر وەک بەدیل لە شوێنی دانراوە. بەبێ بەدیل هیچ کەس نەگەڕاوەتەوە.

سەبارەت بە کێشەی کەمیی میلاکی مامۆستایانیش دانی بەوەدا نا کە کێشەکە بوونی هەیە، بەڵام گوتی: “لەسەرەتای ساڵی خوێندنەوە بە بڕیارێک ڕێکخستنەوەی تەواوی میلاکمان کرد و زۆر مامۆستای زیادەمان گواستەوە بۆ ئەو شوێنانەی پێویستییان پێیان بوو. بەمەش تا ڕادەیەکی زۆر کێشەکە چارەسەر کراوە و ئەو قسەیە ڕاست نییە کە گوایە وانە هەیە هێشتا نەخوێنراوە.

لەبارەی ئەوەشی بۆچی دووساڵە هەڵسەنگاندنی مامۆستایان ڕادەگیرێت لە كاتێكدا مامۆستایان بەردەوام لەوانەی ڕاهێنەراندا ئامادەبوون ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی كە بێ متمانەیی لای مامۆستا دروست بێت و ئیتر بابەتی ڕاهێنەر بە هەند وەرنە گیرێت؟هەڵسەنگاندنی مامۆستایان پڕۆسەیەكی دوو درێژە بە هۆی دۆخی خوێندن و شەڕ ڕاگیراوە ،بەڵام دواجار مامۆستا هەڵسەنگاندنی بەڕێوەبەری هەر هەیەو بە پێی پڕۆژەی بنیادنانی تواناكان هەڵدەسەنگێنرێت ڕاهێنەرەكانیش لەو قوتابخانانەی هەن و سەردانییان كردوون ئاستی مامۆستایان لایە بۆیە هەلپەساردنی بۆ ئەمساڵ كاتییە.

ئەوەی ئەمساڵ تێبینی كرا وەزارەتی پەروەردە و لە سنوری بەریوەبەرایەتییەكەی ئێوەش گرنگییەكی زۆر بەبابەتی ژینگە درا چالاكی زۆربەڕیوەدەبڕێن هۆكار چییە ئەم گرنگییە بۆ ئەمساڵ؟ بەڕێوەبەری گشتی لەمبارەیەوە گوتی: بەڵی ئێمە چەند جارێك هەڵمەتی ژینگەییمان بەڕێوە بردووە و ئێستاش پڕۆژەی هۆشیاری و کرداری ژینگەیی بەردەوامە كە پڕۆژەیەکی بەڕێوەبەرایەتییەكەمانە و خۆمان سەرپەرشتی دەكەین و ئامانج لێی گۆڕینی ناوەندەکانی خوێندنە بۆ ژینگەیەکی تەندروست و گونجاو. بێگومان ژینگە پڕۆسەیەكی درێژخایەنە و پێویستی بەوەیە بەردەوام كاری بۆ بكرێت. ئێمە هەمیشە دڵنیایی لەسەر پاك و خاوێنی قوتابخانەكان دەكەینەوە كە دەبێت ژینگەكەی بۆ قوتابی گونجاو بێت هەڵمەتەكە بەردەوامە بۆ پەرەپێدانی کلتووری ژینگە دۆستی بەتایبەت پاکراگرتنی ناوەندەکانی خوێندن،ئێمە نامانەوێ گرنگیدان بە ژینگە لە چوارچێوەی دروشمدا بهێڵینەوە.

پیگەیاندنی نەوەیەكی هۆشیاركە بڕوای بە ژینگەو ژیان هەبیت بە بڕوای ئێمە بەرپرسیارێتییە پێشمان وایە ناوەندەكانی خوێندن بزوێنەری سەرەكین بۆ بڵاوكردنەوەی كلتوری ژینگە دۆستی كاتیك منداڵەكانمان فێری نەمام چاندن و پاك و خاوێنی دەبن لە راستیدا ئەوان فێری نیشتمان پەروەری دەبن.وەك بەڕیوەبەرێكیش هەمیشە دەستخۆشی لەو ڕێكخراو لایەنانە دەكەم كە هاوكارن بۆ پڕۆژەی ژینگە دۆستی لە قوتابخانەكاندا كە بە پڕۆژەكانییان بوونەتە پاڵپشت.

پڕۆسەی كردنەوەی ژووری سەرچاوە بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت یەكێكە لەو پڕۆسانەی پەروەردەی ناوبراو چەند سالێكە سەرقاڵییەتی، كە بریتییە لە كردنەوەی پۆلێكی خوێندن لە بەشێك لە قوتابخانەكان بە پێی شوێنی جوگرافی هەولێر لەمبارەیەوە پرسیمان ئایا ئەم پرۆسەیە بە كوێ گەشتووە و ئەنجامی دڵخۆشكەری هەبووە تائێستا ؟ لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتی تایبەت بە خەبات گوتی: لە ڕاستیدا ئەو پڕۆسەیە هەر بەردەوامە لەچەندین قوتابخانەو باخچە ژووری سەرچاوەمان كردۆتەوەو تائێستا نزیكەی 95 مامۆستای دەرچووی بەشی پەروەردەی تایبەتمان بۆ دامەزراندوون ودەوام دەكەن لەو قوتابخانە و باخچانەی كە ژووریان هەیە منداڵی خاوەن پێداویستی وەردەگرن بەپێی ڕاپۆرتی پزیشكی و حاڵەتەكان بە خۆشحاڵییەوە ئەو منداڵانەش دۆخیان زۆر باشتر بووەو هەندێكییان گوازراونەتەوە بۆ قوتابخانەی ئاسایی و وەك منداڵی ئاسایی هیچ كێشەیەكییان نەماوە. گرنگی زۆرمان بەو بابەتە داوە بەتایبەتی كە ئێستا دەبینین بە داخەوە ژمارەی منداڵانی ئۆتیزم زۆرە.

دەربارەی گۆڕینی جل و بەرگی قوتابی بۆ ساڵی داهاتوو ئایا كێشە بۆ قوتابخانەكان دروستنابێت لە رووی ئەوەی هەردوكاندار یان بازرگانێك قوتابخانەیەك بۆخۆی قۆرغبكات؟ لەمبارەیەوە مامۆستا لوقمان گوتی :نەخێر بەبڕیار هەموو بەڕێوەبەرو كارگێڕییەكان ئاگادار كراونەتەوە كە كەس و كاری قوتابییان ناچار نەكەن لەو شوێنیكی دیاریكراو جل و بەرگ دابینبكەن،كەس و كاری قوتابی ئازادن لە هەر شوێنێ دابینیبكەن، دەرگا بەڕووی هەموو كەس كراوەیە بە پێی ئەو مەرجانەی وەزارەتی پەروەردە دیاریكردووە جل و بەرگ بەردەست بكات بۆتەنیا كەسێك نییە و تەندەریش نییە.

لوقمان سه‌عید به‌رێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر بۆ خه‌بات ده‌دوێ