سه‌لام عه‌بدوڵڵا
ئێمه له هه‌رێمی كوردستان ڕۆژانه به چاوی خۆمان ئه‌م بارودۆخه ئاڵۆزه‌ی ده‌ورووبه‌رمان ده‌بینین و كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر دانیشتووان له‌به‌رچاومانه، به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، ئه‌گه‌رچی هه‌رێمی كوردستان به‌شێكیش نییه له‌و شه‌ڕه‌ی ئێستا له ده‌ورووبه‌رمان ڕووده‌دات، به‌ڵام كاریگه‌ری ئه‌و شه‌ڕه ڕۆژانه پریشكی به‌ر هه‌رێم ده‌كه‌وێت، ته‌نانه‌ت كه له‌م كاته‌دا ئاگربه‌ستیش هه‌یه، به‌ڵام هێرشی درۆنه‌كان و هه‌ڕه‌شه‌كان ڕۆژانه هه‌ر به‌رده‌وامن و قوربانی لێده‌كه‌وێته‌وه.
به‌پێی دوائامار تا ئێستا (809) هێرش كراوه، كه (701)یان درۆن بوون و (108)یان مووشه‌ك بوو كه تێیدا زیانی گیانی (17) شه‌هید و زیاتر له (100) هاووڵاتی و پێشمه‌رگه بریندار بوون، كه زۆربه‌ی ئه‌م هێرشانه‌ش له‌لایه‌ن گرووپانی ناسراو به (مقاوه‌مه‌ی ئیسلامی له عێراق)، به دانپێدانانی خۆیان بووه، ئه‌مه له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی تره‌وه هه‌ڵبژاردنی تاكلایه‌نه‌ی سه‌رۆك كۆمار كه پشكی كورده و ده‌بوو هێزه كوردییه‌كان له‌نێو خۆیاندا كه‌سێك دیار بكه‌ن، كه‌چی ئه‌و كاره درایه ده‌ست ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه و ئه‌و مافه‌ی له كورد خۆی سه‌نده‌وه.
له‌لایه‌كی تره‌وه پۆستی پارێزگاری كه‌ركووك كه له‌لایه‌ن دانیشتووانی كه‌ركووكه‌وه به زۆرینه‌ی ده‌نگ هه‌ڵبژێردرابوو كه‌چی درا به لایه‌نێكی تر له‌سه‌ر حیسابی كورد كه كاردانه‌وه‌كانی بۆ سه‌ر ئه‌و شاره له‌مه‌ودوا ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو پێشهاته گرنگانه‌دا، میدیای نابه‌رپرسی گه‌له‌كه‌مانی به مه‌سه‌له‌ی چه‌ك كه نێردراوه بۆ ئۆپۆزسیۆنی ئێران سه‌رقاڵ كردووه، وه‌ك ئه‌و وڵاته زلهێزه‌ی كه خۆی چه‌كه‌كانی ناردووه، نه‌زانێت بۆ كێی ناردووه و بۆ چ مه‌به‌ستێكی ناردووه، كه هیچ گومان نییه ئه‌و وڵاته هێنده بێ ئاگا بێت كه ئه‌مڕۆ به‌هێزترین وڵاتی جیهانه و خاوه‌نی پێشكه‌وتووترین ته‌كنه‌لۆژیا و داموده‌ستگای ئه‌منییه نه‌زانێ و پێویستی به ڕمڵدانی ئێمه بێت.
له‌م ساته چاره‌نووسسازه‌دا، مه‌سه‌له‌ی زۆر گه‌وره‌تر له ئارادایه و نابێ گه‌له‌كه‌مان به‌لاڕێدا به‌رین و چه‌واشه‌ی بكه‌ین كه ئه‌ویش پاراستنی هه‌رێم و دامه‌زراندنی حكوومه‌ت و كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانه كه‌وا خه‌ریكه بۆ (18) مانگ ده‌چێت و به پاساوی بێ مانا هێشتا چاره‌نووسی دیار نییه، كه دوورنییه ئه‌نجامگه‌لی ترسناكی لێنه‌كه‌وێته‌وه.