وەزارەتی کارەبا ئاشکرای دەکات، بۆ مانگی سێ، ژمارەی هاوبەشانی سوودمەند لە پاڵپشتی 20% زیاتر لە 133 هەزار هاوبەش بووە و تێکڕای بڕی پارەی گەڕێندراو بۆ هاوبەشانی ماڵان، 24 هەزار دینار بووە.
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە: “بڕی داشکاندنی سێ ملیار و 200 ملیۆن دینارمان بۆ هاوبەشانی ماڵان لەسەر کارەبا بۆ مانگی سێ، لەچوارچێوەی داشکاندن بە بڕی 20% لەکاتی پارەدان لەڕێگەی (ئی-پسوولە) وەگەڕاندەوە.”
ئەو پارەیە بڕی ماوەی 20%ی داشکاندنی پێشکەشکراو بە هاوبەشی ماڵان دەکرا لە کاتی پارەدان لەڕێگەی سەکۆی ئی-پسوولە لە مانگی دوو.
ئاماژەی بەوە داوە، هاوبەشانی ماڵان کە بڕی داشکاندنەکەیان زیاترە لە پسوولەی مانگی سێ، بڕی ئەو داشکاندنەی بۆیان ماوە دەخرێتە سەر قەرزی پێش ڕووناکی.
ئاشکراشی کردووە ژمارەی هاوبەشانی سوودمەند لە پاڵپشتی 20٪ زیاتر لە 133 هەزار هاوبەش بووە و تێکڕای بڕی پارەی گەڕێندراوە بۆ هاوبەشانی ماڵان، 24 هەزار دینار بووە.
وەزارەتی کارەبا جەخت دەکاتەوە تاوەکو ئەمڕۆ، نزیکەی 5.5 ملیۆن هاووڵاتی کە زیاترە لە 85%ی هاووڵاتیانی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە لەڕێگای پڕۆژەی ڕووناکی.
بەپێی نرخە نوێیەکان، 80%ی هاووڵاتیان، بەتایبەتی کەمدەرامەتان، پارەیەکی کەمتر دەدەن بە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر دەیاندا بۆ کارەبای مۆلیدە و کارەبای نیشتمانی.
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند بە مەبەستی گەیاندنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026. لە ئایاریش، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی پڕۆژەکەی دەرکرد.
پرۆژەی ڕووناکی کارەبای کاتژمێری بۆ هەموو کوردستان دابین دەکات تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026. ئێستا زیاتر لە 85٪ی هاووڵاتیان کارەبای بەردەوامیان هەیە لە پڕۆژەی ڕووناکی.